لە غەززە ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی کرانە ئامانج

سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە
سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە

سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، تانکێکی هێزەکانیان لە ناوچەی خان یونسی غەززە لەڕێگەی موشەکەوە کراوەتە ئامانج و کوژراو و بریندارى لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا سەربازێکی تەمەن 19 ساڵیان کوژراوە کە خەڵکی شاری دیمۆنا بووە و ژمارەیەک سەربازی دیکەشیان برینداربوون کە دوانیان برینەکەیان سەختە.

سوپای ئیسرائیل دانی بەوەشدا ناوە، ژمارەی بریندارەکانیان زۆر بووە، بەبێ ئەوەی ژمارەی تەواوی سەربازە بریندارەکان ئاشکرا بکات.

رۆژى پێنجشەممەش، لەناوچەی جەبالییە لە باکووری غەززە، بەهۆی بۆمبێکی چێنراوەوە، سێ سەربازی ئیسرائیلی کوژران و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداربوون.

بە ئامانجگرتنی سەربازانی ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و لە هێرشەکانی رۆژی هەینیدا لانیکەم 20 هاوڵاتی غەززە کوژران و زیاتر لە 40 کەسیش برینداربوون.

ئەوە لەکاتێکدایە، هەوڵەکانی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ناوبژیوان چڕکراوەتەوە و ئەمریکا پێشنیازی 60 رۆژ ئاگربەستی کردووە، لەبەرامبەر ئازادکردنی نیوەی بارمتەکان و حەماسیش داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچەیە دەکات.