دەستەى خانەنشینان: لە سلێمانى شەش مووچە بۆ تازەخانەنشینکراوەکان خەرجکراوە

کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەستەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى خانەنشینى کەرکوک فۆتۆ: کەناڵ8
کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەستەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى خانەنشینى کەرکوک فۆتۆ: کەناڵ8

دەستەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى خانەنشینى کەرکوک لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەرەتاى ئەمساڵەوە 37 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر و کارمەندى سەربازى لە سنوورى هەرێمى کوردستان و بەشێک لە فەرمانگەکانى کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان خانەنشینکران، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا تازەخانەنشینکراوەکانى سلێمانى پاداشتى مۆڵەتى کۆکراوەیان وەرگرتووە، کە مووچەى شەش مانگە و پێکەوە دەدرێتە ئەوانەى رەوانەى خانەنشینیى دەکرێن.

ئەحمەد کەرکوکى، ئەندامى دەستەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى خانەنشینى کەرکوک رایگەیاند، لە هەولێر، دهۆک و کەرکوک تاوەکو ئێستا ئەوانەى تازەخانەنشین کراون، ئەو شەش مووچەیەیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا هاوتاکانیان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بەرلە جەژنى قوربان وەریانگرتووە، بۆیە داواى خەرجکردنى پاداشتى مۆڵەتى کۆکراوە لەو ناوچانەش دەکەن.

ئەندامى دەستەکە باسیلەوەشکرد، بەشێک لە فەرمانگەکانى کەرکوک و ناوچەکوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان فەرمانبەرەکانیان لەرووى میلاکەوە سەربە حکومەتى هەرێمى کوردستانن، ئەوانیش بێبەشبوون لەوەرگرتنى ئەو بڕەپارەیە.

ئەحمەد کەرکوکى جەختدەکاتەوە، ئەو تازەخانەنشینکراوانە ماوەى شەش مانگە جگە لەوەى پاداشتى مۆڵەتى خانەنشینییان وەرنەگرتووە، بەهۆى تەواونەبوونى مامەڵەکانیان هیچ مووچەیەکیشیان لەماوەى شەش مانگى رابردوو وەرنەگرتووە.

ئەمساڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان یاساى خانەشینیی یەکگرتووى عێراق ژمارە 9ى ساڵى 2014ى بەرکارکرد، بەگوێرەى یاساکە لەدایکبووانى سێ ساڵ پێکەوە خانەنشینکران و بەهۆى زۆریى ژمارەیان، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە مامەڵەى سەرجەمیان تەواو بکرێت.