منداڵ چۆن تووشی ئێسکە نەرمە دەبێت؟

منداڵێک پاڵ بە ئامێری بڕینی چیمەنەوە دەنێت.  فۆتۆ: گێتی ئیمجس
منداڵێک پاڵ بە ئامێری بڕینی چیمەنەوە دەنێت. فۆتۆ: گێتی ئیمجس

ڤیتامین دی لەڕێگەی پێستەوە دروستدەکرێت، یارمەتی هەڵمژینی کالسیۆم و فۆسفۆڕ دەدات لە خۆراکەوە، نەبوونی بڕی پێویستی ڤیتامین دی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کالسیۆم و فۆسفۆڕ لە جەستەدا، کە لە منداڵاندا دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئێسکەنەرمە.

ئێسکەنەرمەی منداڵان، هەر وەکو ناوەکەی ئاماژەی پێدەدات، نەرمبوونەوە و لاوازبوونی ئێسکی جەستەیە لە منداڵاندا.  زۆرجار هۆکاری نەخۆشییەکە کەمی رێژەی ڤیتامین دییە لە خوێندا، هەندێک نەخۆشیی بۆماوەییش دەکرێت هۆکاربن بۆ توشبوون.

هۆکارەکانی ئێسکەنەرمە

  • کەمیی ڤیتامین دی: دوو رێگەی سەرەکیی بەدەستهێنانی ڤیتامین دی، هەتاو و خۆراکن. ئەو منداڵانەی کە زیاتر لە ماڵەوە دەمێننەوە و لە دەرەوە یاری ناکەن، مەترسییان زیاترە تووشی گرفتەکە ببن.
    ماسی، شیرەمەنییەکان و زەردێنەی هێلکە چەند خۆراکێکن کە بە ڤیتامین دی دەوڵەمەندن، ئەو منداڵانەی ئەو جۆرە خۆراکانە ناخۆن دەکرێت تووشی کەمیی ڤیتامین دی ببن. 
  • گرفتی هەرس: هەندێک نەخۆشیی ریخۆڵەکان وەکو نەخۆشیی گەنم یان نەخۆشیی هەوکردنی ریخۆڵەکان
  • نەخۆشیی گورچیلە

مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکە

  • ئەو کەسانەی پێستیان تۆخە: بوونی بڕێکی زۆری مێلانین لە پێستدا توانای بەرهەمهێنانی ڤیتامین دی لەڕێگەی پێستەوە کەمدەکاتەوە
  • ئەو منداڵانەی دایکیان کەمیی ڤیتامین دیی هەبووە لەکاتی دووگیانیدا
  • ئەو منداڵانەی لەو ناوچانەدا دەژین کە بڕێکی کەم هەتاو لێیان دەدات
  • منداڵانی نەبەکام
  • هەندێک دەرمان وەکو دەرمانی دژەگەشکە
  • ئەو منداڵانەی تەنها شیری دایکیان دەخۆن

ماکەکانی ئێسکەنەرمە لە منداڵاندا

  • دواکەوتنی گەشە
  • لاربوون و گرفتی دیکەی ئێسک
  • گرفتی ددان
  • گەشکە

رێگریکردن لە ئێسکەنەرمەی منداڵان

باشترین سەرچاوەی ڤیتامین دی هەتاوە. چوونە بەر هەتاو لە نیوەڕۆدا بۆ ماوەی 10  بۆ 15 خولەک بەسە بۆ ئەوەی منداڵەکە بڕی پێویستی ڤیتامین دی وەربگرێت.
باشترە منداڵ ئەو خۆراکانە بخوات کە ڤیتامین دی-یان تیادایە وەکو ماسی و زەردێنەی هێلکە. گرنگە ئەو بەرهەمانەی منداڵ دەیانخوات دەوڵەمەندکرابن بە ڤیتامین دی، بۆ زانینی ئەمە دەبێت دایک یان باوکەکە پێکهاتەی خۆراکەکان بخوێننەوە. ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەند دەکرێن بە ڤیتامین دی بریتینلە: شیر، نان و گیراوەی پرتەقاڵ.
پسپۆڕان پێشنیاری ئەوە دەکەن ئەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخۆن، ڤیتامین دی بە دڵۆپ وەربگرن؛ چونکە شیری دایک بڕێکی کەم ڤیتامین دی تێدایە.

نەخۆشییەکە چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

پزیشکی پسپۆڕ لەڕێگەی ئەنجامدانی پشکنینی جەستەیی، پشکنینی تیشک و پشکنینی خوێنەوە نەخۆشییەکە دەستنیشاندەکات.

چارەسەری ئێسکەنەرمە چییە؟

نەخۆشییەکە لەرێگەی پێدانی ڤیتامین دی و کالسیۆمەوە چارەسەر دەکرێت.