عێراق کێشەی هەناردەی کارگە بچووکەکانی هەرێمى كوردستان چارەسەر دەکات

ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانیی سلێمانی
ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانیی سلێمانی

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ساغکردنەوەی بەرهەمی کارگە بچووکەکانی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانیی سلێمانی بۆ کەناڵ8 ئەوەی خستەڕوو، هۆکاری وەستانی هەناردەی کارگە بچووکەکان بۆ عێراق ئەوە بووە، ئەو کارگانە لە ژووری بازرگانی رەزامەندی و مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام عێراق لەگەڵ وەزارەتدا مامەڵە دەکات نەوەک ژووری بازرگانی و ئەوەش دژی رێنماییەکانی عێراقە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رێگربووە لە وەرگرتنی بەرهەمی کارگەکانی شیش و کارگە بچووکەکان لە عێراق. 

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەگاتە سلێمانی و لەگەڵ ژووری بازرگانی کۆدەبێتەوە و پرۆتۆکۆلێک واژۆدەکەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتى کارگە بچووکەکان، کە ژمارەیان سەدان کارگەیە.

ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی سلێمانى دەڵێت؛ ئەگەر رێگە لە شیش و خشت و بەرهەمی کارگە بچووکەکانی دیکە بگیرێت ئەوا کەمیی کەرەستە لە بازاڕەکانی عێراق دروستدەبێت.