ئەو کەسانەی شەکرەیان هەیە کەی پشکنین بۆ چاویان بکەن؟

چارەخوازێک پشکنینی چاوی بۆ دەکرێت
چارەخوازێک پشکنینی چاوی بۆ دەکرێت

نەخۆشیی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان لە جیهاندا، بەرزبوونەوەی ئاستی رێژەی شەکر بۆ ماوەیەکی درێژ لە جەستەی کەسانی تووشبوودا بە نەخۆشیی شەکرە زیان بە تۆڕی چاو دەگەیەنێت، بۆیە هەرکاتێک کەسێک تووشی نەخۆشی شەکرەبوو، پێویستدەکات ناو بەناو پشکنین بۆ چاوەکانی بکات.

چۆن نەخۆشی شەکرە کار لە تەندروستیی چاو دەکات؟

ئەگەر کەسێک شەکرەی هەبێت و بەنەخۆشییەکەی نەزانیبێت یان تووشبووی شەکرەبێت و بەشێوەیەکی باش نەتوانێت ئاستی شەکرەکەی کۆنترۆڵبکات، کۆبوونەوەی شەکر لەناو بۆرییەکانی خوێندا بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی تێکشکانی ئەو بۆرییەی کە خوێن بۆ تۆڕەی چاو دەبات، بەمەش کەسەکە دووچاری گرفتی تۆڕەی چاو دەبێت بەهۆی نەخۆشیی شەکرەوە. رەنگە ئەم حاڵەتە لەسەرەتادا ببێتە هۆی دەرکەوتنی پەڵە لەپێش چاودا، پاشان کەمبوونەوەی بینایی، دواتر خوێنبەربوونی تۆڕەی چاو و لەدەستدانی بینایی لە قۆناغە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکەدا. هاوکات نەخۆشیی شەکرە دەکرێت بە تێپەڕبوونی کات ئاوی سپی و ئاوی رەشی چاو دروستبکات.

پێویستە چ کاتێک پشکنین بۆ چاو بکرێت؟

دکتۆر دیدار ئیسماعیل عازەبانی  پزیشکی پایەبڵندی هەناوی لە نەخۆشخانەی شار، رێنمایی کەسانی توشبوو بە نەخۆشیی شەکرە دەکات، پاش دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەیان، بەم شێوەیە پشکنین بۆ چاوەکانیان بکەن.

ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەكیان هەیە، پێویستە دوای پێنج ساڵ لە دەستنیشانکردنیان بە نەخۆشییەکە و هەڵسەنگاندنی کاریگەریی نەخۆشییەکە لەسەر تەندروستیی چاویان، یەکەم پشکنین بۆ چاویان ئەنجامبدەن. پاشان پزیشکی چاو بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی تەندروستیی چاوی کەسەکە، رێکەوتی ئەنجامدانی پشکنینی دواتری بۆ دادەنێت.

ئەو کەسانەش کە تووشبووی جۆری دووی نەخۆشیی شەکرەن، پێویستە راستەوخۆ پاش دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، پشكنین بۆ چاویان بکەن، چونکە رەنگە پێشتر تووشی شەکرەبووبن و نەیانزانیبێت.

گرنگە چارەخواز ساڵانە یەك جار پشکنین بۆ چاوی بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر لە یەکەم پشکنینیشدا، هیچ گرفتێکی چاوی نەبێت. ئەگەر کەسەکە لە یەکێک لە پشکنینەکاندا گرفتێکی چاوی هەبێت، پێویستە پشکنینەکە زووتر ئەنجامبدرێتەوە.

پێویستە چی بکرێت بۆ پاراستنی تەندروستیی چاو؟

  1. کۆنترۆڵکردنی رێژەی شەکری خوێن و وەرگرتنی چارەسەر بەگوێرەی رێنماییەکانی پزیشکی پسپۆر، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی چاو کەمدەکاتەوە.
  2. کێش دابەزاندن
  3. خواردنی خۆراکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لەو خواردنانەی شەکریان زۆر تێدایە.