کۆمپانیای DNO: بۆماوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتمان راگرتووە
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ (DNOـ)ی نەرویجی رایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئەم بەیانییە بۆ ماوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لە دوو کێڵگەی تاوکێ و پیشخابوور راگرت.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ (DNOـ)ی نەرویجی لە راگەیەندراوێکیدا بڵاویکردووەتەوە؛ بەهۆی سێ هێرشە درۆنییەکەی ئەم بەیانییەوە بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور راگرتووە و ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە یەکێک لە هێرشەکاندا کۆگایەکی نەوت لە تاوکێ کراوەتە ئامانج و لە کێڵگەی پیشخابووریش کۆگایەکی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان کراوەتە ئامانج.
کۆمپانیای DNO لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت؛ بەهۆی هێرشەکانەوە هیچ زیانێکی گیانی تۆمارنەکراوە و ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکرێت و کۆمپانیاکە پێشبینیکردووە؛ دوای دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەزووترین کات بەرهەمهێنان لە کێڵگەکاندا دەستپێبکاتەوە.
دژەتیرۆر لە هەولێر رایگەیاند، بەرەبەیانى ئەمڕۆ بە درۆنى بۆمبرێژکراو هێرشکراوەتە سەر هەردوو کێڵگەى نەوتى ( دى ئێن ئۆ) لە پیشخابوور و تاوکێ، لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ و کێڵگەى نەوتى هاند ئۆیڵى ئەمریکى لە شارەدێى باعەدرێ.
16/07/2025