هێزە چەکدارەکانی عێراق: هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان هەڕەشەیە لە بەرژەوەندیی عێراقییەکان

كۆنفرانسی رۆژنامەوانی سەباح نوعمان، سەباح نوعمان، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق
كۆنفرانسی رۆژنامەوانی سەباح نوعمان، سەباح نوعمان، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق

گوتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق، رایگەیاند، لە چەند رۆژى رابردوودا، ژمارەیەک کێڵگەى نەوت لە هەرێمى کوردستانى عێراق، بە درۆنى بۆمبڕێژکراو هێرشیان کرایە سەر، ئەوەش بە هەڕەشەى "راستەوخۆ" بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى عێراقییەکان و دەستدرێژیکردنە سەر هەوڵەکانى دەوڵەت بۆ سەقامگیرى ناودەبات.

سەباح نوعمان، ئاماژەى بەوەکردووە، سروشتى ئەو هێرشە تاوانکارییانە و کاتى ئەنجامدانى، ئاماژەیە بۆ بوونى نیازى "پیس" کە ئامانجى تێکەڵکردنى کارتى دۆسییەکان و زیان گەیاندنە بە عێراق و دامودەزگاکانى.

سەباح نوعمان، ئاماژەى بەوەشکردووە، محەمەد شیاع سودانى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى راسپاردووە، لێکۆڵینەوەى خێرا و ورد و فراوان دەستپێبکەن بۆ دەستنیشانکردنى ئەو لایەنەى لە پشتى ئەو هێرشانەوەیە، لەگەڵ گرتنەبەرى رێوشوێنى تووند و پێویست و لێپرسینەوە لەوانەى تێوەگلاون بەبێ ئەوەى لە هیچ کەس سڵ بکەنەوە.

گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراقەوە، جەختیکردووەتەوە، حکومەتى عێراق بە سەرجەم دامودەزگاکانییەوە، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە بوونى هەڕەشە نادات زیان بە بەرژەوەندییەکانى گەلانى عێراق بگەیەنێت. دەشڵێت "بۆ پاراستنى دامەزراوەکان و پەرەپێدانى سیستمى بەرگرى رێوشوێن دەگرێتەبەر، کە رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەى ئەو کردەوانەى کە هەڕەشەن بۆ سەروەرى عێراق و گەلەکەى".

لە 24 کاتژمێری رابردوودا سێجار سنوورى پارێزگاكانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک كەوتوونەتە بەرهێرشى درۆنى، ئەمەش کاردانەوەى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى بەدواداهات.