پەرلەمانی ئێران پرۆژەیەک بۆ کشانەوە لە پەیماننامەى چەکى ئەتۆمى ئامادە دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەئێستادا پەرلەمانی وڵاتەکەی سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە بڕیارێکە بۆ کشانەوە لە پەیماننامەى رێگری لە بڵاوبوونەوەى چەکی ئەتۆمی کە لە ساڵی 1970ـوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێرانیش واژۆی کردووە.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەژێر رۆشنایی پەرەسەندنەکانی ئەمدواییەی جەنگ، بڕیاری پێویست دەدەن و پەرلەمانی وڵاتەکەیان سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە بڕیارێکە بۆ دەرچوون لە پەیماننامەى رێگرى لە بڵاوبوونەوەى چەکی ئەتۆمی.
گوتەبێژەکەی حکومەتی ئێران راشیگەیاند، لە قۆناغەکانی دواتری ئامادەکردنی پرۆژە بڕیارەکەدا هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان دەکەن و کاتێکیش بڕیارەکە دەرچوو، ئەوان وەک حکومەت جێبەجێیدەکەن.
پەیماننامەى رێگرى لە بڵاوبوونەوەى چەکی ئەتۆمی، لە ساڵی 1970ـوە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە واژۆکراوە و تیایدا مافی وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ پرۆژەی مەدەنییانە و ئاشتیخوازانە زامنکراوە، بەڵام رێگە بە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و هاوکاریکردنی وڵاتانی دیکەش نادات کە نیازی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمییان هەیە.
16/06/2025