دەروێش عەبدوڵڵا کێ بوو؟
شارەزایانی بواری هونەر و موزیکی کوردی، دەروێش عەبدوڵڵا وەکو هونەرمەندی گومناو وەسف دەکەن، کە یەکێک بووە لە گۆرانیبێژ و دەفژەنە دیارەکانی باشووری کوردستان.
عەبدوڵڵا قادر محەمەد، ساڵی 1890 لەدایکبووە، بە گوتەی لێکۆڵەران، شارەزاییەکی زۆری لە مەقامەکان و گۆرانییدا هەبووە، لەڕێگەی سەردانیکردنی کۆڕ و دانیشتنە هونەرییەکانەوە فێریان بووە.
ساڵی 1955، لە تەمەنی 65 ساڵییدا، لە ماڵی شێخ محەمەدی مەحوی، ئەلبوومێکی تۆمارکردووە، گۆرانی شاعیر، لە دەقێکیدا، بە ناوی "دەروێش عەبدوڵڵا" هەست و سۆزی کوردانەی خۆی بۆ گۆرانی، موزیک و شیعر دەردەبڕێت و بە فریشتەی موزیک وەسفی دەکات، لە هۆنراوەی ژمارە پێنجی کتێبی فرمێسک و هونەردا دەنووسێت:
بەڵێ، دیارە، لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکوو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لیخندا،
بەڵام تەختی ڕوفاه و تاجی حورمەت میللەتی هوشیار
بە ئوستادێ ئەدا وەک تۆ لە ناو شمشاڵی کون کوندا

وەکو نووسەر رێبوار حەمەتۆفیق ئاماژەی پێدەدات؛ جەمال بابان لە ئیبراهیم باجەلانەوە و ئەمیش لە رەشید هەورامییەوە دەگێڕێتەوە کە، دەروێش عەبدوڵڵا، زمانەکانی فارسی، تورکی و هیندی زانیوە، ماوەیەکیش لە سوپای لیڤی ئینگلیزییدا کاری کردووە.
دەروێش عەبدوڵڵا، ساڵی 1958، لە تەمەنی 68 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە و لە گردی شێخ محێدینی شاری سلێمانی بەخاک سپێردراوە.
30/06/2025