ئاڵنگاریى و سیناریۆکان؛ ئێران و ئیسرائیل و سیاسەتى ئەمریکا
لە ئەمریکا و لەناو خودى کۆمارییەکان مشتومڕ و جیاوازیى بیرکردنەوە لەسەر بەشدارى راستەوخۆى ئەمریکا لە جەنگەکە هەیە، لەناو ئیدارەکەى ترەمپدا لایەنگرى هەردوو سیناریۆ بەشداریى و بەشدارینەکردن هەیە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژانى رابردوودا چەندین لێدوانى لێکدژى لەبارەى ئاڵۆزییەکانەوە هەبووە، ئەو دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی لە حاڵەتى بەشداریى سنووردار لە هێرشەکانى دژى ئێران بەتایبەت لێدوان لە وێستگەى ئەتۆمى فۆردۆ وڵاتەکەی نەکێشرێتەوە ناو شەڕێکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمریکییەکان و بژاردەى سەربازی:
لە هەمان کاتدا زۆرینەی ئەمریکییەکان پشتیوانی لە دەستێوەردانی سەربازی لە رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی ئیسرائیل و ئێراندا ناکەن. راپرسییەکی کۆمپانیاى YouGov دەریخستووە، تەنیا 16%ـی ئەمریکییەکان پشتگیری لە دەستێوەردانی سەربازیی دەکەن، 60% دژایەتی دەکەن و 24% دڵنیا نین.
هەر لەناوخۆى ئەمریکا، هەر لەناو بازنەى کۆمارییەکان، بزووتنەوەی "ماگا" ئەو بزووتنەوەیەى دروشمى "دووبارە ئەمریکا گەورە بکەنەوە" بۆچوونیان وایە، تێچووی هەڵگیرسانی شەڕی دەرەکی لە دۆسیەی ئێراندا پاساوى نییە.
بەگوێرەى توێژینەوەیەکی ساڵی 2021ـی پرۆژەی تێچووی جەنگ لە زانکۆی براون، شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق نزیکەی 3 تریلیۆن دۆلار زیانی بە خەزێنەی ئەمریکا گەیاندووە. لەگەڵ تێچوویەکى مرۆیی زۆر، تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2021 زیاتر لە 30 هەزار سەرباز لە کاتی خزمەتکردنیان یان دوای خانەنشینبوونیان لە شەڕەکانی دوای 11ـی سێپتەمبەردا خۆیان کوشتووە، کە زۆر زیاترە لەو حەوت هەزار و 57 ئەندامەکەى کە لە هەمان ماوەی ساڵدا کوژراون.

بۆچوونى جیاواز لەناو ئیدارەى ترەمپ:
ترەمپ، چەند جارێک لەگەڵ یاریدەدەرە باڵاکانی کۆبووەتەوە بۆ راوێژ سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاران. ئەم بازنەیەی ناوەوە کە باس لە سیاسەتی ئێران دەکات، ژمارەیەکی زۆر کەم لە بەرپرسان لەخۆدەگرێت کە هەموویان لە گرووپە توندڕەوەکەن، جگە لە جەى دى ڤانسى جێگرى.
ئەندامە دیارەکانی گرووپەکە بریتین لە سوزی وایڵز، گەورە کارمەندى کۆشکى سپى، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری و جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی. تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی، کە بەردەوام لە کۆبوونەوەکانى بازنە بچووکەکەى دەورى ترەمپ بەشدار بووە، بەڵام لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی سەبارەت بە ئیسرائیل و ئێران ئامادەنەبووە.
دوای ئەوەی ترەمپ سەرەتا بەخۆپارێزییەوە لەگەڵ بیرۆکەی دەستێوەردانی سەربازیی بوو، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەدا، چۆن روانگەی ئەو لە جەنگى ئێران و ئیسرائیل لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕەکەدا گۆڕا. لەوێدا هاتووە، "کاتێک بەیانیی هەینی لە خەو هەڵسا، کەناڵی دڵخوازەکەی، فۆکس نیوز، وێنەی بۆردوومانەکەی ئیسرائیلى پەخش دەکرد، کە ترەمپ نەیتوانیوە خۆشحاڵى خۆى بۆ ئەو سەرکەوتنە سەرەتاییە بشارێتەوە".
دواتر بە کەسانی نزیک لە خۆی گوتووە، ئێستا مەیلی بەرەو زیادکردنى گرژییەکان هەیە، هاوکات لەگەڵ داواکارییەکانى ئیسرائیل بۆ بەشداریى بۆمبهەڵگرە تێکشکێنەرەکانى ئەمریکا بۆ لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی فۆردۆ.
دووبەرەکی لە نێوان کۆمارییەکان لە کۆنگرێسدا بەردەوامە لەسەر ئاستی تێوەگلانی ئەمریکا لە ململانێکاندا، لە کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی دامەزراوەی فۆردۆ تاوەکو ناچارکردنی ئێران بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە دیپلۆماسییەکان. بەڵام کۆدەنگییەکی بەرفراوانی کۆمارییەکان هەیە کە واشنتن دەبێت پشتگیریی ئیسرائیل بکات لەوەی کە ئەوان بە "مافی بەرگریکردن لە خۆ"ـی دەزانن.
هەندێک لە کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی پیران ئاماژەیان بەوە کردووە، پێویستە بەشداری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بکات بۆسەر ئێران بۆ لەناوبردنی شوێنە ئەتۆمییە تۆکمەکان، بەتایبەتی دامەزراوەی فۆردۆ، دەڵێن ئیسرائیل توانای ئەوەی نییە بە تەنیا ئەو کارە بکات.
بەڵام هەندێکی دیکە باسیان لەوە کردووە، رەنگە تەلئەڤیڤ پلانی جێگرەوەی هەبێت بۆ هێرشکردنە سەر فۆردۆ، هەندێکی دیکەش پێشنیازیان کردووە واشنتن لە بەشداریى هێرشەکان بچێتە دواوە و سەرنجی لەسەر دیپلۆماسی بێت، مەگەر هێرشی راستەوخۆ بکرێتەسەر هاوڵاتییان یان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەشدارى بکات.

کاردانەوەى ئێران:
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هەر هێرشێکی ئەمریکا توند دەبێت و ئەگەری هەیە رووبەڕووبوونەوەی بەرفراوانی دەریایی و داخستنی گەرووی هورمزى لێبکەوێتەوە.
هەر بەشدارییەکى راستەوخۆى ئەمریکا، 63 بنکەى سەربازیى ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەکانى دیکەى جیهان، رووبەڕووى هەڕەشەى ئێران دەکاتەوە، لەو حاڵەتەدا گرووپە لایەنگرەکانى تاران لە نموونەى حوسییەکان و گرووپەکانى عێراق دەتوانن مەترسى بۆ ئەمریکییەکان دروستبکەن.

خواستەکانى ئیسرائیل:
هۆشداری و هەڕەشەى ئیسرائیلییەکان تاوەکو دێت توندتر دەبێتەوە، بەرپرسانى تەلئەڤیڤ دەیانەوێت ژێرخانى ئەتۆمى ئێران لەناوبەرێت، لەبەرامبەردا ئێران کار لەسەر وەڵامێکى هاوسەنگ دەکات.
ئیسرائیل تاوەکو بیرکردنەوە لە ئۆپراسیۆنى زەمینى بۆ لەناوبردنى وێستگەى فۆردۆ رۆیشتووە، بەڵام تواناى کارێکى لەو شێوەیەى ئەستەمە.
ئامانجێکى هێرشەکانى ئیسرائیل ماندووکردنى سیستمى سیاسى ئێرانە نەک رووخاندنى، چونکە زۆرینەى وڵاتان بۆچوونیان وایە رووخانى دەسەڵاتى ئێران لە بەرژەوەندى ناوچەکە نییە.
لەگەڵئەوەشدا بەرپرسانى تەلئەڤیڤ لەسەرووى هەموویانەوە نەتانیاهوو، جەخت لە رووخانى سیستمى سیاسى ئێران دەکاتەوە، لەلاى دۆستە ئەمریکییەکانیشیان بۆ ئەم خواستە بۆچوونى جیاواز هەیە، چونکە لە دیدى ئەمریکییەکان هەمیشە دوو بیرۆکە ئامادەییان هەبووە، بیرۆکەى رووخانى رژێمەکان یاخود گۆڕینى رژێمەکان، ئەوەى یەکەمیان لە ئەفغانستان و عێراق جێبەجێکرد و زۆرێک لە دەستەبژێرى ئەمریکى بۆچوونیان وایە، لەوەدا زیان و هەڵەیان کردووە.
هەندێک لە بیرۆکەکانى دیکە ئەوەیە گۆڕینێک لە سیستمى سیاسى ئێران بهێنرێتەوە، بەجۆرێک دەسەڵاتەکانى سوپاى پاسداران کەمبکرێتەوە و رۆڵى زیاتر بە ئەرتەش بدرێت، لەگەڵئەوەشدا بەرەى ریفۆرمخوازەکان کە ئێستا حکومەتیان لە دەستە، دەسەڵاتى زیاتریان پێبدرێت و سەرکردایەتى قۆناغێکى راگوزەر لە ئێرانى بێ بەرنامەى ئەتۆمى بکەن، بەڵام هەموو ئەمانە بەبێ بەربەست و ئاسان نین.
پشتیوان و لایەنگرانى مانەوەى ویلایەتى فەقێ هەیمەنەى گەورەیان بەسەر دەوڵەتدا هەیە، بەتایبەت خودى رێبەرى باڵا کە هەموو جۆرە تەسلیمبوونێک یان گۆڕینى بنەما و پایەکانى سیستمەکە رەتدەکاتەوە.

مامەڵە لەگەڵ ئێران:
ئارامگرتنى ستراتیجی کە لەناو دونیاى سیاسەتدا وەک تەکنیکێک کارى لەسەر دەکرێت، لە بەرژەوەندی ئێراندایە، بەو پێیەی رووبەرەکەی یەک ملیۆن و 600 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و 85 ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێیە، بەراورد بە ئیسرائیل کە رووبەرەکەی لە 20 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە زیاتر نییە و نزیکەی 10 ملیۆن کەسی تێدایە (هەشت ملیۆن ئیسرائیلی و دوو ملیۆن عەرەب).
لە ناوخۆى ئیسرائیل درێژەکێشانى ململانێکە رووبەڕووى بەرهەڵستى دەبێتەوە، چونکە زۆرێک لە ئیسرائیلییەکان حەز بە کار و گەشت دەکەن، درێژەکێشانى راوەستانى کار و گەشتەکان وادەکات فشارەکانیان بۆسەر حکومەت زیاتر بێت، لەکاتێکدا تێچووى شەڕەکەش لەسەر حکومەتى تەلئەڤیڤ کەم نییە.
لە هەموو بارێکدا شەڕى زەمینى ئەگەرێکى زۆر دوورە، چەک و جبەخانەى ئیسرائیلیش بەبێ کۆمەکى ئەمریکا بەشى ماوەیەکى زۆر ناکات، لە کاتێکیشدا ئاسمان و هاتوچۆى کەشتیوانیى راگیرابێت، گەیاندنى کۆمەک کارێکى قورسە، بۆ نموونە باس لەوە دەکرێت، سیستمى دژەموشەکى ئیسرائیل بەبێ هاوکاریى ئەمریکا بەشى دوو هەفتە دەکات.
20/06/2025