دەزگای ئاسایش: دوو درۆن لە سنووری سلێمانی کەوتنە خوارەوە
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو درۆن لە سنووری سلێمانی کەوتنەخوارەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و گوتەبێژی هێزەکانی 70ی پێشمەرگەش ئاشکرایدەکات، درۆنەکان لەلایەن هێزەکانیان خراونەتەخوارەوە.
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "دوو درۆن لەناوچەی تاسڵوجەی سنووری سلێمانی کەوتنەخوارەوە و دەستەبەجێ تیمەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە".
گوتیشی، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە لیوا ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە بە كەناڵ8ـی راگەیاند، "دوو درۆنەكە بە ئاسمانی فەرماندەیی هێزەكانی حەفتادا فڕیون و هێزەكانیان هەردوو درۆنەكەیان خستووەتە خوارەوە.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کەناڵ8ی گوت، درۆنەکان لە نزیک پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی کەوتوونەتە خوارەوە و ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.
هاوکات رەفعەت فاتیح، بەڕێوەبەری شارەدێی بەکرەجۆ بۆ کەناڵ8ی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
02/07/2025