رووماڵی کەناڵ8

وردەكاریی پرۆسەى چەکدانانى پەکەکە

کەناڵ8 11/07/2025

ئەمڕۆ بۆ بەدەنگەوەچوونى پەیامەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان و جێبەجێکردنى بڕیارەکانی کۆنگرەى 12ـى پارتى کرێکارانى کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونى بەرپرسانى تورکیا و عێراق و هەرێمى کوردستان، ژمارەیەک گەریلا چەکەکانیان دادەنێن.

نووسینگەى راگەیاندنى کەجەکە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا ژمارەیەک لە گەریلاکانیان کە ژمارەیانى دیارینەکردووە، لە شوێنێکى دیاریکراودا چەکەکانیان دادەنێن.

راشیگەیاندووە، لە شوێنێکى نزیک رێوڕەسمەکە شاشەیەکی گەورە ئامادە دەکرێت، لە پاش رێوڕەسمەکە ڤیدیۆی پرۆسەکە لەو شاشەیە پیشاندەدرێت و رۆژنامەوانان دەتوانن ماددەی دەنگی و ڤیدیۆیی دەستکارینەکراو بەدەستبهێنن، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە، ناتوانرێت دیمانە لەگەڵ ئەندامانی گرووپەکە بکرێت، تەنیا دەتوانرێت قسە لەگەڵ چاودێرانی رێوڕەسمەکە بکرێت.

بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە دوو شاند لە تورکیا و باکوورى کوردستانەوە گەیشتوونەتە هەرێمى کوردستان، شاندى یەکەم ئەحمەد تورک سەرۆکایەتیی دەکات و شاندى دووەمیش تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم) سەرۆکایەتى دەکرێت.

زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی"کەجەکە" رایگەیاندووە "گەریلاکان لەژێر چاودێریی رێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان" چەکەکانیان لەناودەبەن.

رۆژى سێشەممە 9ـى تەمموز یەکەم پەیامى ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجەلان لە پاش زیندانیکردنى بڵاوکرایەوە، ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەختى لە بانگه‌وازه‌ مێژووییه‌كه‌ی 27ـی شوباتی 2025 بۆ (ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی) کردەوە و رایگەیاند، پەکەکە دەستبەرداری ئامانجی دەوڵەتى نەتەوەیی بووە، لەو سۆنگەیەشەوە دەستبەرداری ستراتیجی شەڕ بووە و کۆتایی بە بوونی خۆی هێناوە.

رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە، گوتیشى، ئەو بڕوای به‌ هێزی سیاسه‌ت و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ نه‌ك چه‌ك و داواشدەکات هەمووان ئەرکی سەرشانیان جێبەجێبکەن.
لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا ئۆجەلان رایگەیاند، هەرگیز ئازادیی خۆی وەک کێشەیەکی تاکە کەسی نەبینیوە و ئازادی تاک دابڕاو نییە لە ئازادی کۆمەڵگە.

لە وەڵامى پەیامەکەى ئۆجەلانیشدا، کەجەکە رایگەیاند، دەبێت هەمووان لەوە تێبگەن، پرۆسەی ئاشتیی تاکلایەنە پێشناکەوێت و ئەوەی ئۆجەلان دەیڵێت جێبەجێیدەکەن.

کەجەکە بە پێویستى دەزانێت هەموو لایەك بە راستی هەنگاوی پێویست بنێن، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت زیندانیكردنی عەبدوڵا ئۆجەلانیش كۆتایی بێت و ئازاد بكرێت.

روونیشیکردەوە، ئەركەكانیان لەپێناو ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی وەك هەنگاوێكی مێژوویی جێبەجێدەكەن لە بەرامبەردا، بەڵام حکومەتى تورکیا تاوەکو ئێستا بەگوێرەى پێوستیی پرۆسەكە هەنگاوی نەناوە.

کەجەکە بە پێویستى دەزانێت، پەرلەمان و دەسەڵاتی توركیا هەنگاوی راستەقینە بنێن لەپێناو بەئامانجگەیشتنی پرۆسەی چارەسەریی لە وڵاتەكەدا.

لەبارەی چارەنووسی ئەندام و سەرکردەکانی پەکەکە لە پاش پرۆسەی چەکدانان، عومەر چەلیک- گوتەبێژى ئاکپارتى رایگەیاند، جیاکاریی دەکرێت لەنێوان ئەوانەی دەستیان چووەتە تاوان و ئەوانەی تاوانیان نەکردووە".

گوتیشى، بەگوێرەی یاساکانی ئێستا، ئەوانەی خۆیان رادەستدەکەن و تاوانیان نەکردووە، هیچ کارێکیان بەرامبەر ناکرێت، ئەوانەشی تاوانیان کردووە، بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."

کەناڵ8

11/07/2025

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
عەدنان ئەحمەد

میتحات سانجار بۆ کەناڵ8: پرۆسەکە بە ئەنجام بگات دەرگای وەرچەرخانی گەورە دەکرێتەوە

test
میتحات سانجار، پەرلەمانتاری پارتی دەم و ئەندامی شاندی ئیمراڵی

میتحات سانجار، پەرلەمانتاری پارتی دەم و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، لە میانەی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی لەناوبردنی چەک لەلایەن یەکەم گرووپی پەکەکەوە، وەڵامی چەند پرسیارێکی کەناڵ8ـی دایەوە و باسی لە وردەکاریی پرۆسەکە، نەخشەڕێگە و قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکە کرد.

سانجار لە دیمانەکەدا ئاماژەی بە چەکلەناوبردنی یەکەم گرووپی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد و بە مێژوویی و گرنگ ناویبرد.

ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوەشکرد، ئیتر کاتی ئەوەیە دەوڵەتیش هەنگاو بنێت و لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەشدا، پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو لیژنە پەرلەمانییەکە دروستبکرێت.

سانجار باسی لە رۆڵی مام جەلال لە دانانی بناغەی پرۆسەی ئاشتی کرد و گوتی، یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، رۆڵی گرنگیان هەیە.

گوتیشی، لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا کۆدەبنەوە و دواتریش بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەنەوە.

دەقى چاوپێکەوتنەکە:

کەناڵ8: بەڕێز میتحات سڵاو، بەخێرهاتن، ئێوەش ئەم رووداوە مێژووییە بوون، خۆتان دەزانن رووداوی زۆر گرنگ هەیە لە مێژووی کورددا. ئەمەش یەکێک بوو لە رووداوە هەرە سەرنجڕاکێش و مێژووییەکان، لاپەڕەیەکی نوێ بوو لە مێژووی کورددا، بە کورتی ئەم پرۆسەیەت چۆن بینی؟

میتحات سانجار: ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی بوو، لە راستیدا گەواییدەرى ساتێکی مێژوویی بووین. ئەمڕۆ خەباتی چەکداریی 41 ساڵە و کێشەی 100 ساڵەی کورد چووە قۆناغێکی نوێ. راستت پێبڵێم، لە یەکی تشرینی یەکەمەوە قۆناغ و پرۆسەیەکی نوێ دەستیپێکردبوو. ئەمڕۆ لێرە بینەری یەکێک لە هەرە گرنگترین قۆناغەکانی پرۆسەکەبووین.

کەناڵ8: هەنگاوی دوای ئەمە چی دەبێت، هەنگاوی دیکە لە پەکەکەوە دەنرێت دیسان، یان تۆپەکە کەوتووەتە گۆڕەپانی دەوڵەت و دەبێت دەوڵەت هەنگاو بنێت؟

میتحات سانجار: ئەگەر بەڕاستی پرۆسەکە بەشێویەکی دروست بەڕێوەبچێت و بە ئاشتی بگاتە ئەنجام، دەرگای چەند وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکی زۆر گرنگ لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە. با سەرەتا ئەوە روون بکەمەوە. واتە ئاشتی لە چوارچێوەی تورکیادا سنووردار نابێت، چارەسەری دیموکراسییانەی کێشەی کورد تەنیا لە سنووری تورکیادا قەتیس نابێت، بەڵکو بە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاودەبێتەوە و رێگەکانی ئەو بڵاوبوونەوەیە دەکرێنەوە. پرسیارت لەبارەی ئەو هەنگاوانە کرد کە پێویستە بنرێن، بێگومان زۆر شت هەن پێویستە بکرێن. لەڕاستیدا ئێستا گەیشتووینەتە ئەو ساتەی پێویستە کارە گرنگەکان بکرێن. پاش تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر رێگەی دیموکراسی و ئاشتی بەرەوپێشەوە بچین، پێیویستە چەند شتێک بکرێت. بێگومان پێویستە دەوڵەت کۆمەڵێک هەنگاو بنێت. ئێستا لە پەرلەمانی تورکیا ئامادەکاری بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی پەرلەمانیی دەکرێت. پێشبینی دەکەم هەفتەی داهاتوو، ئەو لیژنە پەرلەمانییە دروستدەکرێت.

کەناڵ8: دەسەڵاتی ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان دروستدەکرێت چۆن دەبێت و دەتوانێت چ گۆڕانکارییەک لەم پرۆسەیەدا بکات، واتە چ دەسەڵاتێکی هەیە تاوەکو پرۆسەکە بەرەوپێشەوە ببات؟

میتحات سانجار: ئێمە دەمانەوێت لیژنە پەرلەمانییەکە چەند دەسەڵاتێکی تایبەتی هەبێت. لەوبارەیەوە تێگەیشتن و لێدوانەکانی سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی حکومەت، لە چاوەڕوانییەکانی ئێمە سەبارەت بە لیژنەکە نزیکن. چۆنییەتی کارکردنی لیژنەکە پەیوەستە بە بۆچوونی سەرجەم پارتە سیاسییەکانەوە. پێویستە هەموو لایەنەکان بەشداربن . بێگومان پێش هەمووان، بەرپرسیارییەتی لەسەر شانی دەسەڵاتە. گرنگترین هەنگاو دەسەڵات بینێت، ئامادەکردن و دروستکردنی زەمینە و گرەنتی یاساییە سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانان و کردنەوەی دەرگا بەڕووی سیاسەتی دیموکراسیی.

کەناڵ8: باس لەوە دەکرێت پێویستە دەوڵەت بە راستی هەنگاو بنێت، بۆچوونتان لەو بارەیەوە چییە؟

میتحات سانجار: هەمووان قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکە دەبینین، پاش تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە گرنگە، ئیتر نابێت کەس دەستبەرداری کارەکە بێت و کەسیش مافێکی لەو جۆرەی نییە، چونکە لەکاتێکدا گەیشتووینەتە ئەم خاڵە، ئەم هەنگاوە مێژووییە نراوە و ئەم دەستپێشخەرییە چووەتە ناو مێژووی جیهانەوە، جیهان ئەم ساتە مێژووییەی بینیوە، بۆچوونم وایە، هیچ کەسێک کارێک ناکات پرۆسەکە پەکبخات و زیانی لێبدات. بۆ ئەوەی ئەوەش روونەدات، لەگەڵ هێزە دیموکراسییەکاندا، ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین.

کەناڵ8: وەک دەزانن یەکێتی، لە سەردەمی تورگوت ئۆزاڵ لە 1991، 1992 و 1993دا، هەروەها لە پرۆسەی ئۆسلۆ و ساڵی 2012، رۆڵی گرنگی بینی. ئەم پرۆسەیەش لەژێر چەتری یەکێتیدا بەڕێوەدەچێت، ئێوە رۆڵی یەکێتی و پارتە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن و چۆن دەتوانن پرۆسەکە پێشبخەن؟

میتحات سانجار: لەم پرۆسەی چەکدانان و هەنگاوەدا، هەرێمی کوردستان وەک گشتێک و بە یەک دەست رۆڵێکی گرنگی بینی. بێگومان ئێستا لە شوێنێکی زۆر نزیکی سلێمانین و ئەمەش مانایەکی مێژوویی هەیە. کاتێک تەماشای پرۆتۆکۆلەکەم کرد، بینیم لە باشووری کوردستانەوە، لە هەموو لایەنەکان لە ئاستی باڵا نوێنەریان ناردووە، لە یەکێتی و پارتیش، ئەوەش زۆر گرنگە. بێگومان پێویستە لەم کاتەدا یادی مام جەلال بکەینەوە، پێویستە سوپاسی هەموو ئەوانە بکەم لەم پرۆسەیەدا رەنجیان کێشاوە. ئەرکی ئێمەیە رێز لە رەنج و هەوڵەکانیان بگرین. ئێستا ئەرکی گرنگ بریتییە لە قوڵبوونەوەی میکانیزمی گفتوگۆی نەتەوەیی کورد، نەک تەنیا پەیوەست بە ئێرە، بەڵکو بۆ هەموو کێشەکانی ناوچەکە، هاوکات لەڕێگەی راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ یەکدى، کارکردن بۆ بەدامەزراوەییکردنی یەکێتیی نەتەوەیی. ئەوەش دەبێتە یەکێک لە هەوڵ و پێشهاتەکان بۆ ئاشتی و دیموکراسییەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاشتی لە کێشەی کورددا، کلیلی ئاشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چارەسەری دیموکراسییانە بۆ کێشەی کورد، دەرگا بەڕووی هاتنی دیموکراسییەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکاتەوە. هەر بۆیە کاری هەموو لایەنەکانی هەرێمی کودستان بەو هۆشیاریی و فرەییەوە، مایەی دڵخۆشییە.

کەناڵ8: باس لەوە دەکرێت ئەردۆغان سبەی "رۆژی شەممە، 12ـی تەمموز) وتارێکی مێژوویی دەدات، بۆچوونتان چییە و چاوەڕێی چی دەکەن؟ ئایا چاوەڕێی مژدەیەک دەکەن؟

میتحات سانجار: با ببینین بزانین ئەردۆغان چی دەڵێت، ئێمەش بە پەرۆشییەوە چاوەڕێین، باس لەوە دەکرێت شتێکی گرنگ دەڵێت و پەیامێکی مێژوویی دەنێرێت. بۆیە منیش نازانم چی دەڵێت. بەهیوام پەیامی مێژوویی هەبێت سەبارەت بە پرۆسەکە.

کەناڵ8: ئێوە کەی دەگەڕێنەوە ئیمراڵی؟ چاوەڕێ دەکەن بەمزووانە سەردانی ئیمراڵی بکەنەوە؟

میتحات سانجار: ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ تورکیا و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆدەبینەوە و راوێژ دەکەین. پێویستە دوا نەکەوین لەهەوڵ و کارەکان. دەمانەوێیت هەفتەی داهاتوو وادەیەک دیاری بکەین و سەردانی ئیمراڵی بکەینەوە.

کەناڵ8: خۆتان دەزانن ئێستا چەک دادەنرێت، رەخنە لەم چەکدانانە دەگیرێت؟ چی دەڵێن دەربارەی ئەو رەخنانەی لە چەکدانانی پەکەکە دەگیرێت؟

میتحات سانجار: سەبارەت بەو بابەتە دەکرێت رەخنە بگیرێت و دەکرێت هەندێک کەس بە دڵیان نەبێت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، دەردەکەوێت زۆربەی رەخنەکان بێبنەما و نادادپەروەرانەیە. ئەمە وەرچەرخانیکی مێژووییە. ئەوەی لێرە روویدا زۆر گرنگە. من کاری زانستییم لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی و چەکدانان لە جیهاندا کردووە و بە کردەییش لەناو بابەتەکەدام. چوومەتە زۆر شوێن، لەوانە ئەفریقای باشوور، کۆڵۆمبیا و ئیرلەندای باکوور. دەتوانم بڵێم لە هیچ شوێنێکی جیهان رێوڕەسمی لەو جۆرە نەکراوە. پەکەکە رێکخراوێکی زۆر گەورە و فراوانە. پەکەکە ئەمڕۆ ئیرادەیەکی خستەڕوو کە مانای سیمبولیی تێپەڕاند. بەسێ هۆزات سەرۆکایەتیی دەکردن. چەکدانان تەنیا بۆ کردنەوەی دەرگای سیاسەتی دیموکراسیی نییە، تەنیا بۆ ئێمە و پارتی دەم، بەڵکو بۆ هەموو کەسێکە. بۆیە با رەخنەکان بنیادنەرانەتر بن، چونکە ئەمە مانای رەخساندنی هەلی دیموکراسیی و ئاشتییە بۆ هەموو کەسێک.

کەناڵ8: ئۆجەلان گوتوویەتی ئەگەر پارتی دەم 20٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. ئێوە وەک پارتی دەم چۆن بەردەوامیی بە خەباتی خۆتان دەدەن؟

میتحات سانجار: خۆیان دەزانن ئێستا هاوڕێکانمان لە گۆڕەپاندان. خەبات دەکەن، رەنگە سێ بۆ چوار مانگی دیکە کۆنگرەی خۆمان بکەین. بەگوێرەی ئەم هەلومەرج و دۆخە نوێیەی دروستبووە، ئەرکی ئێمەیە دینامکییەتی سیاسیی زیاتر بکەین. لەگەڵ بەهێزبوونی سیاسەتی دیموکراسییانەش، ئاشتی و دیموکراسییەت بۆ هەموو کەسێک و هەموو گەلانی تورکیا نزیکتر دەبێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
دانیار فاروق

بەشتاش: پاشەڕۆژێکى گەشتر بۆ گەلى کورد لە پێشە

test
مەراڵ دانش بەشتاش، پەرلەمانتارى پارتى دەم

مەراڵ دانش بەشتاش، پەرلەمانتارى پارتى دەم، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8، لەبارەى چەکدانانى گرووپێک لە ئەندامانى پەکەکە، رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکى مێژووییە، چەک داماڵرا و سوتێندرا، ئەمەش هەنگاوێکى ئەرێنییە.

بەشتاش راشیگەیاند، "بە بڕواى من بۆ گەلى کورد پاشەڕۆژێکى گەشتر لە پێشە، چونکە ئارامى و ئاشتى و سەقامگیرى دێنێتە ئاراوە، بۆیە دەخوازین گەلى کورد هەموو پێکەوە بژین، دەخوازین گەلى کورد بە زمانى خۆى، کولتوورى خۆى و ناسنامەى خۆى لە هەرکوێیەک بێت ئازاد بێت".

مەرال دانیش، ئاماژەى بەوەشکرد، "هەنگاوى هەرە گرنگ لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە، پێویستە لیژنەکەى پەرلەمانى تورکیا، دەستبەکاربێت تاکو زەمینەسازى بکرێت، چونکە ئەم ئەندامانە ئێستا چەکەکانیان سوتاند، چى بکەن و بچن بۆ کوێ، ناکرێ لە چیا بەبێ چەک بمێننەوە، چونکە بە ئیرادەى سەربەخۆى خۆیان بۆ کۆمەڵگەیەکى دیموکراتى ئەو هەنگاوەیان ناوە، بۆیە بە بڕواى من یەکەم هەنگاو پێکهێنان و دەستبەکاربوونى ئەو لیژنە پەرلەمانییەیە، تاکو هەنگاوى دواتر بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە".

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
دانیار فاروق

هاکان فیدان چەکدانانی پەکەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ دانا

test
ساتی چەکدانان لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا، لەبارەی چەکدانانی ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە لە سنووری سلێمانی رایگەیاند، هەنگاوێکی زۆر گرنگ و پێشوازیلێکراوە، بەرەو ئامانجى "تورکیایەکى بێ تیرۆر".

وەزیرى دەرەوەى تورکیا، لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و نووسیویەتى، بە ئاگاییەوە مامەڵە دەكەن تاکو ئەو کاتەی کەجەکە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتەکەیان دروست ناکات.

هاکان فیدان، ئاماژەى بەوەشکرد، هیوای هاوبەشی هەموومانە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی "نەهێشتنی تیرۆر" بۆ هەمیشە.

فیدان نووسیویشیەتی، سەرۆکەکەیان لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، ئیرادەیەکی بەهێز و یەکلاکەرەوەی پیشانداوە. پیرۆزبایشی لە هەموو بەرپرسانی تورکیا کردووە، کە هەوڵیان داوە ئەو ئیرادەیە جێبەجێ بکرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هاکان فیدان، ئەوەى خستووەتەڕوو، بە ئاگاییەوە مامەڵە دەكەن، تاکو ئەو کاتەی کەجەکە بە هەموو پێکهاتە و لقەکانییەوە، نابێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەیان.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
بەهزاد ئەحمەد

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە دەکات

test
ئەندامانی پەکەکە لە رێوڕەسمی چەکدانان لە ئەشکەوتی جاسەنە. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە دەستپێکردنی پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات، بە دەرفەتێکی راستەقینەی دەزانێت بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاشتەوایی هەمیشەیی لە ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، پاڵپشتی تەواوی عێراق بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەردەبڕێت و دووپاتی دەکاتەوە، ئەم هەنگاوە رێگەخۆشکەر دەبێت، بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هەماهەنگیی بنیاتنەرانەی نێوان عێراق و تورکیای دراوسێی.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە: "دوای زیاتر لە چوار دەیە لە شەڕ و پێکدادان، چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان پێشهاتێکی گرنگە، بەمەش بەشداری دەکات لە کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ بۆ لێکتێگەیشتن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە".

هاوکات پاڵپشتیی عێراق بۆ ئەم هەنگاوە دووپاتدەکاتەوە و ئەم هەنگاوە بە رێگەخۆشکەر دەزانن، بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هەماهەنگی بنیاتنەرانە لەنێوان حکومەتەکانی عێراق و تورکیا، بەجۆرێک کە سەروەریی عێراق و تورکیا بەهێزتربکات و ئاسایشی هەردوو وڵات بپارێزێت.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
کۆڤان حەمید

بۆ یەکەمجار ورد و درشتی پرۆسەی چەکدانان لە زاری بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکەوە

test
بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکە لە کاتی دیمانەکەیدا لەگەڵ کەناڵ8

کەناڵ8 دیمانەیەکى تایبەتى لەگەڵ بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سازکرد.

بەسێ هۆزات لە دیمانە 24 خولەکییەکەدا بەوردى تیشکى خستەسەر هەنگاوەکانى داهاتووى ئەندامانى پارتى کرێکارانى کوردستان و ئەو داوایانەى لە حکومەتى تورکیا هەیانە.

لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە، بەسێ هۆزات رایگەیاند: "راستە ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی بوو، بۆ ئێمەش هەستێکی خۆش بوو، ئەو هەنگاوەی لەلایەن "رێبەر ئۆجەلان"ـەوە نراوە بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی ناوچەکە زۆر گرنگە، ئەگەر ئەو هەنگاوە سەربکەوێت، کێشەکانی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەش چارەسەردەبن، "رێبەر ئۆجەلان" لەوبارەیەوە هەوڵی جدی دەدات، پەکەکە لە کۆنگرەی 12ـی خۆیدا بڕیاریدا خۆی هەڵوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی 41 ساڵی هێنا، بۆیە بۆ ئەوەی بڕیارەکانی کۆنگرە بکەوێتەوە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە دەوڵەتی تورکیا لە رووی یاساییەوە هەنگاوی جدی بنێت، ئەمە 26 ساڵە سیاسەتی گۆشەگیریی لەسەر رێبەر ئۆجەلان بەردەوامە، دەبێت ئەو سیاسەتە کۆتایی پێبهێنرێت و رێبەر ئۆجەلان ئازاد بکرێت، ئازادی ئەو بە شێوەیەکی یاسایی مسۆگەر بکرێت، خۆدی رێبەر ئۆجەلان ئەم پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتییە بەرێوەببات، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت دەوڵەتی تورکیا یاسای نوێ دەربکات.

بەسێ هۆزات لەبارەى چەکدانان و بەڕێوەچوونى پرۆسەى سووتاندنى چەکەکانیانەوە گوتى: "ئێمە ئەمڕۆ هەنگاوێکی مێژوویمان نا و دەبێت دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بنێت بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەکە، هەنگاوەکەمان هەنگاوێکی سیمبولی بوو و دەبێت تورکیا هەنگاوی پراکتیکی بنێت.

ئەوەى هاوسەرۆکەکەى کەجەکە بەردەوام جەختى لەسەر دەکردەوە، گۆڕینى سیاسەتى نکۆڵیکردنى تورکیا بوو بەرامبەر بە گەلى کورد لەو وڵاتە، بەگوتەى ئەو: "بەردەوامیدان بە سیاسەتی نکۆڵیکردن و قڕکردن لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ناتوانێت کورد لەناو ببات، دەیان ساڵە دەوڵەتی تورکیا لە رێگەی ئەو سیاسەتەوە هەوڵی داوە و شەڕی سەختی لەدژی گەلی کورد بەڕێوەبردووە، بەڵام گەیشتە ئەو خاڵەی کە ناتوانێت بەردەوامی بە شەڕە بدات، لە ئێستاشدا گەلی کورد زیاتر خۆی رێکدەخات و لەخەباتکردن بەردەوامە، گەلی کورد بوونی خۆی مسۆگەر کردووە و بەردەوامیش جەخت لە بوونی خۆى دەکاتەوە، ئێمە نەتەوەین، مافمان هەیە، مافی دیموکراتی، کولتووری، مافی سیاسەت و مافی زمانمان هەیە، دەیان ساڵە لەسەر ئەم خاکە دەژین و ئەگەر ئێوە نکۆڵی لە گەلی کورد بکەن، لەو کاتە مافی خۆیانە بەرگریی بکەن و بەردەوامی بە خەبات بدەن، لەراستیشدا بەردەوامییاندا دا بەو خەباتە، تورکیا ئەوەی لەدەستی هات کردی، بەڵام نەیتوانی ئیرادەی گەلی کورد بشکێنێت، بینیمان سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی دانی بەوەدا نا کە بەردەوامیدان بە شەڕ هیچ ئەنجامێکی نابێت و گووتی، راستە گەلی کورد بوونیان هەیە و دەبێت پێکەوە بەردەوامی بە ژیان بدەین، لەراستیدا ئەوەش هەنگاوێکی باش و مێژووییە، بەڵام دەبێت بە فەرمی دان بە مافی گەلی کورد بنرێت.

بەسێ هۆزات کە 31 ساڵە چەکى بۆ پەکەکە هەڵگرتووە، لەبارەى بوونى پرۆسەکە بە یاسایی و دروستبوونى کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانى تورکیا بۆ پێدانى مافى یاسایی و سیاسیی بە ئەندامانى پەکەکە دەڵێت، "پێویستە ئەو کۆمیسیۆنەی کە بڕیارە لەناو پەرلەمانی تورکیادا پێکبهێنرێت، یاسای نوێ دەربکات بۆ ئەوەی "گەریلا"کانی پەکەکە بتوانن بەئازادی بگەڕێنەوە و دەست بە خەباتی سیاسی بکەن، نابێت دوای ئەو هەموو هەنگاوانەی پەکەکە، کاتێک "گەریلا"کان دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان، دەستگیربکرێن یاخود سوکایەتییان پێبکرێت، ئێمە هەرگیز ئەوە قبۆڵناکەین.

بەسێ هۆزات

ناو و نازناو: هۆلیا ئۆران

ناوی دایک: گەییک ئۆران

ناوک باوک: حەسەن ئۆران

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: دێرسم – هۆزات 1978

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 1994

دواین پۆستى لە ریزەکانى پەکەکە: هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)

11ـى تەمموز سەرپەرشتى پرۆسەى چەکدانانى ئەندامانى پەکەکەى لە سلێمانى کرد

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
بەهزاد ئەحمەد

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە دەکات

test
ساتی چەکدانانی ئەندامێکی پەکەکە. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە دەستپێکردنی پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات، بە دەرفەتێکی راستەقینەی دەزانێت بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاشتەوایی هەمیشەیی لە ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، پاڵپشتی تەواوی عێراق بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەردەبڕێت و دووپاتی دەکاتەوە، ئەم هەنگاوە رێگەخۆشکەر دەبێت، بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هەماهەنگیی بنیاتنەرانەی نێوان عێراق و تورکیای دراوسێی.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە: "دوای زیاتر لە چوار دەیە لە شەڕ و پێکدادان، چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان پێشهاتێکی گرنگە، بەمەش بەشداری دەکات لە کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ بۆ لێکتێگەیشتن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە".

هاوکات پاڵپشتیی عێراق بۆ ئەم هەنگاوە دووپاتدەکاتەوە و ئەم هەنگاوە بە رێگەخۆشکەر دەزانن، بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هەماهەنگی بنیاتنەرانە لەنێوان حکومەتەکانی عێراق و تورکیا، بەجۆرێک کە سەروەریی عێراق و تورکیا بەهێزتربکات و ئاسایشی هەردوو وڵات بپارێزێت.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
ئارام یوسف

مەسرور بارزانی: پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە دەکەم

test
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکات و هیواخوازە هەموولایەک پابەندی بەدیهێنانی ئاشتیی راستەقینە بن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "پێشوازی لە پرۆسەی ئاشتی و یەکەم هەنگاوی چەکدانانی پەکەکە دەکەم و هیوادارم هەموو لایەک پابەندی بەدیهێنانی ئاشتیی راستەقینە بن".

مەسرور بارزانی هیواشی خواستووە، سەردەمێکی نوێی پێکەوەژیان و ئارامی دەستپێبکات.

رۆژی هەینی 11ـی تەمموز، لە رێوڕەسمێکی سیمبولیدا بە ئامادەبوونى بەرپرسانى تورکیا، عێراق و هەرێمى کوردستان، ژمارەیەک گەریلا چەکەکانیان دانا و بەدەم بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە چوون.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
عەدنان ئەحمەد

چاوی تورکیا و جیهان لەسەر سلێمانی بوو

test
وێنەیەکی شاری سلێمانی

چاوی جیهان لەسەر سلێمانییە، ئەو شارەی کوردستان، کە ماوەی 830 رۆژە لەژێر گەمارۆی ئەمنیی تورکیادایە و کایەی ئاسمانیی ئەو وڵاتەی بەسەردا داخراوە.

لەو پارێزگایەی زیاتر لە 27 مانگە ئاسمانی تورکیای لێداخراوە، ئەمڕۆ لەم شارە بناغەی قۆناغی ئاشتی بۆ تورکیا و ناوچەکە دادەنرا.

سلێمانی بۆ هێنانەئارای ئاشتی، بووە بە ناوەند و چەقی کۆکردنەوەی ئەو شاند و لایەنانەی، کە زیاتر لە 40 ساڵ بوو لە سەنگەردابوون بۆ یەکتر.

لە میدیاکانی تورکیا و ناوەندەکانی توێژینەوە، هەموان باسی رۆڵی سلێمانی و هەڵاتنی خۆری ئاشتی لەو پارێزگایەدا دەکەن، کە چەند ساڵێکە "بە گومان و تیرۆریان بەستبووەوە. " بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەمڕۆ زۆربەی میدیاکانی تورکیا و بەشێکیش لە میدیاکانی جیهان، هەواڵ و رووماڵی چەکدانانی یەکەم دەستە لە ئەندامانی پەکەکەیان لە کەناڵ8 گواستەوە.

میدیا جیهانییەکانیش چاوی کامێراکانیان خستبووە سەر سلێمانی و گوێی مایکەکانیان بۆ دەنگی ئاشتی لە و پارێزگایەدا هەڵخستبووە.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەشدا، رۆژ بە رۆژ دەنگەکان زیاتر بەرزدەبنەوە و داوا لە تورکیا دەکەن، کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانیدا بکاتەوە.

وەزیر پارلاک، پەرلەمانتاری پارتی دەم لەوبارەیەوە گوتی، "جێبەجێکردنی قەدەغەی گەشت لەڕووی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە تەواو ناعەقڵانییە، چونکە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا، گەورەترین هاوبەشە ئابوورییەکەی تورکیایە، بۆ گەشەدان بە پەیوەندییە بازرگانی و مرۆییەکانی هەردوولاش، پێویستە دەستبەجێ قەدەغەی گەشتی ئاسمانیی هەڵبگیرێت."

تورکیا کە چوار دەیە زیاترە لە شەڕدایە و بەدوای ئارامیدا دەگەڕێت، ئێستا لە سلێمانییەوە ئەو ئارامیی و ئاشتییە بۆ خاکەکەی دەباتەوە.

ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، یەکی ئەم مانگە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی هەرێمدا کۆبووەوە، تاوەکو باسی ئەو پرۆسەیەیان لەگەڵ بکات، تورکیا وەک ئامانجی گەورەی خۆی دیاریکردووە.

سلێمانی چاوی لەوەیە، لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەو قەدەغەیەی لەسەر هەڵبگیرێت، کە زیانێکی گەورەی لە ئابووریی پارێزگاکە داوە و هاتوچۆی خەڵکەکەی لەگەڵ جیهان سەخت و دژوار کردووە.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
ئارا ئیبراهیم

بەڕێوەبەرى ئەمنە سوورەکە: چەکە سوتێندراوەکانى پەکەکە لە ئەشکەوتى جاسەنە دەپارێزرێن

test
ساتی سوتانی چەکەکانی گرووپێک لە ئەندامانی پەکەکە لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنەی سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

ئاکۆ غەریب، بەڕێوەبەرى مۆزەخانەى نیشتمانیى ئەمنە سوورەکە، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، چەکە سوتێندراوەکانى پەکەکە لە ئەشکەوتى جاسەنە دەپارێزرێن.

ئاکۆ غەریب، بەڕێوەبەرى مۆزەخانەى نیشتمانیى ئەمنە سوورەکە، راشیگەیاند، "پێشتر بڕیارێک هەبوو ئەو چەکانەى لەلایەن پارتى کرێکارانى کوردستان(پەکەکە) سوتێندران، بهێندرێتە مۆزەخانەى نیشتمانیى ئەمنەسوورەکە و لەوێ نمایش بکرێن و بهێڵرێنەوە، بەڵام بڕیارەکە گۆڕانکاریى بەسەردا هاتووە".

راشیگەیاند، "دەیانەوێت چەکە سوێندراوەکان هەر لە ئەشکەوتى جاسەنە بهێڵنەوە و رۆژى شەممە 12ـى تەمموز لە رێوڕەسمێکدا شوێنى تایبەت بۆ پاراستنى چەکەکان دیاریدەکرێت و بڕیار لە چۆنێتى پاراستنیان دەدرێت".

هاوکات بەختیارئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى رێکخراوى گەشەپێدانى مەدەنییەت سى دى ئۆ، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "ئامانجەکەمان زیندوو هێشتنەوەى ئەو رۆژەیە، کە ئەندامانى پەکەکە چەکەکانیان سوتاند، پاش ئەوەى سەردانى ئەشکەوتى جاسەنە دەکەین بڕیار دەدەین و چ هەنگاوێک بۆ ئەوە پێویست بێت ئەنجامى دەدەین".

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژى هەینى 11ـى تەمموز، 30 ئەندامى پارتى کرێکارانى کوردستان(پەکەکە) لە رێوڕەسمێکدا چەکەکانیان لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە سوتاند، کە نوێنەرى پارتەکانى تورکیا و نوێنەرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و نوێنەرى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان تیایدا بەشداربوون.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
بەهزاد ئەحمەد

پێگەی کورد لە 47 ساڵ خەباتی پەکەکە لە تورکیا

test
ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکە. فۆتۆ: AP

نزیکەى نیو سەدە لەمەوبەر کاتێک پارتی کرێکارانی کوردستان دامەزرا و خەباتی چەکداریی دەستپێکرد، پێگەی کورد لە تورکیادا بە قۆناغێکی پەراوێزخستنی سیستماتیک و چەوساندنەوە و نکۆڵیکردن لە بووندا تێدەپەڕی.

دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی بەتورککردنی کوردی پەیڕەو دەکرد و شوناس و زمان و کولتووری کوردی سەرکوت دەکرد.

کورد لە نوێنەرایەتیی سیاسیی دووردەخرایەوە و هەر جۆرە دەربڕینێکی ناسنامەی کورد، تەنانەت گفتوگۆکردنیش بە زمانی کوردی، بە تاوان دادەنرا.

لە پەرلەمان و دامودەزگاکانی دیکەی دەوڵەتی تورکیادا، بە کردەوە هیچ شوێنێک بۆ کورد نەبوو بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی.

پەکەکە وەک وەڵامێک بۆ ئەم نکوڵیلێکردنە سەریهەڵدا، بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و جیابوونەوە لە تورکیا، لە رێگەی خەباتی چەکدارییەوە و لە ژێر ئاڵای رزگاریی نیشتمانیدا، ئەو خەباتەی، کە ئێستا دامەزرێنەرەکەی دەڵێت، ئامانجە سەرەکییەکەی بەدیهاتووە و ماوەی خەباتی چەکداریی بەسەرچووە.

عەبدوڵا ئۆجالان، دامەزرێنەری پەکەکە لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئێستا دان بە بوونی گەلی کورددا نراوە و لەم سۆنگه‌یه‌وه‌ ئامانجە سەرەکییەکە بەدیهاتووە، کە دەڵێین ماوەی بەسەرچووە، بەم مانایەی، ئه‌وه‌ی، کە دەمێنێتەوە به‌ دووباره‌یه‌كی لە رادەبەدەر و گرێکوێرە هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت".

هەرچەندە لەقۆناغی ئێستادا تاڕادەیەک لە تورکیا دان بە بوونی گەلی کورددا نراوە، هەنگاوەکانی بەشداریی سیاسی و دانپێدانانی کولتووری دەستیپێکردووە، میدیا و پەروەردە بە زمانی کوردی تاڕادەیەک رێگەپێدراوە و نوێنەرایەتیی سیاسی لەڕێگەی پارتەکانی نزیک لە کوردەوە بوونیان هەیە.

بەڵام راپۆرتی رێکخراوە مرۆییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هێشتا سەرکوتکردن، لابردنی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان و دانانی قەیووم و زیندانیکردنی سیاسەتمەداران و چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی کورد لە تورکیا بوونی هەیە.

جگە لەوەش دەوڵەتی تورکیا داواکارییەکانی کورد لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی و مافە کولتوورییەکاندا بە هەڕەشە بۆ سەر یەکێتیی نەتەوەیی لێکدەداتەوە.

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دوایین پەیامی ڤیدیۆیی خۆیدا ئامانجی بنەڕەتیی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆوە، لە خەباتی چەکدارییەوە بە چارەسەری دیموکراتییانە لە رێگەی سیاسی و یاساییەوە گۆڕییەوە، ئەمەشی وەکو دەستکەوتێکی مێژوویی لێکدایەوە، پرۆسەیەک، کە پارتی کرێکارانی کوردستان بە "ئاشتی و دیموکراتی" و دەسەڵاتدارانی تورکیا بە "تورکیای بێتیرۆر" ناویدەبەن.

عەبدوڵا ئۆجالان، دامەزرێنەری پەکەکە گوتیشی، "ئەمە گواستنەوەیەکی خۆبەخشانەیە لە قۆناغی خەباتی چەکدارییەوە بۆ قۆناغی دیموکراتییەتی سیاسی و یاسایی، نابێت ئەمە بە دۆڕان هەژماربکرێت، بەڵکو دەستکەوتێکی مێژووییە".

لەکاتێکدا پێشکەوتن لە داننان بە شوناسی کورددا لە تورکیا بەدیهاتووە، بەڵام رێگای یەکسانی و ئاشتەوایی تەواو لە تورکیادا پڕە لە بەربەستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هێشتا دۆزی کورد لە باکووری کوردستان بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، ویستى ئەم پرۆسەیەش، کە نزیکەى شەش مانگە دەستیپێکردووە، بۆ لابردنى بەربەستەکانە.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
دانیار فاروق

ئایشەگوڵ دۆغان: ئەوانەی چەکیان داناوە پێویستە دەرفەتی سیاسەتیان پێبدرێت

test
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دەم

لە شوێنی چەکدانانى گرووپێک لە ئەندامی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دەم بە کەناڵ8 رایگەیاند، پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگە و نابێت کەس ئەم هەنگاوە نادیدە وەربگرێت.

ئایشەگوڵ دۆغان رایگەیاند، ئەو ئەندامانەی پەکەکە پاش چەکدانان گەڕانەوە بۆ شاخ و  راشیگەیاند، ئەو ئەندامانەی پەکەکە ناوی گرووپی کۆمەڵگەی ئاشتیی دیموکراتیان وەرگرتووە، بۆیە پێویستە رێڕەوى یاسایی و سیاسیی بۆ ئەو گرووپە لە تورکیا بکرێتەوە.

گوتەبێژی پارتی دەم دەشڵێت، "سەرەتا دەمەوێت خواستی خۆم دەرببڕم، کە رەنگە بە باشی بەرەوپێش بچێت، کە درێژەی ئەم لێدوانە و ئەم کارە دیموکراسییە کە خۆیان بەم شێوەیە ناویان ناوە و ئەمڕۆ دەیانگوت، ئێمە لێرە چالاکییەکی دیموکراسی ئەنجام دەدەین، چەکەکانمان لەناو دەبەین، بە ئارەزووی خۆمان، چەکەکانمان لەناودەبەین، ئەم خاڵانە زۆر گرنگن، نابێت کەس ئەم هەنگاوە مێژووییە بە بچووک وەربگرێت، پێویستە هەموو لایەک بزانن، کە شایەتحاڵی ئەم هەنگاوە مێژووییە بووین".

ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەکرد، "بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکە رایگەیاند، چی پێویستە؟ روونە کە ئەوان ئەمڕۆ چەکەکانیان سووتاند و گەڕانەوە بۆ شاخ، لە کاتی پێویستدا باس لە سیاسەتی دیموکراسی دەکەین بۆ ئەوەی بنەمایەکی یاسایی بۆ ئەو ئەندامانە دابنرێت کە چەکەکانیان دانا، بۆ ئەمەش ​​دەڵێم، بەهۆی قورسایی ئەم کارە، نابێت هیچ کات بەفیڕۆ بدرێت، یاسا و ڕێساکان دەستکاری بکرێت، ئەگەر ئەم کەسانەی تاوەکو ئێستا بە چەک شەڕیان کردووە و گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە، وەک لە بەیاننامەکەیاندا گوتوویانە، دەیانەوێت لە دوای ئەمڕۆوە بە میتۆدی دیموکراسی سیاسەت بکەن، ناوێکی نوێیان بۆ خۆیان ناوە، لە دوای بانگەوازی 27ـی شوبات، ئەو بانگەوازەی رێبەری رێزدار ئۆجەلان کردبووی، ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بوو، ئەمڕۆ خۆیان ناویان ناوە گرووپی کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتی، بۆ ئەو گرووپەش رێگای یاسا و دیموکراسی و رێگای سیاسەت لە تورکیادا بکرێتەوە".

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
کەناڵ8

مەسعود بارزانى: لە هەلومەرجێکی گونجاودا سەردانى ئۆجەلان دەکەم

test
مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان . فۆتۆ: ئەژمارەی بارەگای بارزانی

مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، لە هەلومەرجێکی گونجاودا سەردانى عەبدوڵا ئۆجەلان دەکات و لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی چارەسەریی ئەوەی لەتوانایدا بێت درێخی ناکات.

بارەگاى بارزانى لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە سەڵاحەدین پێشوازیی لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد و رایگەیاند، ئەو هەنگاوانەی لە پرۆسەی ئاشتیدا گیراونەتەبەر هەنگاوی گرنگن بە ئاڕاستەی دروست.

راشیگەیاند، پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە پشوودرێژی و وردبینی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی باش، 10 ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ و بە شەڕ و توندوتیژی کێشەکان چارەسەر ناکرێن و دەبێت پشت بە خەباتی سیاسی و دیالۆگ و یەکترقبوڵکردن و دیپلۆماسی ببەسترێت.

بارزانی ئاماژەشی بەوەشکردووە، لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەوەی لە توانایدا بێت درێخی ناکات.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، شاندەکە داوایان لە مەسعود بارزانی کردووە، بەردەوام بێت لە رۆڵی لە پاڵپشتیکردنی ئەو پرۆسە مێژووییە لە قۆناغە جیاجیاکاندا.هەروەها وێڕای گەیاندنی پەیام و داواکەی ئۆجەلان، داواشیان کرد، سەردانی ئۆجەلان بکات.

بارەگاى بارزانى دەشڵێت، مەسعود بارزانى لەبارەى داواکاریی شاندەکە بۆ سەردانی ئۆجەلان رایگەیاندووە، لە هەلومەرجێکی گونجاودا سەردانەکە ئەنجام دەدات. مەسعود بارزانی داواشی کردووە، هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پاڵپشتیی پرۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە تورکیا بکەن.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێستا کاتی ساڕێژکردنی برینەکان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە

test
بافڵ جەلال تاڵەبانی و شاندی پارتی دەم لە دەباشان

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیی لە شاندی باڵای پارتی دەم کرد و رایگەیاند، ئێستا کاتی ساڕێژکردنی برینەکان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە باکووری کوردستان و تورکیا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) کرد، کە پێکهاتبوون لە تولای هاتیمئۆغولاری ئۆروچ، هاوسەرۆکی پارتی دەم؛ کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان؛ سەرهات ئەرەن و مەهمەت کاماچ، پەرلەمانتارانی پارتی دەم.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەکەدا بە گەرمی پێشوازیی لە چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد و وتی، "ئێستا کاتی ساڕێژکردنی برینەکان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە باکووری کوردستان و تورکیا، کە لە ئاشتی و پێکەوەژیان پێکهاتبێت".

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، وەک چۆن سەرۆک مام جەلال ئەندازیاری سەرەکیی پرۆسەی ئاشتی بوو و بۆ یەکەمجار دەرگای گفتوگۆی لەنێوان قەندیل و ئەنقەرەدا کردەوە، ئێمەش لەسەر رێبازەکەی بەردەوامین".

شاندەکەی پارتی دەم سەرەڕای سوپاس و پێزانینیان بۆ رۆڵی ئەرێنی و پشتیوانییە بەردەوامەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راشیانگەیاند، یەکێتی بەشێکی گرنگە لە سەرخستنی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی و دوایین پەرەسەندنەکانیشیان خستەڕوو.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
دانیار فاروق

قوباد تاڵەبانى: ئەمڕۆ سلێمانى مێژووى تۆمار کرد

test
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان - کەناڵ8

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە بارەى یەکەم پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لەسنووری سلێمانى رایگەیاند، ئەمڕۆ سلێمانى مێژووى تۆمار کرد.

قوباد تاڵەبانى، لە پەڕەى فەرمى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک، راگەیەندراوێکى لە بارەى چەکدانانى پەکەکە، بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکرد، پەکەکە لە پێگەیەکى بەهێزەوە وەک بەشێک لە دەستپێشخەرییەکى گەورە بۆ ئاشتى چەکەکانیان لەناوبرد.

قوباد تاڵەبانى، ئاماژەى بەوەشکردووە، سلێمانى وەک شارێک کە بە دروستکردنى پرد و چارەسەرکردنى ناکۆکى لە رێى دیالۆگەوە ناسراوە، ئەمڕۆ ئەم رۆڵەى خۆى زیاتر بەرجەستە کرد.

هاوکات، ئەوەشى خستووەتەڕوو، بە ئومێدێکى قووڵەوە بۆ ئاشتى و دیموکراسى بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنى ئەم پڕۆسەیە.

 ئەمڕۆ هەینى، 11ى تەمموزى 2025، بەشێک لە ئەندامانی پەکەکە لە سەر داوای رێبەرەکەیان و کۆنگرەی حزبەکەیان لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری سلێمانی چەکەکانیان لە ناو برد.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
کەناڵ8

ناوی ئەو ئەندامانەی پەکەکە ئەمڕۆ لە سلێمانی چەکەکانیان لەناوبرد

test
وێنەیەکی ئەندامانی پەکەکە کە ئەمڕۆ چەکەکانیان لەناوبرد. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

بەسێ هۆزات

ناو و پاشناو: هۆلیا ئۆران

ناوی دایک: گەییک ئۆران

ناوک باوک: حەسەن ئۆران

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: دێرسم – هۆزات 1978

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 1994

***

بەهزاد چارچەل

ناو و پاشناو: نەدیم سەڤەن

ناوی دایک: رەحیمە

ناوک باوک: عەلی

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: جۆلەمێرگ 1968

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 1990

***

تێکۆشین ئۆزان

ناو و پاشناو: ئەسمان ئایاز

ناوی دایک: فەخرییە

ناوک باوک: سەبری

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: میدیاد 1973

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 1992

***

تەکین موش

ناو و پاشناو: محەمەد دەمیرئەر

ناوی دایک: پەریزادە

ناوک باوک: جەمشید

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: موش – بولانک 1965

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 1989

***

شیندا ماردین

ناو و پاشناو: فاتیمە یڵدرم

ناوی دایک: حەلیمە

ناوک باوک: حسێن

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: ئەدەنە 1978

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 1993

***

شیار دێرسم

ناو و پاشناو: عادیل باشکن

ناوی دایک: دیلیف

ناوک باوک: حسێن

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: دێرسم 1972

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 1998

***

ئیرماک لادین دیرەن

ناو و پاشناو: بەسیمە گورارسلان

ناوی دایک: خەدیجە

ناوک باوک: حەسەن حەیدەر

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: ئەلبیستان 1985

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2001

***

فایەق باران

ناو و پاشناو: مستەفا چاکر

ناوی دایک: زولەیخا

ناوک باوک: بەرجەس

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: روحا - پرسوس

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2011

***

سەردار باوەر

ناو و پاشناو: ئەدهەم کلچ

ناوی دایک: وەسیلە

ناوک باوک: عادل

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: ئامەد – فارقین 1996

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2012

**

عادل نەفەل

ناو و پاشناو: ئوزهان جەیهان

ناوی دایک: سونیا

ناوک باوک: موهاجیر

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: وان – ئەرجیش 1986

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2028

***

خەبات پەنابەر

ناو و پاشناو: حسێن ناس

ناوی دایک: بەسنا

ناوک باوک: عەلی

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: سێرت 1991

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2014

***

جاندا مزگین

ناو و پاشناو: مزگین سۆنمەز

ناوی دایک: سەڤە

ناوک باوک: رەمەزان عەبدوڵا

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: ئیدل – شرنەخ 1998

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2014

***

لیلاڤ ئازادی

ناو و پاشناو: روناهی ئەڕۆل

ناوی دایک: هەیبەت

ناوک باوک: جەودەت

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: وان 2000

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2015

***

زەمیان دەنیز

ناو و پاشناو: کەزیبان سەکمەن

ناوی دایک: زاهیدە

ناوک باوک: محەمەد

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: وان – ئەرجیش 1995

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2013

***

ئاخین زانا

ناو و پاشناو: قیمەت کۆرکماز

ناوی دایک: فاتیمە

ناوک باوک: سلێمان

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: بەتلیس – خیزان 2001

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2015

***

بێریتان بۆتان

ناو و پاشناو: زەینەت ئۆز

ناوی دایک: ئەلیف

ناوک باوک: ئیبراهیم

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: جزیر 1999

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2013

**

دلژین روکەن

ناو و پاشناو: شەریفە تەکین

ناوی دایک: هەدیە

ناوک باوک: محەمەد

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: شڕنەخ – هەزەخ 1997

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2015

***

جانفەدا باهۆز

ناو و پاشناو: ئاخین تۆپراک

ناوی دایک: ئەمینە

ناوک باوک: ئەشرەف

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: ئامەد - 1991

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2009

***

باوەڕ روناهی

ناو و پاشناو: هاکان ئایدن

ناوی دایک: گولیزار

ناوک باوک: رەزا

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: موش 1992

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2015

***

مەهدی ئاکیف

ناو و پاشناو: تاجەدین ئیشیک

ناوی دایک: کومرو

ناوک باوک: میرزا

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: وان - 1978

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 1994

***

هەمزە بۆتان

ناو و پاشناو: ئەرگین تان

ناوی دایک: هەیفخان

ناوک باوک: عەبدولحەلیم

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: وان 1989

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2014

***

عەلیشێر کۆچگری

ناو و پاشناو: سەرکان ئۆزگەن

ناوی دایک: سرما

ناوک باوک: سەبری

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: سێواس - 1982

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 1999

***

ئامەد سیپان

ناو و پاشناو: فورات ئیشلەیەن

ناوی دایک: سەرایی

ناوک باوک: موشاک

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: وان 1994

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2014

***

باوەڕ جیلۆ

ناو و پاشناو: ئەرۆڵ داشدەلەن

ناوی دایک: گولتەن

ناوک باوک: عادل

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: جۆلەمێرگ – گەڤەر 1995

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2019

***

کەنداڵ ئەگید

ناو و پاشناو: عیزەدین ئەرسۆی

ناوی دایک: شەریفە

ناوک باوک: حەسەن

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: شرنەخ - 1989

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2013

***

هێڤی ئۆزاڵپ

ناو و پاشناو: یشیم یالچنتاش

ناوی دایک: گوڵستان

ناوک باوک: قاسم

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: وان 2000

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2014

***

ئارین هەبوون

ناو و پاشناو: ئاریا تۆکای

ناوی دایک: وەسیلە

ناوک باوک: رەزان

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: نسێنین 2000

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2014

***

عەزیمە چیا

ناو و پاشناو: بەهات دەلیجی

ناوی دایک: عەزیمە

ناوک باوک: رەفعەت

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: موش 1993

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2014

***

بژی ستێرک ئامەد

ناو و پاشناو: شیندا ئۆیونلو

ناوی دایک: دلبەر

ناوک باوک: محەمەد

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: ئامەد 2004

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2020

***

بەنگین روناهی

ناو و پاشناو: ئەمینە ئەکین

ناوی دایک: دەوران

ناوک باوک: محەمەد

شوێن و ساڵی لەدایکبوون: ئامەد 2000

ساڵی بەشداری لە ریزەکانی پەکەکە: 2024

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
بەهزاد ئەحمەد

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە دەکەین

test
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵ8ـی رایگەیاند، ئەوان پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە دەکەن و لەنزیکەوە چاودێریی دوایین پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلانیان کردووە، کە بە ئاشکرا داوای لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە چەکەکانیان دابنێن.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵ8ـدا سەبارەت بە بۆچوونیان لەسەر سووتاندنی چەکەکان لەلایەن 30 ئەندام و سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، دەڵێت: "ئەمریکا پارتی کرێکارانی کوردستان بە رێکخراوێکی "تیرۆریستی" دەزانێت، بۆیە هەر هەنگاوێک بۆ چەکدانان و نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە، هەنگاوێکی پێشوازی لێکراوە".

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
کەناڵ8

بافڵ جەلال تاڵەبانی: چەکدانانی ئەندامانی پەکەکە لە سلێمانی هەنگاوێکی مێژووییە

test
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی چەکدانانی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکە لە سلێمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاندووە، "چەکدانانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی هەنگاوێکی مێژووییە، بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە باکووری کوردستان و تورکیا لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوەڕی تەواوی بەوە هەیە کە خوێنڕشتن کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و ئێستا سەردەمی بێدەنگکردنی چەکەکان و چوونە سەر مێزی گفتوگۆیە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی هەموو لایەک".

لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە، "ئێمە لە کاتێکدا لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام دەبین، شانازیش دەکەین بەوەی کە ئەو بناغە ئاشتییەی یەکەمجار سەرۆک مام جەلال دایڕشت ئەمڕۆ جێبەجێ دەکرێت".

هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە، "هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پتەوکردنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبێت".

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
عەدنان ئەحمەد

بەسێ هۆزات: پێویستمان بە هەمواری یاسایی و دەستووریی هەیە

test
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان "کەجەکە"

 بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان "کەجەکە" لە رێوڕەسمی چەکدانانی یەکەم گرووپی پەکەکەدا و پێش ئەوەی چەکەکانیان بسوتێنن رایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بە سەرکەوتن و ئەنجام بگات، پێویستە چاکسازیی یاسایی جددی بکرێت.

هۆزات، کە یەکێکە لە سەرکردە باڵاکانی پەکەکە و دواتر چەکەکەی سوتاند، گوتیشی "بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، پێویستە هەمواری یاسایی و دەستووریی بکرێت".

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان لەوبارەیەوە گوتی " بێگومان بۆ سەرکەوتنی ئەم دەستپێشخەرییە مێژووییە، پێویستمان بە ریفۆرم و چاکسازیی یاسایی جدیی هەیە. پێویست بە دانان و هەمواری یاسایی و دەستوریی هەیە، ئەوانە پێویستیی جددین بۆ ئەوەی پرۆسەکە بگات بە سەرکەوتن. ئێستا ئێمە بە شایەتیی هەمووتان، چەکەکانمان لەناودەبەین."

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
رۆزا حیسام

نێچيرڤان بارزانی: پێشوازى له‌و هه‌نگاوه‌ى ئه‌مڕۆى پەکەکە بۆ چەکدانان دەکەين

test
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رايگەياند، پێشوازى له‌و هه‌نگاوه‌ى ئه‌مڕۆى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) بۆ چه‌كدانان ده‌كه‌ين، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكى ديكه‌ى گرنگ و دڵخۆشكه‌رى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى بوو.

نێچيرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەيەندراوێکدا بڵاويکردەوە، دڵنيان ئه‌م هه‌نگاوه‌ پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌باته‌ قۆناغێكى نوێوه‌ و هه‌نگاوى ديكه‌ى كرده‌يى به‌دوادا دێت كه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌يه‌كى دروستدا ده‌باته‌ پێشه‌وه‌.

راشيگەياند، به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ ته‌واوى پابه‌ندييان به‌ به‌رده‌وامی و پشتيوانى  بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى دووپاتده‌كه‌نه‌وه‌، له‌م پێناوه‌دا وه‌ك هه‌ميشه‌ ئاماده‌ن بۆ پێشكه‌شكردنى هه‌موو يارمه‌تى و ئاسانكارييه‌كى پێويست و جێبه‌جێكردنى هه‌ر ئه‌ركێك کە بكه‌وێته‌ سه‌ر شانيان.

سەرۆکی هەرێم دەشڵێت "پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ كاتێكدايه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ قۆناغ و دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت و له‌ گشت لايه‌ك ده‌خوازێت هه‌موو هه‌وڵ و كۆششێك له‌پێناو سه‌رخستنى ئاشتيدا بده‌ن، له‌ ئاشتيدا هه‌مووان براوه‌ن و سه‌ركه‌وتنى ئاشتى، خزمه‌ت به‌ توركيا و ته‌واوى ناوچه‌كه‌ و هه‌موو لايه‌ك ده‌كات".

لە دەقی راگەيەندراوەکە نێچيرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە "سوپاس و پێزانين و ده‌ستخۆشييان بۆ جه‌نابى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان و ده‌ستپێشخه‌رى و پشتگيرى و هه‌وڵكانى بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى، دووپاتده‌كه‌نه‌وه"‌.

باس لەوەشدەکات، هەروەها به‌ رێزه‌وه‌ له‌ رۆڵى به‌ڕێزان باخچه‌لى و ئۆجەلان و هه‌موو ئه‌وانه ده‌ڕوانن‌ كه‌ كار له‌پێناو سه‌رخستنى ئاشتيدا ده‌كه‌ن.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
عەدنان ئەحمەد

ئاکپارتی: بە یەکەم پرۆسەی چەکدانان چووینە قۆناغێکی گرنگی پرۆسەکە

test
عومەر چەلیک گوتەبێژی ئاکپارتی فۆتۆ: AA

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، بە چەکدانانی پەکەکە، پرۆسەکە چووە قۆناغێکی گرنگ و پێویستە چەکدانان بە زووترین کات تەواو بکرێت.

عومەر چەلیک، لەبارەی چەکدانانی یەکەم گرووپی پەکەکە رایگەیاند، "بۆ گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، چووینە قۆناغێکی گرنگ و پێویستە چەکدانانی تەواویی لق و پێکهاتە نایاساییەکانی پەکەکە، لە زووترین کاتدا تەواو بکرێت."

چەلیک دەڵێت، چەکدانانی یەکەم گرووپی پەکەکە، یەکەم هەنگاوی پەکەکەیە لە چوارچێوەی پرۆسەی چەکدانان.

گوتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پرۆسەکە کە پرۆژەی دەوڵەتە، دامەزراوە دیپلۆماسی و هەواڵگرییەکانی تورکیا بە وریاییەوە مامامەڵە دەکەن، تاوەکو پرۆسەکە رووبەڕووی هیچ تێکدان و شکستێک نەبێتەوە.

چەلیک باسی لەوەشکردووە، "بە گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، هەرێمێکی بێ تیرۆر دێتەئارا."

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
عەدنان ئەحمەد

باخچەلی: پەکەکە پابەندی بەڵێنی چەکدانان و بانگەوازی رێبەرەکەی بوو

test
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا

دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، پەکەکە پابەندی قسەی ئۆجەلان بووە و بە کۆتاییهاتنی پرۆسەی چەکدانانیش، کۆتایی بەو ساتە ناخۆشانە دێت، لە رابردوودا روویاندا.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پاش چەکدانانی یەکەم گرووپی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری سلێمانی رایگەیاند، تورکیا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو قۆناغێکی پڕ لە ئومێد و نوێ دەچێت.

باخچەلی لەو راگەیەندراوەشدا وشەی تیرۆریستی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان بەکارنەهێناوە و دەڵێت، پەکەکە پابەندی بانگەواز و قسەی رێبەرەکەی بووە، پابەندی بەڵێنی چەکدانان بووە و هەستی بە مەترسییە ناوچەیی جیهانییەکان کردووە.

سەرۆکی مەهەپە، سیاسەتی پارتی دەم لەبارەی پرۆسەکە بە بەرپرسیارانە ناو دەبات و دەڵێت، پارتی دەم بە دڵسۆزانەوە، پابەندی پرۆسەکە بووە و هەڵوێست و لێدوانەکانیان، لە جێگەی خۆیدا بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەکە کە بۆ داهاتوویەکی پر لە ئومێدە، بە هەنگاوی درووستەوە بەرەوپێشەوە دەچێت و بە کۆتاییهێنان بە پرۆسەی چەکدانانیش، کۆتایی با ساتە ناخۆشەکان دێت.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
رۆزا حیسام

محەمەد پێنجوێنی: بەمزووانە عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد دەکرێت

test

محەمەد ئەمين پێنجوێنی، سیاسەتمەدارى کورد و بەشداربووى رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە بە کەناڵ8ـی راگەياند، بەمزووانە عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد دەکرێت و لە شوێنێکی تايبەت دادەنرێت و دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا بکات.

دەشڵێت "لەبەرامبەر ئەم رێوڕەسمەدا تورکيا بەڵێنیداوە کۆمیسيۆنێک لە پەرلەمانی تورکيا دروستبکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکيا".

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
سامیا حەسەن

30 ئەندامى پەکەکە بەشداربوون لە پرۆسەی چەکدانان

test

ئەمڕۆ یەکەم گرووپى پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتى جاسەنە چەکەکانیان دانا.

لە رێوڕەسمی دانانی چەکەکانیاندا،  30 چەکداری پەکەکە کە ژمارەیەکیان سەرکردەی ئەو حیزبە بوون، بەشدارییانکردووە.

رێوڕەسمی دانانی چەک و پاشان سووتاندنیان لەلایەن ئەو گرووپەی پەکەکە، لە ئەشکەوتی جاسەنە لە نزیک شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
سامیا حەسەن

میدیای فەرمیی ئێران باس لە چەکدانانی پەکەکە دەکات

test

پاش زیاتر لە 40 ساڵ خەباتی چەکداری، ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەمموز پارتی کرێکارانی کوردستان بە فەرمی پرۆسەی ئاشتییان لەگەڵ ئەنقەرە دەستپێکرد و میدیای فەرمیی ئێرانیش بە مانشێت و شێوازی جیاواز باسیان لە پرۆسەکە کرد.

میدیایی فەرمیی و ئاژانسەکانی فارس و سەداوسیمای ئێران بە مانشێتی چەکدانانی پەکەکە بە فەرمی دەستیپێکرد، نووسیویانە، چەکدانانەکە بە چەند قۆناغێکە، سەرەتا چەند ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستان بەشێوەی رەمزی چەکەکانیان دادەنێن، دواتر چاوەڕێدەکرێت، لە چەند مانگی داهاتوو ئۆپراسیۆنی دانانی چەک بە تەواوی کۆتایی بێت.

ئاژانسی هەواڵی میهری ئێران بە مانشێتی چەکەکانی پەکەکە لە بناری قەندیل دەسووتێندرێن، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک وێنە نووسیویانە گرووپێکی پەکەکە چەکەکانیان دەسووتێنن.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
کەناڵ8

دەقی راگەیەندراوی گرووپی کۆمەڵگەی دیموکراتی لە بارەی پرۆسەی چەکدانان

test

بۆ ڕای گشتی و گه‌له‌كه‌مان

به‌ناوی گرووپی (ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی)ـیه‌وه‌ كه‌ بۆ خێراییدان به‌ پرۆسه‌ی گۆڕان و وه‌رچه‌رخانی دیموكراتی پێكهێندراوه‌؛ سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشكه‌شی ئاماده‌بووان و هه‌موو شاهێدانی ئه‌م چالاكییه‌ دیموكراتییه‌ مێژووییه‌مان ده‌كه‌ین.

ئێمه‌ی ژنان و پیاوانی شه‌ڕڤانانی ئازادی كه‌ له‌ مێژوویی جیاجیادا به‌ ئامانجی شه‌ڕكردن له‌ دژی هێرشه‌كانی نكۆڵیكردن و قڕكردنی كورد به‌شداریمان له‌ ڕیزه‌كانی پەکەکەدا كردووه‌، چه‌كمان هه‌ڵگرتووه‌ و له‌ هه‌رێم و شوێنی جیاجیا تێكۆشاوین، ئه‌مڕۆ وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ بانگه‌وازییه‌كه‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان كه‌ له‌ ڕاگه‌یا‌ندراوه‌كه‌ی به‌رواری ١٩ـی حوزه‌یرانی ٢٠٢٥ـیدا بڵاوی كردبووه‌وه‌؛ هاتووین بۆ ئێره‌. هاتنه‌كه‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای بانگه‌وازی ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ بۆ (ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی)ـی ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان و بڕیاره‌كانی ١٢ـیه‌مین كۆنگره‌ی پەکەکەیه‌ كه‌ له‌ ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایاردا ئه‌نجامی دا. وه‌ك نیازپاكی و هه‌نگاوی بڕیارداری له‌ پێناوی به‌كرداری سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی (ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی) و له‌ ئێستاشه‌وه‌ به‌ ئامانجی به‌رده‌وامیدان به‌ تێكۆشانی ئازادیی و دیموكراسیی و سۆسیالیزمیمان به‌ ڕێبازی سیاسه‌تی دیموكراتی‌ و یاسایی و هاوكات له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ركردنی یاساكانی ئێنتیگراسیۆنی دیموكراتی؛ له‌ ئامادەبوونی ئێوه‌دا به‌ ئیراده‌ی ئازادی خۆمان چه‌كه‌كه‌مان له‌ناو ده‌به‌ین.

هیوادارین ئه‌م هه‌نگاوه‌مان ببێت به‌ مایه‌ی خێر و خۆشی بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌ تایبه‌تی بۆ ژنان و گه‌نجان و بۆ گه‌لانی توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی و ئاشتی و ئازادی له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت.

پڕ به‌دڵ هاوڕاین له‌گه‌ڵ بانگه‌وازییه‌كه‌ی ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان كه‌ ده‌ڵێت: “بڕوام به‌ هێزی سیاسه‌ت و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌، نه‌ك چه‌ك. بانگه‌وازی له‌ ئێوه‌ش ده‌كه‌م ئه‌م پره‌نسیپه‌ پراكتیزه‌ بكه‌ن” و مایه‌ی شانازی و سه‌ربه‌رزییه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ هه‌ڵده‌ستین به‌ جێبه‌جێكردنی بنه‌ماكانی ئه‌م پره‌نسیپه‌ مێژووییه‌.

ده‌زانین كه‌ تا ئێستا هیچ شتێك به‌ ئاسانی و بێ قوربانی و به‌بێ تێكۆشان به‌دینه‌هاتووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو شتێك ڕۆژانه‌ به‌ قوربانی گه‌وره‌ و به‌ تێكۆشانی بێ وێنه‌ به‌ده‌ستخراوه‌. هه‌ڵبه‌ت له‌ ئێستا به‌دواشه‌وه‌ هه‌ر به‌ تێكۆشانی سه‌خت و دژوار به‌رده‌وام ده‌بێت. زۆر باش به‌م ڕاستییه‌ ده‌زانین و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ و ده‌ستكه‌وتی دیموكراتییانه‌ له‌ناخی دڵمانه‌وه‌ بڕوامان به‌ فكر و پارادایمی ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان هه‌یه‌ و متمانه‌مان به‌ خۆمان و وه‌كو كۆمه‌ڵه‌ی هاوڕێیانیش متمانه‌مان به‌هێزی هه‌ره‌وه‌زیمان هه‌یه‌.

له‌ ژینگه‌یه‌كی وه‌هادا كه‌ گوشار و تاڵانكاری فاشیستی بره‌وی سه‌ندووه‌، ناوچه‌كه‌مان؛ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بووه‌ به‌ گۆمی خوێن و گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ ژیانی ئاشته‌وایی، ئازادی و یه‌كسانی و دیموكراتی هه‌یه‌، گرنگی و ڕاست و هه‌نووكه‌یی ئه‌م هه‌نگاوه‌ مێژووییه‌مان ده‌بینین و هه‌ستی پێده‌كه‌ین.

به‌و هیوایه‌ین كه‌ هه‌موو لایه‌ك، ژنان و گه‌نجان، كرێكار و ڕه‌نجده‌ران، هێزه‌ سۆسیالیستی و دیموكراته‌كان، واتا سه‌رجه‌م گه‌لان و مرۆڤایه‌تی؛ د‌رك بە نرخ و بایه‌خی ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئاشتی و دیموكراتییانه‌یه‌مان بكه‌ن، تێبگه‌ن و ڕێزی لێبگرن.

هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ بانگ له‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ به‌رپرسن له‌ هه‌موو ئێش و ئازاره‌كانی گه‌له‌كه‌مان، ڕێز له‌ مافه‌ ڕه‌وا و نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان بگرن و پشتیوانی له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری دیموكراتییانه‌ بكه‌ن.

بانگه‌وازی له‌ گه‌لان به‌تایبه‌تی ژنان و گه‌نجان، كرێكار و ڕه‌نجده‌ران، هێزه‌ دیموكرات و سۆسیالیستییه‌كان، ڕۆشنبیر، نووسه‌ر، ئه‌كادیمیست، مافناس، هونه‌رمه‌ند و سیاسه‌تمه‌داران ده‌كه‌ین كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست له‌م هه‌نگاوه‌ مێژووییه‌مان بگه‌ن و له‌پاڵ ئێمه‌ و گه‌له‌كه‌مان بن. هه‌روه‌ها داواده‌كه‌ین بۆ ئازادی جه‌سته‌یی ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان و چاره‌سه‌ری سیاسی و دیموكراتییانه‌ی كێشه‌ی كورد چالاكانه‌تر تێبكۆشن و له‌ ئاستی جیهانیدا تێكۆشانی دیموكراتییانه‌، سۆسیال ئینته‌رناسیۆنالی و پشتگیری و پشتیوانی بكه‌ین.

بانگه‌وازیش له‌ گه‌له‌كه‌مان و سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كانی ده‌كه‌ین كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست تێبگه‌ن له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ مێژووییه‌ی ئێستا و ئه‌م پرۆسه‌ی (ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی)ـیه‌ی ڕێبه‌ر ئاپۆ ده‌ستی پێكردووه‌ و ئه‌ركه‌كانیان له‌ هه‌موو بواره‌كانی په‌روه‌رده‌یی، ڕێكخستنی و چالاكییدا به‌سه‌ركه‌وتوویی جێبه‌جێ بكه‌ن و بره‌و به‌ ژیانی دیموكراتییانه‌ بده‌ن.

زوڵم و داگیركاری كۆتایی دێت و ئازادی و هاوخه‌باتی سه‌رده‌كه‌وێت.

پرۆسه‌ی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی مسۆگه‌ر سه‌رده‌كه‌وێت.

١١ـی تەمووزی ٢٠٢٥”

گروپی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
جەبار حسین

وەزیرى پێشووترى دادى هەرێمى کوردستان: ئێستا قۆناغێکى نوێ دەستپێدەکات

test

وەزیرى پێشووترى دادى حکومەتى هەرێمى کوردستان، رێوڕەسمى چەکدانانى پەکەکە بە رۆژێکى مێژووى ناودەبات و دەڵێت: لە دواى قۆناغى شەڕ و نەهامەتى ئێستا قۆناغێکى نوێ دەستپێدەکات.

فاروق جەمیل، وەزیرى پێشووترى دادى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى راگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکى زۆر مێژووییە لە مێژووى بزووتنەوەى رزگاریخوازى گەلى کورد كە لە دواى قۆناغى شەڕ و نەهامەتى ئێستا قۆناغێکى نوێ دەستپێدەکات.

گوتیشى، دەستخۆشى لەو قارەمانانە دەکەم کە لە ماوەى زیاتر لە 40 ساڵ خەباتێکى زۆر سەختیان ئەنجامداوە لە بارودۆخێکى زۆر ناخۆشدا، و ئێستا بەهەمان قارەمانیەتى دێن بەرەوپرۆسەى ئاشتى و دەیانەوێت کێشەکەیان بەئاشتى لەسەر داواى عەبدوڵا ئۆجەلان لە رێگەى پەرلەمان و یاساوە چارەسەربکەن.

هیواشى خواست حکومەتى تورکیا و لایەنەسیاسییەکانى ئەو وڵاتە وەک بەڵێنیاندا راستگۆبن لە بەڵێنەکانیان و هەوڵبدەن بەزووترین کات چارەسەرى ئەو کێشانە بکەن لە رێگەى پەرلەمان تورکیاوە.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
جەبار حسین

عەلى حەمەساڵح: چەکدانانی پەکەکە پیشانى جیهانی دەدات کورد میللەتێکى ئاشتیخوازە

test

بڕیاردەرى رەوتى هەڵوێست، رێوڕەسمى چەکدانانى پەکەکە بە پرۆسەیەکى گرنگ و مێژوویی ناودەبات و دەڵێت: ئەمڕۆ پیشانى جیهان دەدرێت کورد میللەتێکى ئاشتیخوازە.

عەلى حەمەساڵح، بڕیاردەرى رەوتى هەڵوێست بە کەناڵ8ى راگەیاند، بێگومان پرۆسەیەکى مێژووییە و دواى نزیکەى 47 ساڵ لە خەبات و ململانێ ئەگەر نیەتەکان جدیبن، هەست دەکرێت بەراورد بە پرۆسەکانى دیکە هەنگاوى باشترى بڕیوە و ئومێد دەکرێت کۆتاى بەو شەڕە بهێندرێت.

گوتیشى، بەشێکى زۆرى شەڕەکە پەیوەندى بە باشوورى کوردستانەوە هەبووە و بەدڵنیاییەوە بەرقەراربوونى ئاشتى چەند بۆ تورکیا و باکوورى کوردستان گرنگە بۆ باشووریش هێندە گرنگە، جگە لەوەش ئەوە شتێکى سیمبولى زۆر گەورەشە کە تیایدا ئامادەبوون و پیشانى دنیایى دەرەوەش دەدرێت کە کورد میللەتێکى ئاشتیخوازە.

ئاماژەى بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا نزیکەى 10 هەزار کەس کە پەیوەستە بە کورد یان پارتى دەم یان پەکەکە، لە زیندانەکانى تورکیادان، سەربارى ئەوەش کورد دەستپێشخەرى دەکات بۆ ئاشتى و دێت وەک هەنگاوى یەکەم چەکەکانى دادەنێت، ئەوە بۆ کورد گرنگە لە دنیایى دەرەوە و بەبایەخێکى گەورەشەوە سەیردەکرێت.

لە بارەى هەڵبژاردنى سلێمانى بۆ رێوڕەسمى چەکدانانى پەکەکە، عەلى حەمەساڵح، گوتى، شتێکى گرنگە بۆ سلێمانى و رەنگە ئەوە ویستى پەکەکە خۆى بووبێت سلێمانى هەڵبژێرێت بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتى عێراق و تورکیا، جەختى لەوەشکردەوە رەنگە دواتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیامى لە بارەى رێوڕەسمى چەکدانانى پەکەکەوە هەبێت و ئەگەر پرۆسەکە ئازادکردنى عەبدوڵا ئۆجەلانى بەدواوە بێت دەچێتە قۆناغێکى زۆر گرنگەوە.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
جەبار حسین

رێوڕەسمى چەکدانانى پەکەکە بە بەشداریی میوانی ناوخۆ و دەرەوە بەرێوەدەچێت

test

شاندەکان و میوانانى بەشدار لە رێوڕەسمى چەکدانانى پەکەکە بەڕێکەوتن و بڕیارە کەمێکى دیکە لە شوێنى دیاریکراو کە پێشتر بڕیارى لەسەردراوە ئەندامانى پەکەکە چەکەکانیان دابنێن.

رێوڕەسمەکە بەبەشداریى دەیان میوانى ناوخۆ و دەرەوە بەڕێوەدەچێت و دوو شاندیش لە باکوورى کوردستانەوە بەشدارن لە رێوڕەسمەکە.

ئامادەکاریی چەکدانانی پەکەکە بە بەشداریی دەیان میدیای جیهانی و ناوخۆیی لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەدەچێت.

پەیامنێرى کەناڵ8، لە شوێنى رێوڕەسمەکە رایگەیاند، شاندێک لە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە نوێنەرایەتیى حکومەت بەشدارى لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن و لەسەر ئاستى حکومەتى عێراقیش شاندى وەزارەتى ناوخۆ و دەزگاى هەواڵگرى بەشدارن.

پەیامنێرى کەناڵ8، ئاماژەى بەوەشکرد، شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و ژمارەیەک لە حیزب و لایەنەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا بەشدارن.

ئەمڕۆ بۆ بەدەنگەوەچوونى پەیامەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان و جێبەجێکردنى بڕیارەکانی کۆنگرەى 12ـى پارتى کرێکارانى کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا ژمارەیەک گەریلا چەکەکانیان دادەنێن.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
رۆزا حیسام

پاش چەکدانانی پەکەکە پەرلەمانی تورکيا لیژنەیەک پێکدەهێنێت

test
پەرلەمانی تورکیا. فۆتۆ: AP

لە پاش رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە، لە پەرلەمانی تورکيا لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ رەخساندنی زەمينەيەکی ياسایی لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەى چارەسەرى.

تۆڕى (بى بى سى) بڵاویکردەوە، بەو پێيەی لە چەند رۆژی داهاتوودا پەرلەمانی تورکيا لە پشووی هاوينە نزيک دەبێتەوە، چاوەڕوانی هيچ بڕيارێکی کۆنکرێتی ناکرێت، بەڵام پەرلەمانتارەکان دەنگ لەسەر پێشنيازەکانی لیژنەکە دەدەن و رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکيا قسەی کۆتایی دەبێت.

پاش رێوڕەسمی چەکدانانی ئەمڕۆ، لە چەند مانگی داهاتوودا لەو خاڵانەی حکومەتی تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستانی لێيە پڕۆسەکە بەردەوامدەبێت.

بەگوێرەى زانیارییەکانى ( بى سى سى) هێشتا روون نییە چی بەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان دێت، بەڵام حکومەتی تورکيا دەڵێت، دەکرێت لەگەڵ پەرەسەندنی پرۆسەکەدا پێداچوونەوە بە بارودۆخی لە زینداندا بکرێت، بەڵام هەر ئەگەرێکی ئازادکردنی بۆ قۆناغەکانی دوایی جێدەهێڵرێت.

رۆژی چوارشەممە عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی بە کەناڵی ئێن تيڤی نزیک لە دەسەڵاتی تورکيای راگەیاند، دوای بڕيارەکەی بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە پێشبينی دەکرێت لە پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە چەند مانگێک بخايەنێت.

روونيشيکردووەتەوە، پڕۆسەکە لەلايەن ئەفسەرانی هەواڵگری و هێزە سەربازییەکانی تورکیاوە بە میکانیزمێکی پشتڕاستکردنەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
ئارام قەرەداغی

خۆبەڕێوەبەریی شنگال راگەیەندراوێکى لەبارەى پەیامەکەى ئۆجەلان بڵاوکردەوە

test
دیمەنێکی ناوخۆیی شتگال: فۆتۆ: گوگڵ

خۆبەڕێوەبەریی شنگال لەبارەی پەیامەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان و چەکدانانى پەکەکە، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و پشتیوانیی خۆى بۆ چەکدانانی پەکەکە دووپاتکردەوە، دەشڵێت، پرۆسەى ئاشتى سەرکەوتووبێت، لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانى عێراقیش دەبێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بانگەوازى نۆى تەمموزى عەبدوڵا ئۆجەلان، پرۆسەى ئاشتیی بردە قۆناغێکى نوێوە، بۆچوونیان وایە، ئەم پرۆسەیە گەورەترین کاریگەریی ئەرێنى لەسەر شنگال دەبێت.

خۆبەڕێوەبەرى شنگال، بە پێویستى دەزانێت دەوڵەتانى ناوچەکە بەتایبەت عێراق، گرنگى بە پەیامەکەى ئۆجەلان بدەن، چونکە بەسەرکەوتنى پرۆسەکە، هەموو گەلانى عێراق سوودمەند دەبن.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025
عەدنان ئەحمەد

میدیای فەرمیی تورکیا: سبەی ئەردۆغان پەیامی زۆر گرنگی دەبێت

test
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی پێشەکەشکردنی گوتارەکەی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی

میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، سبەی، ئەردۆغان چەند پەیامێکی گرنگ لەبارەی چەکدانانی پەکەکە و پرۆسەکە دەخاتەڕوو.

بەگوێرەی هەواڵێکی میدیای فەرمیی تورکیا (تەرەتە)، سبەی رۆژی شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە وتارێکیدا لە دووەمین رۆژی کەمپی ئاکپارتی کە لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت، چەند پەیامێکی دەبێت کە میدیاکە بە "زۆر گرنگ" ناویبردووە.

وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، ئەردۆغان لە وتارەکەیدا باسی جێبەجێکردنی بڕیاری چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەو پرۆسەیە دەکات، ماوەی نۆ مانگە دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ بە چەکدانانی یەکەمین گرووپی پەکەکە، قۆناغێکی گرنگ دەبڕێت.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەردۆغان لە وتارەکەیدا نەخشەڕێگەی تایبەت بە پرۆسەکە لە قۆناغی داهاتوودا دەخاتەڕوو.

بەو جۆرەش، پلانی ئاکپارتی و دەوڵەت لەبارەی قۆناغ و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پرۆسەکە روونتر دەبێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی نۆی ئەم مانگە، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی بە میدیای نزیک لە دەسەڵاتی راگەیاند، رۆژی شەممە، ئەردۆغان، وتارێکی مێژوویی دەدات و داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات، گوێ لە وتارەکەی بگرن.

نوێکراوەتەوە / 11/07/2025

لەیلا زانا: دەمانەوێت کوردستان ببێتە نموونەی ئاشتی

test
لەیلا زانا سیاسەتمەدارى کورد

لەیلا زانا، سیاسەتمەدارى کورد، پاش گەیشتنى بە هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم ئاڵۆزییانەی جیهان و ناوچە پێیدا تێدەپەڕێت دەمانەوێت کوردستان ببێتە نموونەی ئاشتی.

لەیلا زانا، ئەوەشى خستەڕوو، 100 ساڵ زوڵم لە کورد دەکرا و 100 ساڵیش کورد بێ وەستان بەرخودانى کرد، نە ئێمە لەناوچووین نە ئەوان، نە دەرفەتێکى گەورە کەوتە دەست ئێمە، نە ئەوان دەرفەتى مەزنیان دەستکەوت.

لەیلا زانا، راشیگەیاند، مام جەلال لە ساڵى 1993 لە سووریا هەوڵی پرۆسەی ئاشتی داوە و لە ساڵى 2013شدا مەسعود بارزانى هەوڵى پرۆسەى ئاشتى داوە.

 لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەیلا زانا، سیاسەتمەدارى کورد، رایگەیاند، لە ماوەى دوو ساڵى رابردوودا هەوڵى دانوساندن و گفتوگۆ بۆ پرۆسەى ئاشتى دراوە و لە ئێستادا کەس ناتوانێت بڵێت کورد نییە.

لەیلا زانا راشیگەیاند، دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەى ئاشتى ژمارەیەک یاسا لە پەرلەمان دەربچن و چەند ماددەیەکی دەستوور بگۆڕدرێن.