دەستەی پەخشی ئیسرائیل: ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکرد
میدیاکانی ئیسرائیل دەستپێکردنی ئاگربەستیان راگەیاند و ئێرانیش بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە و ترەمپیش رایگەیاند، ئاگربەست دەستیپێکردووە تکایە مەیشکێنن.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکردووە، ئەوەش پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تەلئەڤیڤ و تاران رەزامەندییان لەبارەی ئاگربەست پیشانداوە.
لەبەرامبەردا، کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێشتر رایگەیاندبوو، تاوەکو هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامبن هێرشی موشەکیی راناگرن، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی حوزەیران، شەش گورزە هێرشی موشەکیی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد، کە بەشێکیان ئامانجەکەیان پێکاوە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاش هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل جەختیکردەوە ئاگربەست دەستیپێکردووە و داوایکرد ئاگربەستەکە نەشکێنن.
تاوەکو ئێستا، ئێران بە فەرمی ئاگربەستی رانەگەیاندووە و پێشتریش ترەمپ بە ناڕاستەوخۆیی باسی لەوە کردبوو، ئێران و ئیسرائیل بەشێک لە پەیامەکانیان تەواودەکەن و ئاگربەستێک بۆ ماوەی 12 کاتژمێر رادەگەیەنن.
هەر لەبارەی ئاگربەستەوە، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ترەمپ بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ نەتانیاهوو کردووە و رازیکردووە بە راگرتنی جەنگ.
ئەمە لە کاتێکدایە، رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەزیرەکانی لە رێککەوتنی ئاگربەست ئاگادارکردووەتەوە و دوای لێکردوون لێدوان لەوبارەیەوە نەدەن.
24/06/2025