تابلۆیەکی نەناسراوی رێمبرانت ئاشکرا دەبێت

پاش تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر لێکۆڵینەوەی بنکەى سۆسبەی ئێرلەندیی، ئاشکرا بووە یەکێک لە تابلۆ دەگمەنەکانی هونەرمەندی بەناوبانگی هۆڵەندیی "رێمبرانت" کە پێشووتر بە 15 هەزار دۆلار لە زیادکردنێکى تایبەتدا فرۆشراوە، بەها راستەقینەکەی لە 18 ملیۆن دۆلار زیاترە.

بەڕێوەبەرانی بنکەکە دەڵێن : "پێشووتر نەدەزانرا تابلۆکە یەکێکە لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی رێمبرانت، پاش لێکۆڵینەوەیەکی چەند مانگی، دەرکەوتووە ئەم تابلۆیە هەڵگری مۆری راستەقینەی هونەرمەندە هۆڵەندییەکەیە.
ئەم تابلۆیە، چیرۆکی یەکێک لە رووداوە ئینجیلییەکان دەگێڕێتەوە و پێی دەگوترێت "رێزلێنانی پادشاکان" کە لە نێوەندیدا عیسای منداڵ لەلایەن پیاوچاکانەوە پیرۆز دەکرێت".

بڕیارە لە چوارچێوەی زیادکردنێکى تایبەتدا بەهای لەسەر دابنرێت و لە سەدەی نوێدا بە یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوە هونەرییەکان هەژمار دەکرێت.

رێمبرانت شێوەکارێکی هۆڵەندییە و بە تابلۆ مێژووییەکانی ناسراوە، ناوبراو لە سەدەی حەڤدەیەمدا سەرمەشقی شێوەکارانی وڵاتەکەی بووە و پاڵنەر بووە بۆ بەرەوپێشچوونی ژانرای پۆرترەیتی کەسیی لە هونەری شێوەکاریدا.