حەسەن جەزراوی.. گۆرانیبێژی چوار پارچەی کوردستان
حەسەن جەزراوی، یەکێکە لە دیارترین گۆرانیبێژانی باکووری کوردستان، لە سایەی دەنگ و کاری هونەریی باوکیدا، پەرەی بە هونەر و گۆرانی و ستران داوە.
لە جەزیرەی بۆتان لەدایکبووە
حەسەن جەزراوی، ساڵی 1917، لە جەزیرەی بۆتان لەدایکبووە، ناوی تەواوی حەسەن فەتاح ئەحمەدە، بە حەسەن جەزراوی ناوبانگە هونەرییەکەی بەدەستهێناوە.

باوکی مامۆستای بووە
پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، کەسوکار و بنەماڵەکەی، ڕوویان لە زاخۆ کردووە لە باشووری کوردستان، لە سایەی باوکیدا، کە خاوەنی دەنگ و سەدایەکی خۆش بووە بۆ چڕینی گۆرانی، پەرەی بە توانا هونەرییەکانی داوە و بووە بە گۆرانیبێژ.
لەگەڵ عەلی مەردان کاری کردووە
لە تەمەنی 10 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە چاوەکانی لەدەستداوە، ساڵی 1941، زاخۆی جێهێشتووە و ڕووی لە بەغداد کردووە، پاش چەند ساڵێک، لەگەڵ هونەرمەندی دیاری کورد، عەلی مەردان، چاویان بەیەکتر کەوتووە و لە رادیۆی کوردی بەغداد کاریان کردووە.

لە بەشەکانی کوردستان ئاهەنگی سازکردووە
یەکەم گۆرانی خۆی لەم ڕادیۆیەدا، لە ساڵی 1942 تۆمارکردووە بە ناونیشانی "یارکە وردی"، پاش تێپەڕینی چەندین ساڵ و بەدیاریکراوییش لە ساڵی 1958، خۆی فێری ژەنینی ئامێری عود کردووە و لەگەڵ گۆرانییەکانیدا ژەنیویەتی، بەشداریی لە چەندین کۆنسێرتدا کردووە، سەردانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و چەندین ئاهەنگی سازکردووە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، هاوشانی عەلی مەردان و محەممەد عارف جەزراوی، ئاهەنگی سازکردووە.
لە زاخۆ کۆچی دوایی کردووە
ماوەی 30 ساڵ لە بەغداد ژیاوە، ساڵی 1982 گەڕاوەتەوە بۆ زاخۆ، لەگەڵ هونەرمەندان: تایەر تۆفیق، محەممەد عارف جەزراوی، قادر مەردان و نەسرین شێروانی، دوایین ساتەکانی ژیانی هونەریی و تایبەتیی خۆی لە زاخۆ بەسەربردووە، ڕێکەوتی نۆی تەمموزی 1983، لە تەمەنی 66 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
دیارترین گۆرانییەکانی: کاڤوکم لێ لێ، لاوکی مەتران عیسا، خەفشێ، خەزاڵ و بەژنا بڵند.
2 کاتژمێر پێش ئێستا