کاربۆهیدرات چییە؟

خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە کاربۆهیدرات
خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە کاربۆهیدرات

د. سەلمان جاف  
کاربۆهیدرات، بەو پێکهاتە خۆراکییە دەگوترێت کە لەرووی کیمیایییەوە لە کاربۆن و هایدرۆجین پێکهاتووە، لە بنەڕەتدا لە شەکر پێکدێت. کاربۆهیدرات، لە پاڵ چەوری و پرۆتیندا، یەکێکە لە سێ سەرچاوە سەرەکییەکەی وزەی لەش، بگرە سەرەکیترین سەرچاوەی وزەیە. بەشێوەیەکی گشتی کاربۆهیدراتەکان دەکرێن بە سێ بەشەوە: 

  • کاربۆهیدراتی سادە (شەکر):  

پێشیان دەگوترێت شەکرە سادەکان، بەزۆری لە شەکری تاک گەردی و دوو گەردی پێکدێن، دەکرێنە ناو خواردن و خواردنەوەکان بۆنموونە شیرینی، نەستەلە، نوقڵ، ساردی، شەربەت. بەشێوەی سروشتی لە پێکهاتەی میوە، سەوزە و شیرەمەنیدا هەیە. 

  • کاربۆهیدراتی ئاڵۆز (نیشاستە): 

 لەم جۆرەدا، گەردەکانی شەکر پێکدێن لە زنجیرە گەردی درێژ و ئاڵۆزی پێکەوەبەستراو، لە جۆگەی هەرسدا تێکدەشکێنرێن و پارچەپارچە دەبن بۆ شەکری تاک گەردی، پاشان هەڵدەمژرێن و دەچنە سووڕی خوێنەوە. 
نموونەی ئەمانە: دانەوێڵە، برنج، نان، مەعکەرۆنی، گەنمەشامی، هەروەها سەوزەواتی وەک پەتاتە و پاقلەمەنییەکان. 

  • ریشاڵەکان: 

 ئەمانەش کاربۆهیدراتی ئاڵۆزن، بەڵام جۆگەی هەرس ناتوانێت زۆربەیان تێک بشکێنێت و وەکو خۆیان دەمێننەوە، بۆیە پاش خواردنی ئەو خواردنانەی کە دەوڵەمەندن بە ریشاڵ، هەست بەتێری دەکەیت. 

ریشاڵەکان سوودی تەندروستیی زۆریان هەیە، لەوانە؛ کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن، کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ، رۆڵی گرنگ لە چارەسەرکردنی قەبزی، کەمکردنەوەی مەترسیی توشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن و کۆم و زۆر سوودی گرنگی دیکە. 

  ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ریشاڵ وەک سەوزەوات، میوەکان، چەرەس، نانی تەواو، دانەوێڵەی تەواو و پاقلەمەنییەکان.