مەسەدە: بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کۆبوونەوەى هەسەدە و دیمەشق لە پاریس نەکرا
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات "مەسەدە" رایگەیاند، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق لە پاریس دواکەوتووە، بەڵام ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ سەرخستنی کۆبوونەوەکان.
حەسەن محەمەد، گوتەبێژی مەسەدە، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەو شاندەی هەسەدە کە ئێستا لە فەڕەنسایە، لەسەر ئاستی باڵا سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە، هەسەدە بەگوێرەی رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، هەنگاو دەنێت، بەڵام حکومەتی دیمەشق داواکارییەکانى زیاد کردووە.
گوتیشى، لەدواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى دیمەشقى نێوان هەسەدە و حکومەت، زۆربەی خەڵک پێیان وابوو کێشەکانی نێوان هەردوولا بەیەکجاریی چارەسەردەکرێن، ئێوە دەزانن لە زۆربەی وڵاتان کە گفتوگۆکان لەبارەی کێشەکان دەکرێت، بەڵام چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان رۆژئاوا و دیمەشق پێویستى بە کاتە.
حەسەن محەمەد، باسى لەوەشکردووە، ئەو کێشانەی دەیان ساڵە لە سووریا بەردەوامن و خاکی وڵات پارچە بووە،چارەسەکردنی پێویستی بە کاتە.
گوتەبێژی مەسەدە راشیگەیاند، پێشتر تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا نامەیەکی بۆ مەزڵۆم عەبدی نارد و پێیڕاگەیاند، لایەنی کوردی بەهەڵە لە لێدوانەکانی بەرامبەر بە قۆناغی داهاتووی سووریا تێگەیشتووە، هەردوولاش لەماوەی رابردوودا لە ئوردن کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی سووریا و ناوچەکانی ژێردەستی بەرێوەبەرێتی خۆسەر و رەوشی پارێزگای سوەیدا کرد.
بەرپرسەکەی مەسەدە گووتیشى، لەکۆبوونەوەکەی ئوردندا عەبدی بە باراکی راگەیاند، لە ئێستادا کێشەکە پرسی سەربەخۆیی کورد نییە، بەڵام مەترسیی لەسەر گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەیە، پێشتر مەترسیی لەسەر کوردانی کۆبانی و عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی هەبوو، ئێستاش مەترسی هەن.
بەگوتەى حەسەن محەمەد، کۆبوونەوەکەی ئوردن زەمینەی خۆشکرد بۆ سازکردنی کۆبوونەوەی پاریس، چۆنکە فەڕەنسا لە سەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی سووریاوە رۆڵی هەبووە و ئێستاش دەیەوێت رۆڵی بەردەوامبێت.
25/07/2025