شیکارییەک بۆ وردەکاریی تواناکانی وزەى ئەتۆم و زیانەکانی چەکی ئەتۆم

ساتی تاقیکردنەوەی بۆمبێکی ئەتۆمی
ساتی تاقیکردنەوەی بۆمبێکی ئەتۆمی

وزەی ناوەکی، یاخود وزەی گەردیلەیی، گرنگترین سەرچاوەکانی وزەییە کە لە رابردووەوە تاوەکو ئێستا پەرەی پێدراوە. ئەو وزەیەیە لە ناو ناوکى گەردیلەیەکدایە، ئەو کاتەش دەردەچێت کە گەردیلەکان لە یەک جیادەبنەوە، یاخود بە کردارێکی کیمیایی یەکدەگرن.

لە ناوکی هەر گەردیلەیەکدا پرۆتۆن و نیوترۆن هەیە، کاتێک پرۆسەی لێکجیابوونەوەی گەردیلەکە روودەدات، پرۆتۆن و نیوترۆنەکان دەردەچن، لە هەر پرۆسەیەکی هەڵوەشاندنەوەی گەردیلەکانیش دەردانی وزە هەیە لە رێگەی گەرمی یاخود تیشکدانەوەوە. ئەو گەرمییەی دەردەچێت دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوودی لێببینرێت.

ئەو توخمانەی، کە سوودی لێدەبینرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ناوەکی (یۆرانیۆمە) ئەوەش بەهۆی گەورەیی بارستە ناوەکییەکەی، بەشی زۆری وڵاتان سوود لەو وزە ناوەکییەی یۆرانیۆم وەردەگرن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام هێڵێکی زۆر باریک هەیە لە نێوان وزەی ئەتۆم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ وزەی ئەتۆم بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی، کە ئەمەش خاڵى ناکۆکى زۆرینەى وڵاتانە لەگەڵ یەکتر.

بزوێنەرە ئەتۆمییەکان خاڵی سەرەکی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمن، بەشێوەیەکی گشتی یۆرانیۆم یاخود پلۆتۆنیۆمی پیتێندراو هەڵدەگرن، بەڵام بەهۆی مەترسی ئەو تیشکەی لە بزوێنەرەکانەوە دەردەچێت، تەکنەلۆجیاى ئەتۆم سنووردارکراون.

جۆرەکانى وزەى ئەتۆم

جۆرێک لە وزەی ئەتۆم هەیە پێى دەگوترێت، هەڵوەشاندنەوە (fission) واتە لە رێگەی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی ناوکی گەردیلەکە بۆ پرۆتۆن و نیوترۆنەکان، وزەکە دەردەچێت.

جۆرێکی دیکە لە رێگەی یەکگرتن، (fusion)  وزەکە بەرهەمدەهێنرێت و لێرەدا ناوکی دوو گەردیلە بە پرۆسەیەکی کیمیایی لێکدەدرێن و لە ئەنجامدا دەبن بە وزەى ناوەکى.

جۆرێکی دیکە لە وزەی ئەتۆم هەیە بەشێوەی تیشکدانەوە لە تەکنەلۆجیای دەرمان و بۆشایی ئاسمان و پیشەسازییە جیاوازەکان کاری لەسەر دەکرێت.

لەم سێ پرۆسەیەوە چەکی ئەتۆم بەرهەمدەهێنرێت، بۆ نموونە بۆمبی ئەتۆمی لە رێگەی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی ناوکی گەدیلەکە بەرهەمدەهێنرێت، لە پرۆسەی یەکگرتنی گەدیلەکانەوە بۆمبی هایدرۆجینی بەرهەمدەهێنرێت و لە هەندێک کاتیشدا هەردوو پرۆسەکە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنرێت.

مێژووی چەکی ئەتۆم

مێژووی چەکی ئەتۆمی دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای سەدەی 20ـەکان ئەو کاتەی زانا فیزیاییەکان تیشکدانەوە دەدۆزنەوە، بەدوایدا دەگەن بە پرۆسەکانی یەکگرتن و هەڵوەشاندنەوەی گەردیلەکان.

لە 1938 زاناکانی ئەڵمانیا پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی گەردیلەکانیان دۆزییەوە، لیۆ زیلارد، زاناى فیزیایی هەنگاری، بۆی دەردەکەوێت، دەکرێت زنجیرەیەک کاردانەوەی ئەتۆمیی، بۆمبی ئەتۆمی لێ درووستبکرێت، هەر ئەو زانایە ئەنشتاین ئاگاداردەکاتەوە کە ئەڵمانەکان سەرقاڵی درووستکردنی ئەو جۆرە بۆمبەن.

سەرۆکی ئەمریکای ئەو کاتە کە فرانکڵین رۆزڤێڵت بووە، کۆمیتەیەکی راوێژکاریی لەسەر یۆرانیۆم دەستبەجێ پێکدەهێنێت.

لە جەنگی دووەمى جیهانی و پرۆژەی مانهاتن چەکی ئەتۆمیی دەچیتە قۆناغێکی نوێوە.

پرۆژەی مانهاتن، پرۆژەیەک بوو زۆر نهێنیی بوو ئەو پرۆگرامەبوو کە ئەمریکا هەوڵیدا بەپەلە پەرەی پێبدات و یەکەم چەکی ئەتۆمیی جیهانی بەر لە ئەڵمانەکان درووستبکات، (بەسەدان هەزار کرێکار لەم پرۆژەیەدا کاریانکردووە)

لە هەریەک لە ویلایەتەکانى تێنەسى، واشنتن و نیو مەکسیکۆ دەستکرا بە پرۆژەی مانهاتن.

ئەم چەکە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ یەکەم جار دژ بە ژاپۆنییەکان بەکارهات و هەر ئەو رووداوەش بوو بە گرنگترین رووداوی مێژوویی سەدەی 20.

ئەمریکا یەکەم بۆمبی یۆرانیۆمی ئەتۆمیی لەساڵی 1945 لە هێرۆشیما لە ژاپۆن بەکارهێنا و یەکەم بۆمبی پلۆتۆنیۆمیشى لە ناگازاکی لە هەمان وڵات بەکارهێنا، دوابە دوای ئەوەش، لە 18ـی ئابی 1945 کۆتایی بە جەنگی دووەمى جیهانی هات.

بەهۆی کاریگەرییەکانی بۆمبە ئەتۆمییەکان، 90 بۆ 166 هەزار کەس لە هێرۆشیما کوژران و 60 بۆ 80 هەزار کەسیش لە ناگازاکی کوژران، کاریگەریی بۆمبەکەش بۆ ماوەیەکى زۆر بەسەر هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەوە دیاربوو.

وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆم

لەجیهاندا نۆ وڵات هەیە کە گوتوویانە یاخود گریمانە هەیە، چەکی ئەتۆمیان هەبێت.

ئەو وڵاتانەی هەر لە سەرەتاوە چەکی ئەتۆمیان هەبووە بریتین لە: ئەمریکا، رووسیا، چین، فەڕەنسا و بەریتانیا.

ئەم پێنج وڵاتە رێککەوتنی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمییان واژۆ کردووە، ئەم رێککەوتنە ئەو وڵاتانەی کە چەکەکەیان نییە رێگەیان لێدەگرێت هەیانبێت و ئەوانەشی هەیانە، پەرەسەندن و بەکارهێنانیان سنووردار دەکات.

بەگوێرەی پەیمانگەی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم، ئەو نۆ وڵاتەکەی چەکی ئەوتۆمییان بریتین لە:

رووسیا: 4.309 کڵاوەى ئەتۆمی

ئەمریکا: 3.700 کڵاوەى ئەتۆمی

چین: 600 کڵاوەى ئەتۆمی

فەڕەنسا: 290 کڵاوەى ئەتۆمی

بەریتانیا: 225 کڵاوەى ئەتۆمی

هیندستان: 180 کڵاوەى ئەتۆمی

پاکیستان: 170 کڵاوەى ئەتۆمی

ئیسرائیل: 90 کڵاوەى ئەتۆمی

کۆریای باکوور: 50 کڵاوەى ئەتۆمی ( بەڵام هێشتا ئاشکرانەکراوە و وڵاتەکەش نمایشى نەکردووە).

ئێران لە ماوەی رابردوودا هەمیشە گوتوویەتی، پرۆگرامی ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییە، بەگوێرەی هەواڵگریی ئەمریکا، ئێستا تاران هیچ بۆمبێکی ئەتۆمیی چالاکی نییە، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە 60% بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیش پێویستت بە 90%ـى پیتاندنی یۆرانیۆم هەیە.

ئەگەر چەکی ئەتۆمیی بەکاربهێنرێت چی روودەدات؟

چەکی ئەتۆمیی وێرانکەرترین چەکە لە مێژوودا دروستکرابێت، بەهۆی ئەو کاریگەرییەى بەجێیدەهێڵێت.

تەقاندنى یەک بۆمبی ئەتۆمیی، لە یەک شاردا بە ملیۆنان کەس دەکوژێت، بەکارهێنانی بە دەیان یاخود سەدان بۆمبی ئەتۆمییش، جگە لە زیانە گیانییەکان، ژینگەی تەواوى سەرزەویی تێکدەدات.

تەنیا لەماوەى 10 چرکەدا لە بەکارهێنانى چەکی ئەتۆمیی، کاریگەرییەکەی دەگاتە بەرزترین ئاست لە رێگەی دەردانی وزە بەشێوەی تەقینەوە، گەرمی یاخود تیشک.

تەقینەوەی بۆمبى ئەتۆم یان چەکی ئەتۆمی، کاریگەری کورتخایەن و درێژخایەنیشی هەیە، بەشێوەیەکی خێرا دەبێتە هۆی کوشتن و زیان گەیاندن بە سییەکان، گوێ و خوێنبەربوون.

شەپۆلی گەرمییەکەی بەرێژەیەکە دەبێتە هۆی سووتانى مرۆڤەکان و ژەهراویبوونى ئۆکسجین، بەجۆرێک ئەو کەسانەشی لە پەناگەکاندا بن، بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە دەمرن.

لەکاتێکدا کاریگەرییە درێژخایەنەکەی درووستکردنی تیشکدانەوەی پرۆسەى بە ئایۆنیکردنە، ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی نەخۆشی لە رێگەی ژەهراویکردنی ژینگە و لە کۆتایدا دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە یاخود کاریگەریی بۆماوەیی.

ئەو بۆمبە ئەتۆمییەى ئەمریکا لە هێرۆشیماى ژاپۆن بەکاریهێنا، ناوى Little boy بووە، نزیکەى 64 کیلۆگرام یۆرانیۆمى پیتێندراوى 235ـى تیادا بەکارهاتووە، بەڵام دواى 80 ساڵ لەو رێکەوتە، یۆرانیۆم و رێکارەکانى پیتاندنى گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا هاتووە و بەشێوەى زانستیی ورد پەرەیان پێدراوە و چەندین هێندە بەهێزتر کراون، بەگوێرەى ئەو پەرەپێدانەش، کە بەگوێرەى داتاکانى ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆمى، ئێران خاوەنى هەشت هەزار و 294 کیلۆگرام وزەى ئەتۆمى پیتێندراوە، بەڵام رێژەیەکى زۆر کەمى ئەم وزە ئەتۆمە ئامادەیە بۆ درووستکردنى بۆمب.

لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر هەریەکێک لە وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران بتەقێتەوە، ئەوا سێ جۆر لە تیشکدانەوە درووستدەکات، ئەوانیش گاما، کە تیشکدانەوەى رووناکى زۆر بەهێزە، بێتا، تیشکدانەوەى ئەلیکترۆنە و ئەلفاش ناوکى هیلیۆمە، کە زیانى راستەوخۆیان بۆ ناوچەیەکى سنووردار لە ئێران دەبێت، یاخود ئەگەر وێستگەکان لە 80 مەتر لە ژێر زەویدابن، زیانەکانیان زۆر کەمتر و سنووردارتر دەبن، بەبەڵگەى ئەوەى هەرسێ تیشکەکەى لێوەى دەردەچن، زەوی زۆر بەخێرایی هەڵیاندەمژێت و زیانەکان کەمدەکاتەوە، بەڵام لە ئەگەرى باران یاخود باى بەهێز، زیانەکان زۆرتر و سنوورى زیانەکانیش فراوانتر دەبن.

شارەزایانى فیزیا: تەقینەوەی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران زیانی بۆ هەرێمی کوردستان نابێت

 بەڵام بەگوێرەى لێکدانەوە شارەزایانى بوارى فیزیا کە قسەیان بۆ کەناڵ8 کردووە، کاردانەوە راستەوخۆکانى تەقینەوەى وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران، ناگەنە هەرێمى کوردستان و ناوچەکە، بەڵام بەناڕاستەوخۆیی کاریگەریی خراپى تەندروستیی لەسەر وڵاتانى دراوسێى ئێران بەجێدەهێڵێت.

کاردانەوە راستەوخۆکانى تەقینەوەى وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران ناگەنە هەرێمى کوردستان و سەرەڕای ئەوەش کاریگەریی ناڕاستەوخۆ لەسەر وڵاتانى دراوسێى ئێران بەجێدەهێڵێت.

تاقیکردنەوەکانى چەکى ئەتۆم

لە 16ـی تەمموزی 1945 ئەمریکا یەکەم تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە بیابانەکانی نیومەکسیکۆ وەک بەشێک لە پرۆژەی مانهاتن ئەنجامدا.

دوای چەند هەفتەیەک تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمیی لەلایەن ئەمریکاوە لە هەر یەک لە هێرۆشیما و ناگازاکی ژاپۆن روویدا.

لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەم حەوت وڵات تاقیکردنەوەی ئەتۆمییان کردووە.

زانایان بەشێوەیەکی گریمانەیی دەڵێن، دوو هەزار و 56 تاقیکردنەوەى ئەتۆمى کراوە.

ئەمریکا هەزار و 30 تاقیکردنەوە

رووسیا 715 تاقیکردنەوە

فەڕەنسا 210 تاقیکردنەوە

بەریتانیا 45 تاقیکردنەوە

چین 45 تاقیکردنەوە

کۆریای باکوور 6 تاقیکردنەوە

هیندستان 3 تاقیکردنەوە

پاکستان 2 تاقیکردنەوە

چەند تاقیکردنەوەیەکی دیکەی گوماناویش تۆمارکراون، بەڵام لە بوارى سەربازییدا بەشێوەیەکى ئاشکرا، تاوەکو ئێستا تەنیا ئەمریکا لەساڵى 1945 لە ژاپۆن بەکاریهێناوە.