ساڵێکی سەختی کەمئاوی چاوەڕێی ئێرانییەکان دەکات

ئاستی کەمبوونەوەی ئاو لە یەکێک لە رووبارەکانی ئێران
ئاستی کەمبوونەوەی ئاو لە یەکێک لە رووبارەکانی ئێران

ئێران وڵاتێکە، کە  29%ـى سنوورەکانی سنووری ئاوین، بەڵام گۆڕانى کەشوهەوا و کەمبوونەوەی دابارین ئاماژە بە ساڵێکی سەختی کەمئاوی بۆ ئەو وڵاتەکە دەکەن.

ئەمساڵ پێنجەمین ساڵی وشکەساڵی وڵاتەکە و دووەمین ساڵە کە کەمترین بارانبارینی لە ماوەی 57 ساڵی رابردوودا تێدا تۆمار کرابێت ئەمە دوایین داتاکانی پیشەسازی ئاوی ئێرانە.

عیسا بزورگزادە، گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران دەڵێت، بەهۆی کەمی بارانبارین، بڕی بەرهەمی ئاوی بەنداوەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 4.22 ملیار مەتر سێجا بووە، ئەوەش بە بەراورد بە ساڵی رابردوو 43% کەمترە کە 15.39 ملیار مەتر سێجا بووە.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران، ئێستاش بڕی ئاوی بەنداوەکانی ئەو وڵاتە، نزیکەی 67.23 ملیار مەتر سێجایە، کە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو 26% کەمترە.

بەنداوی ئەمیرکەبیر (کەرەج) بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە رێژەی 58% کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بەنداوی لار لە 34% و بەنداوی تاڵقان لە سەدا 32% و هەندێکی دیکەشیان بەرێژەی 40% بۆ 47% ئاویان کەمیان کردووە.

پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لە تەواوی ئەو وڵاتە 19 بەنداو هەبووە، لە دوای ساڵی 1979 تاوەکو ئێستا ژمارەی بەنداوەکانی ئێران گەیشتووەتە، زیاتر لە 200 بەنداو، توانای گلدانەوەی 21 ملیار و13 ملیۆن مەترە سێجا ئاویان هەیە.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری گەورەی لەسەر وڵاتەکە کردووە مورتەزا سدیقی، یاریدەدەری سەرۆکی بەشی تەکنیکی لە  دامەزراوەی نیشتمانیی نەخشەسازیی ئێران دەڵێت، بەشێکی زەوییەکانی وڵاتەکە دووچاری ژێرئاوکەوتن بوون بە جۆرێک ساڵانە رێژەی ژێرئاکەوتنی زەوی لەنێوان 5 بۆ 20 سانتیمەترە، ئەوەش لە کاتێکدایە ستانداردی جیهانی ژێر ئاو کەوتنی ساڵانە نزیکەی 5 سانتیمەترە.

مورتەزا سدیقی، یاریدەدەری سەرۆکی بەشی تەکنیکی لە  دامەزراوەی نیشتیمانی نەخشە سازیی ئێران لەوبارەیەوە دەڵێت، "لە ئێران هەندێک ناوچە هەن لە ساڵێکدا زیاتر لە 40 سانتیمەتر ژێر ئاو دەکەون کە ئەمەش رێژەییەکی زۆر بەرزە زۆربەی ناوچەکانیش ناوچەی شارو زەویی کشتوکاڵین کە ئەوەش کاریگەی زۆری لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی و ژێرخانی ئابووری شارەکان دەبێت هەندێک ناوچەی بەرفراوانمان هەن بەدەست ئەم دیاردەییەوە دەناڵێنن بۆ نموونە لە بەشێک لە پارێزگاکانمان تاوەکو 40٪ی رووبەری پارێزگاکە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەم دیاردەییەوە، ئێستا 254 ناوچەی ئێران وەکو ناوچەی ژێرئاوکەوتوو دەستنیشانکراون".

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکەش لە رابردوودا دانى بە قەیرانی کەمئاوییدا ناوە کە بەرۆکى وڵاتەکەى گرتووە لە رێگای تیمە تایبەتەکانی وەزارەتە پەیوەندیی دارەکان ئێستا دەیانەوێت لە رێگای پرۆژەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان و گواستنەوەی ئاو بۆ ناوەڕاستی ئێران گرفتی کەمئاوی لە وڵاتەکەیدا چارەسەر بکات.

جگە لەوەی حکومەت دوو تریلیۆن تمەنی بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرەستەکانی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو تەرخانکرد، کە 70%ـى بۆ شارەکان و 30%ـى بۆ ناوچە گوندنشینییەکان دابینکرا، بەڵام هێشتا قەیرانەکە بەردەوامە و ساڵ لەدواى ساڵیش زیاد دەکات.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە 24 کاتژمێردا هەر تاکێک لە ئێران 300 لیتر ئاو بەکاردەهێنێت، بەڵام لە پارێزگا گەورەکان زیاترە و لە تاران بۆ چەند هێندە بەرزدەبێتەوە، ساڵانەش نزیکەی 98 ملیار مەتر سێجا ئاو لە ئێران بەکاردەهێنرێت.

سێ هێندەبوونی پرۆسەى بەهەڵمبوون بەراورد بە تێکڕای جیهان و دابارینى کەمتر و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ئاماژەن بۆ سەختیی کێشەی کەمئاویی ئێران و دیاریش نییە، وڵاتەکە دەتوانێت رووبەڕووى کەمئاویی و گۆڕانى کەشوهەوا ببێتەوە یان دۆخەکە خراپتر دەبێت.