%80 هاوڵاتییانی ئیسرائیل نەتانیاهۆ بە بەرسیارى لەهێرشەکانی حەماس دەزانن

 بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. فۆتۆ: AP
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. فۆتۆ: AP

سەنتەرێکى توێژینەوەى سەر بە رۆژنامەیەکى ئیسرائیلى، لە راپرسییەکدا دەڵێت، %80 هاوڵاتیانی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان بە بەرپرسیاری هێرشەکان بۆسەر وڵاتەکەیان دەزانن.
سەنتەری توێژینەوەی (لازار) لە راپرسییەکەدا ژمارەیەک پرسیاری ئاراستەى شەش هەزار و 375 ئیرائیلى کردووە و بەگوێرەى ئەنجامەکانى راپرسییەکەش، %80ی هاوڵاتییان، بنیامین نەتانیاهۆ، بە بەرپرسیاری هێرشەکە دەزانن و لە 8%یهاوڵاتیانیش پێیانوایە ئەو بێ تاوانە، لە 12%ـی ئیسرائیلییەکانیش نازانن کێ بەرپرسیارە.
هاوکات راپرسییەکە پرسیاری لە هاوڵاتییان کردووە، لەبارەی ئەوەی تاوەکو چەند پێیانوایە پێویستە ئیسرائیل هێرشی وشکانی بکات، 65% هاوڵاتیانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەنجامدانی هێرشەکەدان و تەنها 21% پشتیوانی هێرشەکە ناکەن و 14% بۆچوونێکی دیاریکراویان نییە.
لەدوای هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس لەژێرناوی ئۆپرایسۆنی " گەردەلولی ئەقسا" هەریەک لە هرتسی هالیفی، سەرۆکی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل، تساحی هانغبی، بەڕێوبەری ئەنجومەنی ئاسایش، تومەر بار ، سەرۆکی هێزی ئاسمانیی و ژمارەیەک وەزیرى کابینەکەی نەتانیاهۆ، بەرپرسیارێتی خۆیان لە کەمتەرخەمیی روودانی هێرشەکە راگەیاند، جگە لە بنیامین نەتانیاهۆ خۆی، کە تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتی دۆخەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
رۆژنامەی مەعاریف، رۆژنامەیەکی سەربەخۆی ئیسرائیلییە، لە ساڵی 1948ەوە بڵاودەکرێتەوە و تاوەکو ئێستا، 13 هەزار و 467 ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە.