سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: کۆچی گەنجان لە راپەڕین گەورەکراوە

ژمارەیەک کۆچبەر لە رێگەی کۆچ دا
ژمارەیەک کۆچبەر لە رێگەی کۆچ دا

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا رایگەیاند، لە ئەمساڵدا تەنیا لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین هەزار و 100 کەس کۆچیان بەرەو ئەوروپا کردووە.

بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا بە کەناڵ8 ئەوەشی خستەڕوو؛ بەگوێرەی ئامارەکانیان، تەنیا لە ئەمساڵدا تاوەکو ئەمڕۆ 7ـی تەمموز، زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانی، کە هەزار و 100 کەسیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕینن، هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە.

گوتیشی "ئەم ئامارە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمترە، بەوپێیەى لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ژمارەکە زیاتر لە هەزار و 500 هاونیشتمانی بوو، لە تەواوی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی شەش هەزار کەسبوو".

لەبارەی گەڕانەوەی کۆچبەرانیشەوە سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت؛ لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 200 کەس گەڕێندراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. 

باسی لەوەشکرد، بەهۆی بێکارییەوە، کۆچی گەنجان دەستیپێکردووەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی 6ـی تەمموز رێکخراوی لاوانی راپەڕین رایگەیاند، چوونی گەنجان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تەنیا لەشەوی شەممە 5ـی تەمموز 70 گەنج، لە قەڵادزێوە کۆچیان کردووە.