مۆزەخانەی راستیی دەستکرد.. ئامرازێکی نوێ بۆ نمایشی پارچە دزراوەکان

رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرقاڵی دامەزراندنی زنجیرەیەک مۆزەخانەی راستیی دەستکردە کە ئامانجیان نمایشکردنی پارچە دزراوە مێژووییەکانە.

نەتەوە یەکگرتووەکان، دەیەوێت لەرێی دامەزراندنی مۆزەخانەی راستیی دەستکردەوە کۆمەڵگە جیاوازەکان لەو کاریگەرییانە ئاگادار بکاتەوە کە تۆڕی بەقاچاخبردنی پارچە کولتوورییەکان دروستی دەکەن و پاڵنەرن بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کولتوریی نەتەوەکان.

ئۆدری ئازۆلای، سکرتێری گشتیی یونسکۆ دەڵێت، لە پاشخانی هەر پارچەیەکی دزراودا، ناسنامە و مێژوویەک بوونیان هەیە کە چیرۆکی بەرەوپێشچوونە مرۆییەکان دەگێڕنەوە.

گوتیشى "لەرێی مۆزەخانە دەستکردەکانەوە یونسکۆ هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی ئەو پارچە دزراوانە دەدات کە لە لێواری ونبوونی تاهەتایی نزیکبوونەتەوە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی نێودەوڵەتی ناسراو بە "ئینتەرپول"، لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە 52 هەزار پارچەی دزراو و ونبوو هەیە، کە کاریگەرییان لەسەر کاڵبوونەوەی پاشخانە کولتووریی و مێژووییەکان دروستکردووە.

لەڕێی تەرخانکردنی بودجەیەک بە بەهای دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، ئەم مۆزەخانە دەستکردانە پاڵنەر دەبن بۆ بوژانەوەی کولتووریی و بڕیارە لە ساڵی 2025بەرووی سەردانیکەراندا و لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بکرێنەوە.