سکیزۆفرینیا چییە و نیشانەکانی چین؟

زۆرینەی ئەو کەسانەی سکیزۆفرینیایان هەیە، هێمن و دوورەپەرێزن
زۆرینەی ئەو کەسانەی سکیزۆفرینیایان هەیە، هێمن و دوورەپەرێزن

سکیزۆفرینیا، پەشێوییەکی درێژخایەنی دەروونییە، کاردەکاتە سەر شێوازی بیرکردنەوە، رەفتار، هەست و پەیوەندییەکان. کەسانی توشبوو بەم پەشێوییە، لەوانەیە وا دەربکەوون دابڕاون لە راستی، بەئاسانی ناگونجێن لەگەڵ دەوروبەر، شوێنی کار و خوێندن. جگە لەمانە، لەوانەیە کەسی تووشبوو خەیاڵ و راستی لەیەک جیا نەکاتەوە و هەندێک وێنە، دەنگ و بۆن هەست پێبکات کە لەراستیدا بوونیان نییە.  

نیشانەکان چین؟ 

سکیزۆفرینیا سێ قۆناغی هەیە، قۆناغی نیشانە سەرەتاییەکان، قۆناغی چالاک، قۆناغی درێژخایەن.

قۆناغی نیشانە سەرەتاییەکان: لەوانەیە چەند رۆژێک، چەند هەفتەیەک یان چەند ساڵێک بخایەنێت، نیشانەکان لەم قۆناغەدا بریتیینلە: 

  • گۆشەگیری و دابڕان لە دەوروبەر 
  • کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان  
  • گۆڕانی مەزاج 
  • گرفتی خەو 

قۆناغی چالاک: لەم قۆناغەدا کۆمەڵێک نیشان دەردەکەوون، کە لە کەسی ئاساییدا نین: 

  • باوەڕی هەڵە و چەقبەستوو: کەسی تووشبوو کۆمەڵێک بیروباوەڕی هەیە کە هەڵەن، بەڵام هەرچەند بەڵگەی پێ نیشان بدەیت، باوەڕەکانی ناگۆڕێن. بۆنموونە بۆچوونی وایە یەکێک دەیەوێت بیکوژێت یان کەسێکی بەناوبانگ عاشقی بووە و وێڵە بەدوایدا، بەبێ ئەوەی هیچ بنەمایەک هەبێت بۆ ئەم بیرانە.  
  • هەستکردن بە شتی ناڕاستی: کەسەکە هەندێک شت دەبیستێت، دەبینێت، بۆندەکات یان هەستیپێدەکات، کە لە راستیدا بوونیان نییە. بۆنموونە گوێی لێیە کەسێک قسەی بۆ دەکات و ئاڕاستەی دەکات بۆ ئەنجامدانی هەندێک کار یان هەستدەکات مێروو لەناو قاچ و دەستیدا هەیە.  
  • بەتەختەبوون: لەم دۆخەدا، کەسەکە لە قسەکردن دەوەستێت، لەوانەیە وەکو تەختەیەک جێگیر ببێت و بۆ ماوەیەکی زۆر هیچ جووڵەیەک نەکات. 
  • رەفتاری نامۆ: کەسەکە بە شێوەیەکی نامۆ رەفتار دەکات و هەندێکجار دەگاتە ئاستی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر کەسانی دەوروبەری.
  • گۆڕانی ئاخاوتن: کەسەکە ناتوانێت وەک پێشتر بە شێوازێکی رێک بدوێت و هەندێکجار قسەکانی تێکەڵن و مانا نابەخشن.

قۆناغی درێژخایەن: لەم قۆناغەدا، کەسەکە کۆمەڵێک نیشانەی قۆناغی چالاکی دەمێنێت، وەکو: 

  • نەمانی هەست 
  • دابڕان و دوورکەوتنەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان  
  • نەبوونی وزە و توانا 
  • کەم قسەکردن 
  • نەبوونی هەیەجان بۆ چالاکییەکان  
  • چێژنەبینین لە ژیان و  چالاکییەکان 
  • گرنگینەدان بە پاکوخاوێنی و جەستەی خۆی 

جگە لەمانە، کەسی تووشبوو لەوانەیە کۆمەڵێک نیشانەی دیکەی لێ دەربکەوێت:- 

  • قسەتێکەڵکردن: لە ماوەیەکی کەمدا باسی چەند شتێک دەکات کە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکترەوە نییە. 
  • نەمانی توانای بڕیاردان 
  • نووسینی زۆری بێواتا 
  • لاوازبوونی یادگە و لەبیرچوونی شتەکان 
  • دووبارەکردنەوەی جووڵەکان 
  • لاوازبوونی توانای تێگەیشتن و لێکدانەوە
  • هەستنەکردن بە بوونی هەموو ئەو نیشانانەی باسکران: کەسەکە نکۆڵی لەوە دەکات نەخۆشە و بۆچوونی وایە هەموو بیروباوەڕ و ئەزموونەکانی راستین.

ئایا کەسانی تووشبوو بە سکیزۆفرینیا مەترسیدارن؟ 

بەشێك لە تووشبووان، لە هەندێک کاتدا لەوانەیە توندڕەو بن، ئەمە لەژێر دەستی خۆیاندا نییە و کاریگەریی پەشێوییەکەیە.

بەگشتی لە فیلم و کتێبەکاندا، وا وێنای کەسانی تووشبوو کراوە، کە هەموویان مەترسیدار و تاوانبارن، ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەی لەناو خەڵکیدا دروستکردووە. زۆرینەی کەسانی تووشبوو نەک هەر توندڕەو و مەترسیدار نین، بەڵکو هێمنن، حەزیان لە دوورکەوتنەوە و تەنیاییە. 

هۆکار چییە؟ 

تاوەکو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراو نییە بۆ سکیزۆفرینیا، بەڵام توێژەران کۆمەڵێک شتیان دیاریکردووە کە لەوانەیە پەیوەندییان بە پەشێوییەکەوە هەبێت: جێنیتیک، هاوسەنگیی ماددە کیمیاییەکانی ناو مێشک، پێکهاتەی نائاسایی مێشک و ژینگە و دەوروبەر. 

چارەسەری سکیزۆفرینیا چییە؟ 

ئەم پەشێوییە چارەسەرێکی یەکجاری نییە، بەڵام چەند رێگەیەک هەن بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان. زۆرجار ئەم رێگەیانە یارمەتیی کەسەکە دەدەن ژیانێکی ئاسایی بژی. 

  • دەرمان: چەندین جۆری دەرمان هەن یارمەتیی چارەسەرکردنی نیشانەکان دەدەن. پزیشک، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی چارەخوازەکە، بڕیار دەدات کام جۆری دەرمانی بۆ بنووسێت.  
  • چارەسەر بە تەزووی کارەبا: لەڕێگەی ئەم تەزووەوە هەوڵ دەدرێت هاوسەنگی بگێڕدرێتەوە بۆ ماددە کیمیاییەکانی ناو مێشک.