نیشانەکانی باوترین گرفتەکانی پرۆستات چین؟

گران جاف 10/07/2025

پرۆستات رژێنێکی بچوکە لە پیاواندا و بەشێکە لە کۆئەندامی زاوزێ، ئەم رژێنە بەرپرسە دروستکردنی ئەو شلەیەی پارێزگاری لە تۆو دەکات، وەکو هەر ئەندام و رژێنێکی دیکەی جەستە، پرۆستاتیش دەکرێت تووشی چەند گرفت و نەخۆشییەکی جیاواز ببێت.

لە بڵاوکراوەیەکدا، د. رەنج بیلال کاکەیی، پسپۆڕئ نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە، میزەڕۆ و پرۆستات، باسی لە سێ باوترین نەخۆشییەکانی پرۆستات کردووە شێوازی ناسینەوەشیانی خستووەتەڕوو.

هەریەکێک لەو نەخۆشییانەی تووشی پرۆستات دەبن، چەند نیشانەیەکی جیاوازیان هەیە.

گەورەبوونی پرۆستات:

گەورەبوونی پرۆستات حاڵەتێکی باوی ناشێرپەنجەییە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا روودەدات.

باوترین نیشانەکانی گەورەبوونی پرۆستات ئەمانەن:

  • میزکردنی زۆر بەتایبەتی لە شەواندا
  • کەسەکە بە سەختی دەست بە میزکردن دەکات
  • ناتەواوی بەتاڵبوونی میزڵدان
  • میزکردنی بەپەلە

گەورەبوونی پرۆستات نابێتەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە، بەڵام دەکرێت کاریگەری لەسەر کوالێتیی ژیان هەبێت.

هەوکردنی پرۆستات:

ئەم هەوکردنە دەکرێت توند یان درێژخایەن بێت و چەند جۆرێکی هەیە:

هەوکردنی توندی بەکتریایی: نیشانەکان لەپڕ سەرهەڵدەدەن وەکو ئازار، لەرز، تا و ئازاری خوارەوەی پشت/حەوز.

هەوکردنی درێژخایەنی بەکتریایی: هۆکارێکی دووبارەبوونیەوەی هەوکردنی میزڵدانە.

شێرپەنجەی پرۆستات:

گرێیەکی شێرپەنجەییە لە رژێنی پرۆستاتدا و یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە پیاواندا.

نیشانە سەرەتاییەکان دەکرێت هەر یەکێک لەمانە بن:

  • گرفتی میزکردن
  • هەبوونی خوێن لە میز یان تۆواودا
  • ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت یان ران
  • تێکچوونی رەقبوونی چووک
  • دابەزینی کێش بەبێ هەبوونی پلان (لە حاڵەتە پێشکەوتووەکاندا)

‌‌

گران جاف

10/07/2025