دادگای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵای مووچەی هەرێمی کوردستان دەکات

باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق
باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق

دادگای فیدڕاڵی دانیشتنی تایبەت بە سکاڵای خۆرعەبدوڵا کە لەلایەن سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانەوە تۆمارکراوە، دواخست بۆ 25ـی حوزەیران و چاوەڕوانیش دەکرێت، دادگاکە فەرمانێکى سالاری تایبەت بە مووچەی هەرێمی کوردستان دەربکات.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیار لەسەر ئەو سکاڵایە بدات کە هەشت مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، لەسەر سەرۆکوەزیران، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و سەپاندنی هەژماری من تۆماریان کردبوو، چاوەڕوانیش دەکرێت، دادگاکە فەرمانێکى سالاری تایبەت بە مووچەی هەرێمی کوردستان دەربکات.

فازڵ شێخ قادر، یەکێک لە سکاڵاکارەکان بەکەناڵ8ـی گوت؛ وەک هاونیشتمانییەکی سڤیل سەرەتای ئەم مانگە، ئەو سکاڵایەیان تۆمارکردووە و سکاڵاکانیان لە دژی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، تۆمارکردووە، چونکە ئەوان بەرپرسن لە سەپاندنی هەژماری من، نەدانی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، نەدانی مووچە و یارییکردن بە قوتی هاونیشتمانییان.

گوتیشی؛ لە دادگای فیدراڵی، بەرپرسانی دادگا گفتوگۆیان لەگەڵدا کردوون و بەڵێنیان پێدراوە، فەرمانێکی سالاری دەربکرێت لەبارەی مووچەوە، بۆ ئەوەی بە گوتەی سکاڵاکارەکان "چیتر مووچە و قوتی هاونیشتمانییان نەکرێتە یاریی لەنێوان هەولێر و بەغداد".

پێشتر سەرچاوەیەک بە کەناڵ8ـی راگەیاندبوو، دادگاى فیدراڵى لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەیدا چاوەڕواندەکرێت، فەرمانێکی سالاری لەبارەی مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربکات، لەکاتێکدا لە پاش جەژنی قوربانەوە دادگاکە کۆنەبووەتەوە بەهۆی ئەنجامدانی فەریزەی حەج لەلایەن ژمارەیەک دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی.

پاش نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق لە 28ـی ئایاری 2025، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رایگەیاندبوو، هەرێمی کوردستان پشکی تەرخانکراوی دارایی نەماوە و مووچەی مانگی ئایار رەوانە ناکەن، ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایەکیان تۆمارکرد و داوایانکرد، فەرمانێکی سالاری لەبارەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچە دەربکات.