توێژینەوەیەک: ئەوروپا 4 پلەی سیلیزی گەرمتر بووە
بەگوێرەی توێژینەوەیەک، گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی بەکارهێنانی سوتەمەنی بەردینەوە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئەوروپا پلەکانى گەرما چوار پلەی سیلیزی بەرزبوونەتەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە پێنج دامەزراوەی ئەوروپی ئەنجامیانداوە، سەرجەم شارەکانی ئەوروپا، دوو تاوەکو چوار پلەی سیلیزی گەرمبوون و شەپۆلى گەرماش بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان.
بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، زانایان داتاکانی ئێستایان بەراورد کردووە بە کاتێک نەوت و گاز و خەڵوزی بەردین بەو ئەندازەیە بەکارنەدەهێنرا و گەیشتوون بەو دەرئەنجامەی، لەئێستادا کەشى ئەوروپا چوار پلەی سلیزی گەرمترە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەم پێشهاتە مەترسیی تەندروستی بۆ 30 ملیۆن دانیشتووی ئەو شارانە دروستدەکات، کە توێژینەوەکەیان لەسەر کراوە، ئەم کاریگەرییانەش لەسەر شارەکانی پاریس، لەندەن و مەدرید بەشێوەیەکی بەرچاو دەردەکەون.
جگە لەوەش کاریگەریی لەسەر بەتەمەنەکان، منداڵانی ساوا و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەن و نەخۆشییە مەترسیدارەکانیان هەیە زیاترە.
09/07/2025