بەڵەکی چارەسەری هەیە؟
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. محەمەد یوسف، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، باسی لە نەخۆشیی بەڵەکی کرد و چارەسەرەکانی خستەڕوو.
پزیشکەکە باسی لەوە کرد کە تاوەکو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراو بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە دەستنیشان نەکراوە، بەڵام بە گوێرەی یەکێک لە تیۆرییەکان، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ گرفتی بەرگریی جەستە، واتە لەوانەیە نەخۆشییەکی دژەخۆبەرگری بێت. بە گشتی ئەم نەخۆشییە لەو کەسانەدا زۆرە کە لە خێزانەکانیاندا نەخۆشییە بەرگرییەکان هەن، وەکو نەخۆشیی غوددە و شەکرە.
لە هەموو تەمەنێکدا دەکرێت ئەم نەخۆشییە دەربکەوێت، وردەوردە پێستەکە لە هەندێک شوێندا کاڵدەبێتەوە و دەگاتە راددەیەک کە رەنگی پێستەکە وەکو رەنگی شیری لێدێت.
هۆکاری ئەم کاڵبوونەوە و رەنگگۆڕانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خانەی میلانین(ئەو خانانەی رەنگ دەدەن بە پێست)، لەو ناوچانەدا دەتوێنەوە و نامێنن.
سەبارەت بە چارەسەرەکانی ئەم نەخۆشییە، پسپۆڕەکە گوتی "ئەم نەخۆشییە چارەسەری هەیە، بەڵام تاوەکو زووتر چارەسەربکرێت باشترە، زیاتر ئەو پەڵانەی لە سەر رووخسار و ناوەڕاستی جەستەن بە چارەسەرەکان کاریگەرترن واتە زووتر چاکدەبنەوە وەک لەو پەڵانەی لەسەر پەلەکانن".
لە بەشێکی چارەخوازەکاندا، بەڵەکییەکە %80-%90ـی پێستیانی گرتووەتەوە، لەم کاتانەدا ئێمە هەوڵدەدەین ئەو شوێنانەی پێستی کەسەکە کە هێشتا رەنگیان سپی نەبووە، ئەوانیش سپی بکەین بۆ ئەوەی جەستەیان یەک رەنگ ببێتەوە.
زۆرجار لە سۆشیاڵ میدیاکاندا دەبینین بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە بە دەرزییەک دەکرێت رەنگی پێست سپی بکرێتەوە، بەڵام ئەمە بنەمای زانستیی نییە و هیچ دەرزییەک نییە رەنگی پێست سپی بکاتەوە.


22/06/2025