گیرانی دەماری دەست چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟

گیرانی دەماری دەست دەبێتە هۆی ئازار و سڕبوونی لەپ و پەنجەکان
گیرانی دەماری دەست دەبێتە هۆی ئازار و سڕبوونی لەپ و پەنجەکان

گیرانی دەماری دەست، کۆنیشانەیەکە دەبێتە هۆی ئازار، سڕبوون، مێروولەکردن و بێهێزی لە دەست و مەچەک. کاتێک روودەدات کە پەستان بکەوێتە سەر دەماری ناوەڕاستی دەست. ئەم دەمارە ئاماژە دەبات بۆ پەنجەگەورە، دۆشاومژە، باڵابەرزە و نیوەی پەنجەی برای تووتە. بۆیە کاتێک ئەم دەمارە دەگیرێت، نیشانەکان لەم پەنجانەدا دروستدەبن. 

بۆچی روودەدات؟

لەناو مەچەکدا، کۆمەڵێک ژێ، بەستەر و ئێسک هەن، توونێلێک بە دەوری دەماری ناوەڕاستی دەستدا پێکدەهێنن. هەندێکجار، بەهۆکاری جیاواز، یەکێک لە پێکهێنەرەکانی ئەو توونێلە (واتە ژێ، بەستەر و ئێسکەکان)، فشار دەخەنە سەر دەماری ناوەڕاست و ئەم حاڵەتە دروستدەبێت. 

کێ تووشی دەبێت؟ 

گیرانی ئەم دەمارە بەهۆی جووڵەی زۆر و دووبارەی پەنجە و مەچەکەوە روودەدات. کۆمەڵێک هۆکاری دیکەش هەن کە مەترسیی توشبوون بەم کۆنیشانەیە زیاد دەکەن:  

  • بۆماوەیی 
  • دووگیانی 
  • شتن 
  • لەجێچوون و شکانی مەچەک  
  • هەوکردنی جومگەکان  
  • تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەکانی سایرۆید 
  • شەکرە 
  • زۆر خواردنەوەی کحول  
  • بوونی گرێ 
  • تەمەنی زۆر 

نیشانەکانی چین؟ 

نیشانە سەرەتاییەکان بریتینلە: سڕبوون لە شەواندا، مێروولەکردن و ئازاری پەنجەکان 

لە قۆناغەکانی سەرەتای سەرهەڵداندا، نیشانەکان زیاتر بە شەوان دەردەکەوون، چونکە لە کاتی خەودا لەوانەیە مەچەک بۆ ماوەیەکی زۆر بنووشتێتەوە. جگە لەمانە، ئەو نیشانانەی کە بە رۆژ دەردەکەوون، ئەمانەن:  

  • مێروولەکردنی پەنجەکان 
  • لاوازیی هەستکردن بە سەری پەنجەکان  
  • لاوازیی توانای گرتنی شتە بچووکەکان  

چۆن دەستنیشان دەکرێت؟ 

سەرەتا، پزیشک لەڕێگەی پرسیارکردنەوە زانیارییەکانی پەیوەست بە مێژووی نەخۆشەکە وەردەگرێت، دواتر کۆمەڵێک پشکنین ئەنجامدەدات. بۆنموونە، پشکنینی دەماری و ماسولکەیی.

چارەسەری چییە؟ 

گیرانی دەماری ناوەڕاستی دەست، بە دوو شێواز چارەسەر دەکرێت؛ نەشتەرگەری، کە بۆ حاڵەتە قورسەکان بەکاردێت، یان بەبێ نەشتەرگەری، بۆ ئەو حاڵەتانە بەکاردێت کە قورس نین. بەگشتی هەردوو رێگەکە سەرکەوتوون، بەشێکی زۆری چارەخوازان چاکدەبنەوە.  

چۆن رێگری لە توشبوون بەم کۆنیشانەیە دەکرێت؟ 

گیرانی دەماری دەست، چەندین هۆکاری جیاوازی هەیە، بۆیە قورسە بتوانرێت رێگری لێبکرێت. بەڵام هەندێک رێنمایی هەن پێویستدەکات جێبەجێبکرێن بۆئەوەی ئەگەری توشبوون کەمببێتەوە: 

  • لە کاتی خەودا، مەچەک رێکبێت 
  • کە کارێک ئەنجامدەدرێت، هەوڵ بدرێت زۆرترین کات مەچەک رێکبێت 
  • کاتێک مەچەک نوشتاوەتەوە، گرتن و بەردانەوەی شتەکان بە پەنجە زۆر دووبارە نەکرێتەوە. 
  • لەو چالاکییانەی زۆر پێویستییان بە جووڵەی پەنجە و مەچەک هەیە، ماوەماوە پشوو وەربگیرێت