ئێران و ئەمریکا لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم و دانوستانەکان ناکۆکن
ناکۆییەکانی ئێران و ئەمریکا، ئەمجارە تەنیا لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم نین، بەڵکو ئێستا لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیش بۆچوونیان جیاوازە.
ئێران جەخت لە دەستپێکردنەوە پیتاندنی یۆرانیۆم دەکاتەوە، ئەمریکاش هەڕەشەی بۆردوومانکردنی دەکاتەوە، تاران دەڵێت، هیچ رێککەوتنێک و بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان نییە کەچی ترەمپ دەڵێت، خولی نوێی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەمزووانە دەستپێدەکاتەوە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و نوێنەری تاران لە دانوستانە ئەتۆمییەکان ئاماژە بەوەدەکات، هیچ بڕیار و بەڵێنێک لە بارەی دەستپێکردنی دانوستانەکانەوە نییە و جارێکی دیکەش مەرجەکانی وڵاتەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە دووپاتکردەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران زیاتر رووینکردەوە و گوتیشی، "ئێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان نییە، دەمەوێت بە روونی ئەوە بڵێم نە بڕیارێک هەیە و نە بەڵێنێک لەو بارەیەوە، لە دوایین دانوستان پێمانگوتن پێشنیازی خۆمان هەیە، بەردەوامیی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵگرتنی سزاکان دوو ستونی گرنگی پێشنیازەکانمان بوون، دڵنیاشمان کردنەوە بە پابەندبوونی ئێران بە دروستنەکردنی چەکی ئەتۆم چونکە ئەوە لە باوەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە.".
لەگەڵ ئەوەی تاران جەختدەکاتەوە لەسەر مافی خۆی بۆ بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆم، بەڵام وا دیارە هەنگاوێک لە ئەمریکا هاتووەتە پێش و ئامادەیی گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بۆ وڵاتێکی دیکە پیشانداوە.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوەدەکات، گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەیان بۆ وڵاتێکی دیکە هێڵی سوور نییە و لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا.
هاوکات عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای خامنەیی و کەسی نزیک لە خامنەیی دوای بریندارکردنی لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ یەکەمجار قسەی بۆ میدیایی وڵاتەکەی کردووە و پێیوایە، "ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵیاندا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن نەبووە، بەڵکو بۆ دروستکردنی پشێوی و خۆپیشاندان و وروژاندنی شەقامی ئێران بووە".
عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای خامنەیی باسی ئەوەشیکرد، "دانوستان بۆ رێکەوتن نییە، بەڵکو بۆ دروستکردنی پشێوی و ئاژاوەیە لە ناو ئێران، بەڵام بەڕاستی خەڵکی ئێران خەڵکێکی هۆشیارن، هاودڵی خەڵکی ئێران نیشانەی ناسینی گرنگی و ئەهمیەتی ئێرانە لە لایی خەڵکەکەی و نیشانەی پیسی ئەمریکاو ئیسرائیلیشە لای خەڵکی ئێران".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکانیدا نایشارێتەوە، ئەگەر ئێران دەستبکاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم، بەبێ دوودڵی بۆردوومانی دەکەنەوە.
لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک دەکەن کە بکرێتەوە سەریان، بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی تەنیا پێنج لەسەدی توانا سەربازییەکانی بەکارهێناوە و هەر هێرشێک لە لایەن ئیسرائیلەوە بکرێت وەڵامی توندی دەبێت.
رەزا نەقدی، جێگری سەرۆکی بەشی هەماهەنگی سوپای پاسدارانی ئێران لەوبارەیەوە گوتی، "دەتوانم بڵێم ئێمە تاوەکو ئێستا سوودمان لە کەمتر لە پێنج لە سەدی تواناکانمان وەرگرتووە لەبەرامبەر دوژمن، واتە تاوەکو ئێستا توانا راستەقینەکانی خۆمان پیشاننەداوە، توانای بەهێزی سوپای ئێمە، توانای زەمینییە، بۆیە ئەگەربێت و هەر هێرشی بکرێت، ئەوا جارێکی دیکە بە توندترین شێوە وەڵام دەدەینەوە".
لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام ئەوە دووپاتدەکاتەوە، تەنیا رێگە بۆ مامەڵکردن لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، دانوستان و گفتوگۆیە، بەڵام تاوەکو ئیستا نە ئاسۆییەک بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکە دیارە و نە ئێرانیش بە مەرجی سەرەکیی ئەمریکا کە داخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیە رازیبووە، بەردەوامیش بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل هەڕەشە گورزی سەربازی لە یەکدی دەکەنەوە.
29/06/2025