گیدۆن ساعر: دوو بۆ سێ ساڵ ئێرانمان لە بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى دواخست
گیدۆن ساعر، وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران، دوو بۆ سێ ساڵ تواناکانى ئەو وڵاتەیان بۆ بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى دواخست.
ساعر لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەى بێڵدى ئەڵمانى، ئاماژەى بەوەکرد، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران سەدان پێگەى سەربازى و ئەتۆمى گرتووەتەوە و چەندین فەرماندەى باڵا و زاناى ئەتۆمییان کوشتووە.
گوتیشى، کوشتنى ئەو کەسانەى سەرپەرشتیی چەکدارکردنى پرۆگرامى ئەتۆمیی ئێرانیان کردووە دەستکەوتێکى گەورە بووە، بەڵام هەرچییەکیان لەدەستبێت دەیکەن و بەردەوامدەبن تاوەکو کۆتایی بە هەڕەشەکان دەهێنن.
وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل لە دیمانەکەیدا دووپاتیکردەوە، گۆڕینى دەسەڵات لە ئێران وەک ئامانجێکى جەنگەکە دیارینەکراوە و تاوەکو ئێستاش کاریان بۆ نەکردووە.
هەرچەندە بەرپرسانى ئێران بەردەوام رەتیدەکەنەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى بدەن و پرۆگرامى ئەتۆمیی وڵاتەکەیان بە پرۆگرامێکى ئاشتییانە ناودەبەن، بەڵام ئیسرائیل و ئەمریکا پێیان وایە ئێران هەوڵى بەدەستهێنانى ئەو چەکە دەدات و ئەگەر بوارى پێبدرێت لەماوەیەکى کورتدا دەبێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى.
21/06/2025