دووەمین دیداری مەقام لە کەرکووک راگەیەندرا
لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی پاراستنی کەلەپوور و کولتوور، لە هەناوی پێگەیەکی جوگرافیی دەوڵەمەند کە شاری کەرکووکە، دووەم دیداری مەقام، لەچوارچێوەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا راگەیەندرا.
لە میانی خوێندنەوەی وتاری راگەیاندنی دیدارەکەدا، نورەدین جاف، سەرۆکی دیداری مەقامات، جەختی لەوە کردەوە؛ کەرکووک لە سایەی مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەی دەوڵەمەند بە کەلەپوورە سەرەتاییەکانی جیهان، لە سۆنگەی پاڵپشتییکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هونەر و هونەرمەندانی کوردستان و بەتایبەتیش کەرکووک، دووەمین دیداری مەقام بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە دیدارەکە، لە رۆژانی 13 و 14ـی تەمموز، لە شاری کەرکووک بەڕێوەبچێت و تیایدا جەخت لە دەوڵەمەندیی هونەر و موزیکی مەقام و پاشخانی دێرینی کەلەپوور و هاوژیانیی شارەکە بکرێتەوە.
نورەدین جاف ئاماژەی بەوەش دا، ئەم دیدارە، تەنیا نمایشێک نییە، بەڵکو خەڵاتکردنێکی نیشتمانییە بۆ شاری کەرکووکی دێرین، کە لانکەی مەقامە کوردی، عەرەبی، تورکمانی، کلدانی و ئاشورییە، بەتایبەتییش مەقامە کوردییەکان، ئومێدیشی بۆ ئەوە خواست، لە ساڵانی داهاتوودا، دیدارەکە فراوانتر بکەن و بیکەن بە دیدارێکی نێودەوڵەتی.

لای خۆیەوە، مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی، هونەرمەند و موزیکدانەری دیاری کورد، بە کەناڵ8ـی گوت، "مەقام تەنها بۆ کەرکووک نا، بەڵکو بۆ هەموو کوردستان گرنگیی هەیە، پێویستە مەقام کە لانکەکەی شاری کەرکووکە، بچێتە ناو شارەکانی دیکە و هونەرمەندەکانی بتوانن بیخوێنن و بیناسنەوە".
سازکردنی دیداری مەقام لە کەرکووک، رەنگدانەوەی پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکانی شارەکەیە، کە پێکڕا کۆدەبنەوە بۆ ستایشکردنی کۆی ئەو بەرهەمە موزیکیی و کەلەپوورییانەی لە سایەی مەقامدا کۆدەبنەوە.
10/07/2025