نهێنییەكی دیكەی مۆنالیزا ئاشکرا دەكرێت
شیکارییەکی کیمیایی، رووناکیی نوێ دەخاتە سەر گۆشە پەنهانەکانی دروستبوونی تابلۆی بەناوبانگی مۆنالیزا. شارەزا هونەرییەکان دەڵێن: ئەم شیکارییە پاڵپشتییەکی گەورە دەبێت بۆ دۆزینەوە هونەرییەکانی داهاتوو.
بە بەکارهێنانی تیشکی ئێکس و شیکاریی تیشکی ژێرسووری ورد، توێژەران گەیشتوون بە هەڵدانەوەی ئەو تەکنیکە نهێنییانەی شێوەکاری بەناوبانگی جیهانیی "لیۆناردۆ داڤینچی" لە دروستکردنی تابلۆی مۆنالیزا بەکاریهێناوون.
شیکارییەکە دەریدەخات ئەم تابلۆیە لەرێی پێکهاتەی هاڕدراووی ئۆکسیدی قوڕقوشمەوە چینەکانی ئەستوور کراوون و رەنگەکانی پێ وشککراوەتەوە.
توێژەران دەڵێن: ئەم پێشهاتە کاریگەریی لەسەر مێتۆدی نوێی توێژینەوە هونەرییەکان دروستدەکات و پاڵپشت و سەلمێنەری تێکڕای ئەو بیردۆزە سەرەتاییانەیە کە پێشنیار بۆ شێوازی دروستبوونی تابلۆ پەنهانە جیهانییەکان دەکەن.
توێژەرەکان جەخت لەوەش دەکەنەوە: ئەم پێکهاتە کیمیاییە لە تابلۆکانی دیکەی داڤینچیدا بەکارهاتووە و نیشانەیە بۆ سەلماندنی ئەو تەكنیكانەی شێوەکارەکە بەکاریهێناوون لە دروستکردنی تابلۆ بەناوبانگەکانیدا.
تابلۆی مۆنالیزا لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەیەم لەلایەن شێوەکاری ئیتاڵیی لیۆناردۆ داڤینچییەوە دروستکراوە و بەهاکەی زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە.
18/10/2023