وەزیری نەوتی ئێران: هیچ کێشەیەکمان لە دابینکردنی سوتەمەنی نییە
موحسین پاکنەژاد وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی سوتەمەنی لە وڵاتەکەی نییە و دەشڵێت، ناهێڵن هیچ کیشەیەک لەو بوارەدا رووبدات.
وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەر کەمبوونەوەیەک یان سنوردارکردنێک لە سوتەمەنی رووبدات کاتییە و چارەسەر دەکرێت.
موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران گوتیشی، "پێویست ناکات خەڵک نیگەرانی گرانبوونی سوتەمەنی ببێت رەنگە لە هەندێک شوێندا کەمبوونەوە رووبدات، بەڵام کاتییە و چارەسەر دەکرێت، دەمەوێت بە خەڵکی ئازیزی خۆمان بڵێم و دڵنیایان بکەمەوە هیچ کێشەیەکی دابینکردنی سوتەمەنیمان نییە و رێگەش نادەین گرفتی دابینکردن و دابەشکردنی سوتەمەنیان بۆ دروست بێت".
داخستنى ئاسمانى ئێران تاوەکو دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ درێژکرایەوە
دەستەی فڕۆکەوانیی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، کایەى ئاسمانیی وڵاتەکەی، تاوەکو کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بە داخراوى دەمێنێتەوە و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان راگیراون.
دەستەی فڕۆکەوانیی ئێران دەشڵێت، بڕیارەکە بۆ ماوەیەکی کاتییە، لەهەر بڕیارێکی نوێى دیکەش هاوڵاتییان ئاگەدار دەکەنەوە.
لە رۆژى هەینییەوە کایەى ئاسمانیى ئێران بە رووى فڕۆکەى مەدەنیدا داخراوە و رۆژانە رێنمایى نوێ لەبارەى درێژکردنەوەى قەدەغەکەوە بڵاودەکرێتەوە.
بڕیارەکەی دەستەی فڕۆکەوانیی ئێران لە کاتێکدایە، هێرشى موشەک و فڕۆکەجەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەکە بەردەوامە و بەهۆی هێرشەکانیشەوە بەگوێرەی وەزارەتى تەندروستیى ئێران، تاوەکو ئێستا زیاتر 580 کەس کوژراون و زیاتر لە 1300 کەسیش برینداربوون.
خامنەیی: پێویستە بە بەهێزی وەڵامی ئیسرائیل بدەینەوە و بەزەییمان بە ئیسرائیلدا نایەتەوە
هەروەها لە بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، پێویستە بە بەهێزی وەڵامی ئێسرائیل بدرێتەوە.
خامنەیی رایگەیاندووە، "بە بەهێزی وەڵامی سیستمی زایۆنی دەدەینەوە و بەزەیمان بەرامبەریان نییە".
پەیامەکەى رێبەری باڵای ئێران، لەکاتێکدایە سوپای پاسدارانی ئێران بەردەوامە لە هێرشی نوێی موشەکی بۆ سەر ئیسرائیل.
هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، هێرشەکانی شەوى رابردووی وڵاتەکەیان بۆسەر ئیسرائیل، بەروارد بەچەند رۆژی رابردوو بەهێزترین هێرش بوون.
18/06/2025