نیشانەکانی گەڕانەوەی میز بۆ گورچیلەکان چین؟

گران جاف 04/07/2025
د. فەرمان محەمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و نەخۆشییەکانی میز و میزەڕۆ
د. فەرمان محەمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و نەخۆشییەکانی میز و میزەڕۆ

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. فەرمان محەمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و نەخۆشییەکانی میز و میزەڕۆ، باسی لە گەڕانەوەی میز کرد بۆ گورچیلەکان و نیشانەکانی خستەڕوو.

سەرەتا پزیشکەکە باسی لەوە کرد کە ئەم حاڵەتە زیاتر لە منداڵاندا دەبینرێت و لە سەد منداڵ یەکێکیان ئەم گرفتەیان هەیە.

بە گشتی لە ماوەی دووگیانیدا ئەم گرفتە دەستنیشاندەکرێت، واتە کاتێک خانمێک دووگیانە و سۆناری بۆ دەکەن، دەبینرێت کە جۆگەی حاڵبی منداڵەکە ئاوساوە و دەزانن کە منداڵەکە ئەم گرفتەی هەیە.

ئەگەر لەماوەی دووگیانیشدا دەستنیشان نەکرێت، ئەوا لە تەمەنی یەک بۆ پێنج ساڵیدا نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە منداڵەکەدا دەردەکەون، زۆرینەی کات بەهۆی لەرز و تا و هەوکردنی میزڵدانەوە منداڵەکە دەبرێت بۆ نەخۆشخانە.

بە گشتی نیشانەکان دەکرێت ئەمانە بن:

  • لەرز و تا
  • هەوکردنی میزڵدان
  • منداڵەکە بە باشی میز ناکات
  • منداڵەکە میز کۆنترۆڵ ناکات
  • لەکاتی پشکنینی سۆناردا دەردەکەوێت کە گورچیلەکانی منداڵەکە ئاوساون و پاشان چەند پشکنینێکی دیکەی بۆ دەکرێت و لە دەستنیشانکردنەکە دڵنیا دەبنەوە

ئەگەر لە خێزانێکدا کەسێک هەبێت کە پێشتر ئەم گرفتەی هەبووە، ئەو منداڵی ئەو خێزانە مەترسیی تووشبوونی بەم گرفتە %30ـیە، هەروەها ئەگەر دایکوباوکی منداڵەکە خۆیان پێشتر ئەم گرفتەیان هەبووبێت، مەترسیی تووشبوونی منداڵەکە زۆر زیاترە.

گران جاف

04/07/2025