وەزارەتی کارەبا: پرۆژەی رووناکی گەیشتووە بە 2 ملیۆن 544 هەزار کەس

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 544 هەزار هاونیشتمانی، کە دەکاتە نزیکەی 30%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەشێک لە هاونیشتمانییان لەسەر شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستیان دەگات بە کارەبای 24 کاتژمێری، بەجۆرێک فراوانبوونەکە تەواوی هەردوو بازنەی 150 مەتری لە هەولێر و 60 مەتری لە سلێمانی دەگرێتەوە.

بەگوێرەی وەزارەتەکە، تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 100 مۆلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان کوژێندراونەتەوە، لەکاتێکدا حکومەت بەنیازە ئەو ژمارەیە تاوەکو کۆتایی 2026، بگەیەنێتە حەوت هەزار مۆلیدە.

وەزارەتى کارەبا لە راگەیەندراوەکەیدا باسى لەوەشکردووە؛ بەهۆی پرۆژەی رووناکییەوە 80%ـی هاونیشتمانییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بەراورد بەو پارەیەی دەیاندا بە هەردوو کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە.

هەر ئەمڕۆ (چوارشەممە 9ـی تەمموز)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند؛ دوای تەواوبوونی ئامادەكارییە تەكنیكییەكان و بەگوێرەى پلانی كاركردنی پرۆژەی رووناكی، زیاتر لە 41 گەڕەكی ناو سەنتەری شاری سلێمانی و ژمارەیەك گەڕەكی دەرەوەی سەنتەری شار كارەباكەیان بووەتە 24 كاتژمێری و لە 92 فیدەرەوە كارەبا وەردەگرن.

‎کارەبای سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی ئامارەكان کۆی گشتیی ئەو هاوبەشانەی كە لە سلێمانی چوونەتە ناو پرۆژەی رووناكی، بریتییە لە 140 هەزار هاوبەشی كارەبا، كە 504 هەزار هاونیشتمانی سوودمەندبوون و هەر لە سلێمانی 291 موەلیدە كوژاونەتەوە.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی رووناکی راگەیاند و لە 14ـی ئایاری 2025ـدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پرۆژەکەی دەرکرد.