ترەمپ جەختیکردەوە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناوبراون
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا جەختیکردەوە، ئەو هێرشە سەربازییەى رۆژى یەکشەممەى رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانیان کردیانە سەر ئێران، وێستگە ئەتۆمییەکانى ئەو وڵاتەیان بەتەواوی لەناوبردوون، ئەو راپۆرتە میدیاییانەشی رەتکردەوە، کە بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن، هێرشەکە تەنیا چەند مانگێک بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی دواخستووە.
دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس" نووسیویەتی، "تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بۆ هەواڵی درۆ، لەگەڵ ڕۆژنامەی شکستخواردووی نیویۆرک تایمز، هەوڵدەدەن ناوبانگی یەکێک لە هێرشە سەربازییە سەرکەوتووەکانی مێژوو بشێوێنن!"
ترەمپ لە پۆستەکەیدا جەختیکردووەتەوە، "پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتەواوی لەناوچوون".
ئەو پۆستەی ترەمپ دوای ئەوە هات، ژمارەیەک میدیاى ئەمریکى، بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی نهێنیی بەشی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناسراو بە پنتاگۆن، بڵاویانکردەوە، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تەنیا چەند مانگێک بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی دواخستووە و لەناوی نەبردووە.
25/06/2025