یادێک بۆ تایەر تۆفیق؛ گەورە گۆرانیبێژی کورد

حەسەن فەلاح 1 کاتژمێر پێش ئێستا

تاهیر تۆفیق ئاوڕەحمان حەمەد شێخانی، ناسراو بە تایەر تۆفیق، ڕێکەوتی 20ـى تشرینی یەکەمی ساڵی 1987 کۆچی دوایی کردووە، یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندەکانی کورد.


تایەر تۆفیق:

  • ساڵی 1922 لە شاری کۆیە لەدایکبووە
  • لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لای "مەلای ڕەش" خوێندنی قورئانی تەواو کردووە، هەر لەوێش فێری ئەلف و بێی کوردی و عەرەبی بووە
  • ساڵی 1936 و لە تەمەنی 14 ساڵیدا، بەهرەی گۆرانیبێژیی بۆ دروستبووە
  • لەلایەن هاوپۆل و مامۆستاکانیەوە هاندراوە بۆ گوتنەوەی سروود و گۆرانییەکان

ساڵی 1945، چووەتە ڕادیۆی بەغداد و هەفتانە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر گۆرانی وتووە؛ گۆرانییەکانی "ئەی لە گورێ لە سۆرە گورێ" و بەستەی "کراس زەردێ"ی بۆ یەکەم جار تۆمارکردووە.

لە ژیانی هونەریی خۆیدا، لەژێر کاریگەریی گۆرانیبێژەکانی شاری کۆیە بووە، وەکو:

  • سێوە
  • مەلا ئەسعەد
  • ئەحمەدی حەمە مەلا

لەگەڵ بەهێزبوونی بازووی هونەرییشدا، هەوڵیداوە دەنگ و ڕێبازی تایبەتیی خۆی هەبێت و لە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە بووەتە گۆرانیبێژێکی خاوەن دەنگ و ڕێبازی تایبەت بە خۆی.

لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی تایەر تۆفیق:

  • شیرین بەهارە
  • ئەی موتریبی حەریفان
  • چەهچەهەی بولبول
  • جیهانم پشکنیوە

تایەر تۆفیق، ساڵی 1945 بووەتە سەردەستەی مەقامبێژانی سەر شانۆی ئاهەنگەکانی نەورۆز و گەلێک گۆرانی نیشتمانیی و نەتەوەیی چڕیوە.

لەماوەی ژیانیدا، شەش نامیلکە و كتێبی بۆ دەقی گۆرانییەکانی چاپكردووە، دیارترینیان كتێبی "گوڵی سەربەستیی" لەلایەن کەریم شارەزاوە پێشەکییەکەی بۆ نووسراوەتەوە.


ڕێکەوتی 20ی تشرینی یەکەمی 1987 لە تەمەنی 65 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، ڕووفاتەکەی لە شاری کۆیە لە گۆڕستانی غەریبان بەخاکسپێردراوە و هەمان ڕۆژ کراوەتە ڕۆژی هونەریی شاری کۆیە.

حەسەن فەلاح

1 کاتژمێر پێش ئێستا