باوترین هەڵەتێگەیشتنەکان سەبارەت بە نەشتەرگەریی کراوەی سنگ
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. عەلا سوبحی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، باسی لەو هەڵەتێگەیشتنە باوانە کرد کە سەبارەت بە نەشتەرگەریی کراوەی سنگ لە ناو خەڵکیدا باون و راستییەکانیشی خستەڕوو.
هەڵە: ئەو کەسانەی نەشتەرگەریی کراوەی سنگ دەکەن، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
راست: ئەم بیرکردنەوەیە هەڵەیە و چارەخواز لە پاش مانگێکەوە دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی و کارکردن.
هەڵە: ئەو کەسانەی ئەم نەشتەرگەرییەیان بۆ دەکرێت، دەبێت مانگێک بۆ سێ مانگ لە جێگە بکەون.
راست: پاش 24 کاتژمێر چارەخواز لە چاودێریی وردەوە دەگوازرێتەوە بۆ قاووش و دەتوانێت خۆراک بخوات، هەروەها پاش هەفتەیەک دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەوە و پاش مانگێکیش ژیانی ئاسایی دەبێتەوە. ئێستا ئەم نەشتەرگەرییە زۆر پێشکەوتووە و بە جۆرێکە کە پێویست بە کردنەوەی سنگ ناکات و بە یارمەتیی ناوبینی دەکرێت، بەمەش چارەخواز لە ماوەی کەمتر لە مانگێکیشدا دەگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی.
جیاوازییەکانی نێوان نەشتەرگەریی کراوەی سنگ و نەشتەرگەریی دڵ بە یارمەتیی ناوبینی چین؟
چارەخواز زووتر دەگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی، بۆ نموونە ئەگەر کەسەکە شۆفێر بێت و داهاتی لەسەر شۆفێرییەکە بێت، ئەستەمە بتوانێت بۆ ماوەی مانگێک بۆ سێ مانگ دووربێت لێی، بەڵام ئەگەر بەڕێگەی ناوبینی نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێت، ئەوا لە پاش سێ هەفتەوە دەتوانێت شۆفێری بکاتەوە.
ماکەکانی نەشتەرگەری بە یارمەتیی ناوبینی زۆر کەمترن بەراورد بە نەشتەرگەریی کراوەی سنگ، هەروەها مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی سییەکان، برین و ئێسکیش زۆر کەمترە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا چارەخوازەکە هەست بە ئازار و ناڕەحەتییەکی کەمتریش دەکات.
هەڵە: لەکاتی نەشتەرگەریی کراوەی سنگدا، قەفەزی سنگ دەشکێنرێت و هەرگیز وەکو جارانی لێنایەتەوە.
راست: لەکاتی نەشتەرگەرییەکەدا تەنیا بەشێکی بچوکی قەفەزی سنگ دەکرێتەوە، پاشان دەخرێتەوە جێگەی خۆی و لە پاش مانگێک وەکو جارانی لێدێتەوە.
هەڵە: نابێت ئەو کەسەی ئەم نەشتەرگەرییەی بۆ دەکرێت نەخۆشیی شەکرە یان بەرزەفشاری خوێنی هەبێت.
راست: بە پێچەوانەوە، زۆرینەی ئەو کەسانەی ئەم نەشتەرگەرییەیان بۆ دەکرێت، تووشبووی نەخۆشیی شەکرە، بەرزەفشاری خوێن یان نەخۆشییەکانی گورچیلەن و هاوشێوەی کەسانی تر نەشتەرگەرییەکەیان بۆ دەکرێت، بەڵام دەکرێت ئەم کەسانە دووچاری ماکی زیاتری نەشتەرگەرییەکە ببنەوە.
هەڵە: رێژەی سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکانی دڵ کەمە.
راست: نەخێر، رێژەی سەرکەوتنی ئەو نەشتەرگەرییانەی بۆ گۆڕینی زمانەی دڵ یان بۆرییەکانی خوێن دەکرێن نزیکەی %95 یان زیاتریشە.
هەڵە: لەکاتی نەشتەرگەریی کراوەی سنگدا، دڵ لە جەستە دەردەهێنرێتە دەرەوە پاشان نەشتەرگەرییەکە دەکرێت.
راست: لەکاتی ئەم نەشتەرگەرییەدا دڵ ناهێنرێتە دەرەوەی جەستە و لە شوێنی خۆی دەوەستێنرێت، ئێستا رێگەی زۆر پێشکەوتووتریش هەن کە پێویست ناکات دڵی کەسەکە بشوەستێنرێت.
08/07/2025