نەخۆشییە دەروون جەستەییەکان چین و لەکوێ چارەسەر دەکرێن؟
گوشار و تەنگژە دەروونییەکان زۆرجار مرۆڤ دووچاری نەخۆشیی دەروونی دەکەن، رەنگە زۆربەی خەڵک وابیربکاتەوە هەموو کات نەخۆشییە دەروونییەکان تەنیا تێکچوونی هەست و سۆز و هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەگرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێک پەشێوی دەروونی هەن لەشێوەی نەخۆشیی جەستەییدا دەردەکەون، بەبێ ئەوەی کەسەکە نەخۆشیی جەستەیی هەبێت، بەم حاڵەتە دەوترێت نەخۆشییە دەروون جەستەییەکان.
دەربارەی ئەم پرسە، وەکو دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 دیدارێکی تایبەتمان لەگەڵ دکتۆر فەهمی عەلی عەزیز پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید سەڵاحی دەروونی، ئەنجامدا.
دەکرێت بزانین نەخۆشییە دەروون جەستەییەکان چین و نیشانەکانیان کامانەن؟
د.فەهمی عەلی: نەخۆشییە دەروون جەستەییەکان بریتینلە ئەو نەخۆشییە دەروونییانەی بە شێوازی نیشانەی جەستەیی دەردەکەون و وا هەستدەکرێت نەخۆشیی جەستەیی بن. نیشانەکانیش زۆرن، بۆ نموونە ئازاری شوێنە جیاوازەکانی جەستە، سڕبوون، هەناسەتوندی، سەرئێشە، جووڵەی نامۆ و نائاسایی جەستە، گیانڕەقبوون، سنگئێشە، تەنگەنەفەسی، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، سکئێشە، بێهێزی، تێکچوونەکانی سووڕی مانگانە لە خانماندا و هتد. بۆیە زۆرجار ئەم کەسانە چەندین پشکنینی جیاواز دەکەن و سەردانی زۆر پزیشکی پسپۆڕییە جیاوازەکان دەکەن.
ئەم نەخۆشییانە لە چ تەمەنێک و رەگەزێکدا زیاتر باوە؟
د. فەهمی عەلی: نەخۆشییە دەروون جەستەییەکان دەکرێت لە هەر تەمەنێکدا رووبدەن، بەڵام زیاتر لە سەروو تەمەنی بیست ساڵییەوە دەردەکەوون. رێژەی تووشبوونی نێر و مێش تا رادەیەک نزیکن لە یەکەوە.
کاتێک کەسێک تووشی ئەم نەخۆشییانە دەبێت، بۆ وەرگرتنی چارەسەر روو لە کوێ بکات؟
د. فەهمی عەلی: گرنگترین شت لەم ساتانەدا ئەوەیە نەخۆش سەردانی پزیشکی پسپۆر بکات، جا پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان بێت یان هەناوی، کە دواجار پزیشکی هەناوییش بۆ چارەسەر، هەر دەبێت بینێرێتەوە بۆ لای پزیشکی دەروونی.
چۆن نەخۆشییەکە دەستنیشاندەکرێت؟
د. فەهمی عەلی: پزیشکی پسپۆڕ لە ڕێگەی کۆمەڵێک پرسیار لەبارەی مێژووی نەخۆشییەکە، نیشانەکانی و کاریگەرییەکانی، نەخۆشییەکە دەستنیشاندەکات. هەندێکجار رەنگە پێویست بە ئەنجامدانی هەندێک پشکنینی تاقیگەیی و سەریری بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی نەخۆشی و هۆکاری جەستەیی ئەم نەخۆشییە دەستنیشاندەکات.
رێگەکانی چارەسەری ئەم نەخۆشییە کامانەن؟
د. فەهمی عەلی: تووشبووانی ئەم پەشێوییە پاش دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە لایەن پزیشكی دەروونییەوە، دوو رێگەیان بۆ دادەنرێت بۆ چارەسەرکردن، ئەویش بە گوێرەی جۆر و توندێتیی نەخۆشییەکە دوو بژاردەیە، ئەوانیش یان بە شێوازی چارەسەری دەروونیی جەلسات و قسەکردنە، کە رەنگە چەند جەلسەیەکی بوێت یان بەکارهێنانی دەرمانی دەروونییە کە رەنگە لە مانگێکەوە تا شەش مانگ بۆ ساڵێک بیدرێتێ و دوای ئەوە چارەخوازەکە باش دەبێتەوە.
19/10/2023