هۆکاری دروستبوونی کیسی چەوریی ژێر پێست چییە؟

گران جاف 05/07/2025
د. شێرکۆ وەیس - پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری
د. شێرکۆ وەیس - پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. شێرکۆ وەیس، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، باسی لە کیسی چەوریی ژێر پێست کرد و چارەسەرەکانیشی خستەڕوو.

کیسی چەوریی ژێر پێست کیسێکە تێیدا چەوری کۆدەبێتەوە و لەسەر پێستەکە دەرکەوتنێکی زەرد یان سوورباوی هەیە، ئەو کەسەی ئەم کیسانەی بۆ دروستدەبێت، هەستی پێناکات و ئازاری نییە، تەنیا کە دەستی لێدەدات هەست بە هەبوونی گرێیەک دەکات.

هۆکاری دروستبوونی ئەم کیسە چەورییانە بریتییەلە کۆبوونەوەی خانە کیراتینییەکان یان خانە مردووەکانی پێست.

لەگەڵ دەرچوونی مووەکاندا دەردراوی چەند رژێنێک دێنە دەرەوە، کاتێک کونی ئەم رژێنانە دەگیرێن، لە ژێرەوە ئەم چەورییە کۆدەبێتەوە و کیسی چەوریی ژێر پێست درەستدەکات.

پزیشکانی نەخۆشییەکانی پێست زۆرجار دەتوانن تەنیا بە دەستلێدان گرفتەکە دەستنیشان بکەن، بەڵام ئەگەر پێستەکە رەنگی زۆر گۆڕابوو یان دەرکەوتنێکی نامۆی هەبوو، ئەوا چارەخوازەکە دەنێررێت بۆ سۆنار، سی تی سکان و پشکنینی دیکە بۆئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی کە کیسی چەورییە و گرفتێکی دیکە نییە.

سەبارەت بە چارەسەرەکان پزیشکەکە گوتی "چارەسەرەکە بە بەکارهێنانی سڕکەری ناوچەیی بە نەشتەرگەری دەبێت، بەڵام پێویستە پزیشکەکە لەوە دڵنیا ببێتەوە کە کیسی چواردەوری تۆپەڵە چەورییەکە دەردەهێنێت، ئەمەش بۆئەوەی لە داهاتوودا دووبارە دروستنەبێتەوە".

گران جاف

05/07/2025