راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق: حکومەتى عێراق پێشوازى لە چەکدانانى پەکەکە دەکات
قاسم ئەعرەجى راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق و باڵیۆزى تورکیا لە عێراق کۆبوونەوە و ئەعرەجى رایگەیاندووە، حکومەتى عێراق پێشوازى لە چەکدانانى پەکەکە دەکات.
نووسینگەى راگەیاندنى قاسم ئەعرەجى راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق، ئاماژەى بەوەکرد، ئەعرەجى، لەگەڵ ئەنیڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزى تورکیا لە عێراق کۆبووەتەوە و پرسى ئاو و چەند دۆسییەیەکى هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا گفتوگۆى لەبارەوە کراوە.
ئاماژەى بەوەشکراوە، قاسم ئەعرەجى، بە باڵیۆزى تورکیاى راگەیاندووە، حکومەتى عێراقى بەسەرۆکایەتیى محمەد شیاع سوودانى، پێشوازى لە بڕیاری چەکدانانی پەکەکە دەکات، گوتووشیەتى، حکومەتى بەغداد، گرنگیى زۆر دەدات بەو دۆسییە هاوبەشانەى لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و هەوڵیش دەدەن پەیوەندییەکانیان لەسەرجەم بوارەکاندا پەرە پێبدەن.
لایخۆیەوە، باڵیۆزى تورکیا لە عێراق، جەختیکردووەتەوە، بڕیارى حکومەتى وڵاتەکەى بە زیادکردنى بڕى بەردانەوەى ئاو بە ئاڕاستەى عێراقدا، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە رێز لە بنەماکان و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەگرن.
15/07/2025