سوودەکانی ماسی بۆ تەندروستیی مرۆڤ چین؟
ماسی بەیەکێک لە سەرچاوە خۆراکییە بەسوودەکان دادەنرێت بۆ تەندروستیی مرۆڤ، چونکە سەرچاوەیەکی خۆراکی دەوڵەمەندە بە پرۆتین و ڤیتامینەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو چەورییە تەندروستانەی تێدایە کە رۆڵی گرنگیان لە تەندروستی دڵ و بۆرییەکانی خوێندا هەیە.
سوودەکانی خواردنی ماسی چین؟
ماسی چەوریی ئۆمێگا سێی تێدایە کە چەورییەکی گرنگە بۆ تەندروستیی مرۆڤ. چونکە لەشی مرۆڤ خۆی ناتوانێت ئەم جۆرە چەورییە دروستبکات، بۆیە دەبێت لە رێگەی خۆراکەوە ئەم چەورییە وەربگرێت، ماسیش بە سەرچاوەیەکی خۆراکیی دەوڵەمەند بە ئۆمێگا سێ دادەنرێت، کە ئەم سوودانەی هەیە:
- مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە:
ئۆمێگا 3 لەڕێگەی کەمکردنەوەی فشاری خوێن، چەورییە ناتەندروستەکان، خاوکردنەوەی پڕۆسەی نیشتنی چەوریی و ماددە زیانبەخشەکان لە دیواری خوێنبەرەکاندا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن کەمدەکاتەوە. هاوکات چەند سوودێکی تریشی بۆ تەندروستیی جەستە هەیە، وەکو:
- پاراستنی تەندروستیی مێشک و دەروون: ئۆمێگا 3 مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکی، ئەلزەهایمەر، نەخۆشی کەم تەرکیزی فرەجوڵەیی، لەبیرچوونەوە و جەڵتەی مێشک کەمدەکاتەوە.
- کەمکردنەوەی مەترسیی هەوکردن و لێکەوتەکانی: چەورییە تەندروستەکان وەک ئۆمێگا 3 ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن کەمدەکاتەوە بەتایبەت هەوکردنی جومگەکان.
- سوودی بۆ تەندروستیی خانمانی دووگیان هەیە: چەورییە تەندروستەکان بۆ تەندروستیی خانمان و گەشەی مێشكی کۆرپەکەی گرنگە.
- پاراستنی تەندروستیی دیواری بۆرییەکانی خوێن: ئۆمێگا 3 لەرێگەی کەمکردنەوەی چەورییە ناتەندروستەکان، رێگە لە کۆبوونەوەو نیشتنی چەورییە ناتەندروستەکان دەگرێت لە دیواری بۆرییەکانی خوێندا.
- پاراستنی تەندروستیی خانەکانی لەش: ئۆمێگا 3 بەشداریدەکات لە دروستکردنی خانەی تەندروست لەلەشدا. هاوکات یارمەتی تەندروست مانەوەی خانەکانی جەستە دەدات.
19/10/2023