لالە عەبدە.. شێوەکاری نیشتمان و کاریگەر بە ئەدەبی کوردی
لالە عەبدە ئەمین، ناسراو بە لالە عەبدە، یەکێکە لە هونەرمەندە شێوەکارە دیارەکانی کورد، ساڵی 1947 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.
لە منداڵییەوە هۆگری هونەر بووە
بە گوتەی خۆی، "هەر لە منداڵییەوە، هۆگری هونەر بووم، لە قۆناغەکانی سەرەتای خوێندن، بەشدارییم لە پێشانگەی هونەریی خوێندنگەکان کردووە."
ساڵی 1967، چووەتە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغداد، هەر لەم پەیمانگەیەدا، یەکەم پێشانگەی تایبەتی خۆی کردووەتەوە، پاش گەڕانەوەی بۆ کوردستان، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بووە بە مامۆستا، پێش ئەوەی ڕوو لە ئیتاڵیا بکات، لە ساڵی 1975، پێشانگەی تایبەتی خۆی لە کوردستان کردووتەوە.
پاش گەیشتنی بە فلۆرەنسا لە ئیتاڵیا، توانیویەتی درێژە بە خوێندنی هونەریی بدات و لە ئەکادیمیای فلۆرەنسا و ساڵی 1979 لەم ئەکادیمییەدا پلەی زانستیی بەدەستهێناوە.

سەر بە ڕەوتی نیوڕیاڵیزم بووە
لە ئەورووپا و لەژێر کاریگەریی ڕەوتە هونەرییەکانی نیوڕیالیزم کاری کردووە و ناوەڕۆکی کارەکانیشی سەبارەت بە نەهامەتییەکانی کورد بوون، بە هاوبەشی و لەگەڵ هونەرمەندە کوردەکانی تاراوگە، چەندین پێشانگەی کردووەتەوە و بەشداریی کردووە.

کاریگەر بووە بە ئەدەبی کوردی و هونەری ڕێنەسانس
ساڵی 1983 وڵاتی ئیتاڵیای جێهێشتووە و ڕووی لە فەڕەنسا کردووە، لەم وڵاتەدا بە درێژایی زیاتر لە 25 ساڵ، پێشانگەی تایبەتی خۆی کردووەتەوە و کارە هونەرییەکانی نمایشکردووە، شێوازە ڕۆژهەڵاتییەکانی تێکەڵی ڕۆژئاوایی کردووە و بە گوتەی خۆی، "تەنیا بە یەک شێواز نەوەستاومەتەوە و بەردەوام شێوازەکانم گۆڕیوە"، ئاماژە بەوەش دەدات، "ئەدەبی کوردی هاوتای هونەری ڕێنەسانسی ئەورووپی، گەورەترین کاریگەریی لەسەرم دروستکردووە".

نەخشەکانی لەسەر دیزاینی جلوبەرگدا بەکارهێنراون
کارە هونەرییەکانی ئیلهامبەخشی چەند هونەرمەندێکی پاش خۆین، هاوکات لە بواری نمایشی جلوبەرگدا کاری کردووە و نەخشەکانی لەسەر دیزاینی جلوبەرگ دروستکراونەتەوە، ساڵی 2017، لە نێوان چوار هەزار و 400 هونەرمەندی ڕووسییدا، لە شاری سان پیتەرسبێرگ، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە.
ڕێکەوتی هەشتی تەمموزی 2025، لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.


3 کاتژمێر پێش ئێستا