کەمیی ڤیتامین دی ئەم پێنج گرفتەت بۆ دروستدەکات
ڤیتامین دی بە ڤیتامینی تیشکی خۆر ناسراوە و رۆڵی لە چەندین فرمانی گرنگی جەستەدا هەیە وەکو بەهێزهێشتنەوەی ئێسکەکان، تەندروستمانەوەی ماسولکەکان و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری.
هەر بەهۆی گرنگییەکەشی لە جەستەدا، ئەگەر ئاستی ڤیتامینەکە کەمبێت چەندین گرفتی گەورە دروست دەبن وەکو:
ئازار و لاوازبوونی ئێسکەکان: ڤیتامین دی یارمەتیی هەڵمژینی کالسیۆم و فۆسفۆر دەدات کە بۆ بەهێزبوونی ئێسکەکان گرنگن. کاتێک کەسێک کەمیی ئەم ڤیتامینەی هەیە، کالسیۆم و فۆسفۆر لە جەستەیدا بە باشی هەڵنامژرێن و کەسەکە تووشی نەرمبوون و لاوازبوونی ئێسکەکان دەبێت، ئەمەش ئازارێکی زۆری بۆ دروستدەکات.
ئازار و لاوازبوونی ماسولکەکان: ڤیتامین دی بۆ تەندروستمانەوەی ماسولکەکان گرنگە و کەمییەکەی دەبێتەهۆی لاوازبوون و ئازاری ماسولکەکان. لە کەسانی پێگەیشتوودا ئەم کەمییە دەبێتەهۆی لاوازبوونی ماسولکەکانی ران و گرفت بۆ رێکردنیان دروستدەکات و مەترسیی کەوتنیان زیاتر دەکات.
هەستکردن بە شەکەتی: یەکێک لە نیشانە باوەکانی کەمیی ڤیتامین دی بریتییەلە هەستکردن بە شەکەتی، تەنانەت ئەگەر کەسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ خەوتبێت یان پشوویدابێت. یەکێک لەو رۆڵە گرنگانەی ئەم ڤیتامینە لە جەستەدا هەیەتی، دروستکردنی وزەیە، هەربۆیە ئەو کەسانەی کەمیی ئەم ڤیتامینەیان هەیە وزەی کەمتریان هەیە و هەست بە هیلاکی و بێهێزی دەکەن.
لاوازبوونی سیستمی بەرگری: ڤیتامین دی بۆ بەهێزمانەوەی سیستمی بەرگریی جەستە گرنگە، یارمەتیی جەستە دەدات بە ئاسانی دژی ڤایرۆس و میکرۆبەکان بجەنگێت، کەمیی ڤیتامینەکە وادەکات کەسەکە ئاسانتر تووشی نەخۆشییە گوازراوەکان ببێت. لە چەندین توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی کەمیی ئەم ڤیتامینەیان هەیە، مەترسیی تووشبوونیان بە هەوکردنەکانی کۆئەندامی هەناسە زیاترە، هەروەها دەرکەوتووە کە ڤیتامین دی رۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی توندیی هەوکردنە ڤایرۆسییەکانی وەکو کۆڤید19.
خەمۆکی و گۆڕانی مەزاج: ڤیتامین دی کاریگەریی لەسەر تەندروستیی مێشک و رێکخستنەوەی مەزاج هەیە. لە چەند توێژینەوەیەکدا ئەوەش دەرکەوتووە کە کەمیی ئەم ڤیتامینە رۆڵی هەیە لە زیادکردنی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە مەزاجییەکانی وەکو خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، هاوکات ئەم کەسانە دووچاری گرفتەکانی خەویش دەبنەوە.
23/06/2025