شاکر فەتاح.. نووسەری چیرۆک و شەهیدی نیشتمانپەروەر
شاکر فەتاح ئەحمەد، ساڵی 1914 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، یەکێکە لە دیارترین نووسەرانی کورد، لە بوارەکانی هۆنراوە و چیرۆک و گەشتنامەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی دیوە.
کۆلێجی مافی تەواو کردووە
شاکر فەتاح، لە بنەماڵەیەکی خوێندەواردا هەڵکەوتووە، لە منداڵیدا لە حوجرەی فەقێیان خوێندوویەتی، پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی خوێندن لە سلێمانی، کۆلێجی مافی لە بەغداد تەواو کردووە.
هاوڕێی نووسەرە دیارەکان بووە
شاکر فەتاح یەکێکە لە نووسەرە ناسراوەکانی کورد، لە ماوەیەکی گرنگ و پڕ لە پێشهاتی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و وێژەییدا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە، دیارترین ئەو کەسایەتییانەی لەگەڵیدا دەستبەکار بوون: محەممەد ئەمین زەکی، تۆفیق وەهبی، حسێن حوزنی موکریانی.

پیرەمێرد مامۆستای بووە
شاکر فەتاح، لە ڕۆژنامەکانی بانگی کوردستان، ڕۆژی کوردستان، ئومێدی ئیستیقلال و بانگی هەق کاری کردووە، لە پیرەمێردی شاعیر و بیرمەندی کوردەوە فێری نووسین و خوێندنەوەی کوردی بووە، هانیداوە بۆ کۆکردنەوەی وشەی کوردیی پەتی.
ڕۆڵی لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی کوردییدا هەبووە
شاکر فەتاح، لەماوەی ژیانیدا، سەرقاڵی دەرکردنی ڕۆژنامە، پێشکەشکردنی شانۆگەری، کردنەوەی کتێبخانە و بەخشینی کتێب بووە، لەگەڵ گەشانەوەی وێژەی کوردی لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، بە جۆش و خرۆشەوە ڕۆڵێکی باشی لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری، ئەدەبی و ڕۆژنامەگەری کوردی گێڕاوە.
لە چەندین بواری جیاوازدا شاکر فەتاح قەڵەمێکی دیار و ناسراو بووە، لەوانە نووسینی: هۆنراوە، وتار، چیرۆک، چیرۆکی منداڵان، ژیاننامە و گەشتنامە، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و وەرگێڕان.

هۆنراوەکانی لەبارەی چین؟
زۆربەی هۆنراوەکانی لە دەوری مەبەستی کۆمەڵایەتی و وەسف و دڵداری و نامەی شیعر دەسوڕێنەوە، پرسەکانی هەژاری، زۆرداری، نەخوێندەواری، دواکەوتوویی کۆمەڵی کوردەواری، وەسفی سروشتی کوردستان و ژن بە ڕوونی لە ناوەڕۆکی هۆنراوەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە.
شەهید بووە
شاکر فەتاح نیشتمانپەروەرێکی دڵسۆز بووە، خاوەن هەڵوێست بووە، بە ڕووی نادادپەروەری و ستەمدا وەستاوەتەوە، بێدەنگ نەبووە و سەری شۆڕ نەکردووە لە ئاست هەڕەشە و چاو سوورکردنەوە و تۆقاندن، ئەم هەڵوێستە بە درێژایی تەمەنی و هەر لە خۆناسینەوە لەگەڵی گەورە بووە و سەرەنجامیش دوا هەڵوێستی بە شەهیدکردنی دا؛ لە ڕێکەوتی 27ـی حوزەیرانی 1988 لەسەر دەستی ڕژێمی بەعسی عێراقی، گوللـەباران کراوە.

1 کاتژمێر پێش ئێستا