هۆکارەکانی هەستکردن بە شەکەتی چین؟

گران جاف 14/07/2025
د. سامان فەیلی، پسپۆڕی هەناوی
د. سامان فەیلی، پسپۆڕی هەناوی

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. سامان فەیلی، پسپۆڕی هەناوی، باسی لە هۆکارەکانی هەستکردن بە شەکەتی کرد و نیشانە ئاگادارکەرەوەکانیشی خستەڕوو.

پزیشکەکە سەرەتا باسی لەوە کرد کە کەمخەوی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەستکردن بە شەکەتی، لەگەڵ ئەوەشدا، گووشاری دەروونیش هۆکارێکی دیکەیە چونکە دەبێتەهۆی تێکچوونی خەو و تەنانەت کاتێک کەسێک کە گووشاری دەروونی هەیە و پشوودەدات، هێشتا هەست بە هیلاکی دەکات.

چەند هۆکارێکی دیکەی شەکەتی  ئەمانەن:

  • خەمۆکی
  • کەمیی ڤیتامین دی
  • کەمیی ئاسن
  • کەمیی ڤیتامین بی12
  • نەخۆشیی تەمەڵبوونی غوددەی دەرەقی

گرنگە بزانرێت کە تاوەکو راددەیەک ئاساییە کەسێک لە دۆخێکی جیاوازی ژیانیدا چەند کاتژمێرێک یان چەند رۆژێکی کەمیش هەست بە شەکەتی بکات، بەڵام ئاسایی نییە شەکەتییەکە لە هەفتەیەک زیاتر بخایەنێت.

هەروەها ئەگەر لەگەڵ شەکەتییەکەدا کەسەکە تووشی قەبزی، ئارەقکردنەوە یان تێکچوونی خەو بێت پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی هەناوی بکات.

ئەگەر کەسێکیش لەگەڵ شەکەتییەکەدا کێشی جەستەی زیادی کرد، یان تووڕەیی لەگەڵ بوو، پێویستە سەردانی پزیشک بکات چونکە هیچ یەکێک لەم حاڵەتانە ئاسایی نین و گرنگە ئەگەر نەخۆشییەک هەبێت دەستنیشانبکرێت، و دەست بە چارەسەرەکان بکرێت.

گران جاف

14/07/2025