چەند کەس لە کوردستان فۆڕمی بەخشینی ئەندامێکی جەستەیان لەپاش مردن پڕكردۆتەوە؟
کەم نین ئەو کەسانەی لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیاندا، بۆ چارەسەرکردنی گرفتە تەندروستییەکانیان و مانەوە لە ژیاندا، پێویستیان بە چاندنەوەی ئەندامێکی جەستەیان دەبێت. لەهەمانکاتدا هەندێک کەس لەپێناو بیروباوەڕ و مەبەستێکی تایبەتدا، ئامادەن ئەندامێکی جەستەیان ببەخشن بە کەسێک کە نایناسن. هەندێک کەسی دیکەش، کاتێک بەهۆکارێک تووشی مردنی مێشک دەبن، دەکرێت سوود لە ئەندامەکانی جەستەیان وەربگیرێت بۆ رزگارکردنی ژیانی کەسێکی دیکە.
بۆ ئەم مەبەستەش وەکو دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 دیدارێکمان لەگەڵ فەرهاد قادر محەمەد- سەرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشان لە کوردستان ئەنجامدا بەمەبەستی پێدانی زانیاری دەربارەی رێکارە پێویستەکانی بەجێگەیاندنی ئەم پرۆسەیە بە خوێنەران.
تاوەکو ئێستا چەند کەس لەرێی رێکخراوەکەتانەوە فۆڕمی بۆ بەخشینی ئەندامەکانی جەستەی پڕکردووەتەوە؟
فەرهاد قادر: تاوەکو ئێستا داواکاری پڕکردنەوەی زیاتر لە شەش هەزار فۆڕم پێشکەش بە رێکخراوەکەمان کراوە، هەرکەسێک ئارەزووی ناو تۆمارکردنی هەبێت پێویستە دوو فۆڕم پڕبکاتەوە، فۆڕمێکیان بۆ خۆیەتی وەکو وەسێتنامەیەک وایە کە دەبێت کەسەکە تیایدا ئاماژە بەوە بکات دوای مردنی دەیەوێت چ ئەندامێکی جەستەی ببەخشێت و بە چ شێوەیەک دەیبەخشێت و ئایا ئارەزوو دەکات بدرێت بە کۆلێژی پزیشکی بۆ وانە خوێندن یان نا. هاوکات لەگەڵ ئەم فۆرمەدا، فۆڕمێکی دیکە دەدرێتە کەسە پلە یەکەکانی خێزانەکەی وەکو دایک، باوک، خوشک، برا، هاوسەر یان منداڵی سەروو 18 ساڵ کە تیایدا دەبێت رەزامەندبن لەسەر ئەوەی دوای مردنی ئەم ئازیزەیان هەماهەنگ و هاوکاری ئێمەبن بۆ بەخشینی ئەندامەکانی جەستەی بەکەسێکی دیکە، چونکە ئەگەر ئەوان رەزامەندنەبن، ناتوانین ئەو کارە ئەنجامبدەین.
لەو فۆرمانەی تا ئێستا وەرگیراون، چەند فۆرمتان بۆ گەڕاوەتەوە؟
فەرهاد قادر: تاوەکو ئێستا لە کۆی ئەو فۆرمانەی بردراوە، 1230 فۆڕم هاتوونەتەوە، کە خێزانەکەشیان رەزامەندییان دەربڕیوە و لەناو ئەمانەشدا زۆربەیان بە تەواوی خێزانەکەوە بوون بە ئەندام و ناویان تۆمارکردووە بۆ بەخشینی ئەندامێکی جەستەیان.
ئەو کەسانەی ناویان تۆمارکردووە، زیاتر لە چ نەتەوەیەکن، کار و پیشەیان چییە؟
فەرهاد قادر: ئەوانەی تا ئێستا ناویان تۆمار کردووە هەمە چەشنن، کورد و خەڵکی بیانی وەکو فارس و عەرەبی تێدایە، هەندێک کەسی تێدایە لەدەرەوەی وڵات دەژین، سەرەڕای ئەمانەش بەرپرسی گەورەی تێدایە وەکو سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەڕێز د.رێواز فایەق هەتاوەکو کەسێکی ئاسایی.
لە هەرێمی کوردستاندا تاوەکو ئێستا کام ئەندامانەی جەستە بەخشراوون؟
فەرهاد قادر: ئەگەر نەخۆشخانەی تایبەت بە چاندنەوەی ئەندامی جەستە هەبێت وەک وڵاتە پێشکەوتووەکان، حەوت ئەندامی جەستە دەستنیشانکراوون کە دەتوانرێت ببەخشرێن لەو کاتەی کەسەکە دووچاری مردنی مێشک دەبێت و دەکەوێتە کۆماوە. لە کوردستاندا چاندنەوەی گورچیلە ئەنجامدەدرێت، ئێستاش لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە سلێمانی دەستکراوە بە چاندنەوەی جگەر. هاوکات لە نەخۆشخانەی ئێرانی هاوبەشی کوردستان لە سلێمانی چاندنەوەی قەرینەی چاو دەکرێت.
ئەم نەشتەرگەرییانە لە کوردستاندا کاتێک دەکرێت کە بەخشەرەکە زیندووبێت، چونکە لە کوردستان و عێراقیشدا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چاندنەوەی ئەندامانی جەستە لەدوای مردنی کەسی بەخشەر بۆ کەسێکی زیندوو بوونی نیە.
بەداخەوە لەساڵی 2013 بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەم پرسە دانرا، بەڵام دواتر تەواونەکرا. بۆیە تاوەکو ئێستا شەش ئەنداممان کۆچی دواییان کردووە و نەمانتوانیوە سوود لە ئەندامەکانی جەستەیان وەربگرین، بەڵام تاوەکو ئێستا لە رێگەی رێکخراوەکەمانەوە چوار گورچیلەی بەخشەرانی زیندوو بێبەرامبەر بەخشراوون.
ئەوانەی ناویان تۆمارکردووە بۆ بەخشینی ئەندامانی جەستەیان ئامانجیان لەم کارە چییە؟
فەرهاد قادر: ئەوانەی لای ئێمە ناو تۆمار دەکەن تەنیا بەمەبەستی بەخشین بەبێبەرامبەر ئەو کارە دەکەن، واتە وەکو کارێکی مرۆیی یان لە پێناو رەزامەندی پەروەردگار و رزگارکردنی ژیانی کەسێکی دیکە ئەندامی جەستەیان دەبەخشن. لەهەمانکاتدا، لە دەرەوەی ئەم رێکخراوەی ئێمە، دەنگۆی بازرگانیکردن، کڕین و فرۆشتن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە لەلایەن کۆمەڵێک کەسی دیکەوە لەئارادایە.
ئەو ئاستەنگییانە چین دێنە بەردەم ئەنجامدانی کارەکانتان؟
فەرهاد قادر: بەداخەوە ئەو ئاستەنگیانەی بۆ کارەکانمان دروست دەبن لەلایەن حکومەت و وەزارەتی تەندروستییەوەیە، پێویستە حکومەتی هەرێم بیرلەوە بکاتەوە لە هەولێر یان سلێمانی نەخۆشخانەیەک بۆ چاندنی ئەندامەکانی جەستە بکاتەوە، خۆ ئەگەر لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمدا هەبێت زۆر باشترە، چونکە چاندنەوەی ئەندامانی جەستە کارێکی زۆر پێویستە، لەبەرئەوەی هەندێک کەس کە دەچنە کۆماوە وەک مردوویەکی زیندوو وان، دەکرێت دوای رەزامەندبوونی کەسوکاریان، ئەندامەکانی جەستەیان ببەخشرێت بەو کەسانەی پێویستیانە.
لە رێگەی رێکخراوەکەتانەوە ئەندامی جەستە دەبەخشرێت بەهەموو کەسێک یان جیاوازی لەنێوان کەسەکانداهەیە بەگوێرەی بارودۆخی خێزانی و کەسییان؟
فەرهاد قادر: کاتێک پەیوەندیمان پێوەدەکرێت بۆ بەخشینی ئەندامێکی جەستە، ئێمە تەنیا یەک شت دەڵێین، ئەویش ئەوەیە ئەگەر کەسەکە کەسوکاری نییە، ئێمە هاوکاری دەکەین و ئەندامەکەی پێدەبەخشین، واتە ئەندامی جەستە بەکەسێک دەبەخشین کە کەسی نەبێت بۆ ئەوەی ئەمە بکەین بەنەریت. لەبەرامبەردا ئەو کەسانەی کەسوکاریان زۆرە، هەوڵدەدەین رازییان بکەین کە لەناوخۆیاندا ئەندامێک ببەخشن بەو کەسەی پێویستی پێیەتی.
ئایا ئەو کەسانەی ناویان تۆمارکردووە، ئامادەن کاتێک لەژیاندان ئەندامێکی جەستەیان ببەخشن؟
فەرهاد قادر: بێگومان ئێمە حەوت کەسمان بڕیارمانداوە کە لە ژیانیشدابین ئەندامی جەستەمان ببەخشین بەمەرجێک مەترسی مردنمان لەسەر دروستنەکات، ئەو چوار کەسەش کە گورچیلەیان بەخشیوە بەشێکن لەو حەوت کەسە و ئێستاش لەژیاندان، واتە کەسی وامان تێدایە ئامادەن بۆ چاندنەوەی مۆخ و جگەر و بەخشینی گورچیلە و خوێن کاتێک لە ژیاندابن.
19/10/2023