سەرپەرشتیارى پێگەی شەفافیەت: داهاتى سلێمانى تەنیا بەژمارە زیادیکردووە

 سەرپەرشتیارى  پێگەی شەفافیەت رایگەیاند، زیادبوونی داهاتى سلێمانى بەشێکى زۆرى مەقاسەیە، واتە قەرز بەقەرزە و داوادەکات ئەو بەشە لە داهات لەسەر داهاتى ناوخۆ لاببرێت.

شوان جەبار، بەڕێوەبەرى ئامارى سلێمانى و سەرپەرشتیارى پێگەی شەفافیەت بە کەناڵ8ى راگەیاند، بەرزبوونەوەى داهاتى ئەم مانگەى سلێمانى بۆ دوو ئەوەندەى داهاتى مانگى رابردوو، بەشێکى زۆرى تەنیا مەقاسە واتە قەرز بەقەرزە، دەشڵێت، بەشێک لە کارگە گەورەکان کاتێک پابەندییەکیان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ دانى هەر جۆرە رسوماتێک و حکومەتیش پابەندى هەبووە بەرامبەریان داوادەکرێت پاکتاو بکرێت و بەمەش وەک داهات ئەژمار دەکرێت لە کاتێکدا هیچ بڕە داهاتێک زیادیی نەکردووە.

گوتیشى، جۆرێکى دیکەى مەقاسە ئەوەیە داهاتەکە پارەى کاشە و دەبرێتە پارێزگایەکى دیکە دەدرێت تەنیا ژمارەکەى دەگەڕێتەوە سلێمانى و بەپێویستى دەزانێت یان مەقاسە لەداهات لاببرێت یاخود تەنیا لەسنوورى چالاکى پارێزگاکە مەقاسەبکرێت.

سەرپەرشتیارى ماڵپەڕى شەفافیەت جەختدەکاتەوە، ئەگەر مەقاسە واتە دانەوەى قەرز بەقەرز بەوشێوەى ئێستا بیت تەنیا داهات بە ژمارە زیاد دەکات.

بەگویرەى ئامارەکانى ماڵپەرى شەفافیەت، داهاتى ئەم مانگەى سنوورى پارێزگاى سلێمانى نزیکەى 119ملیار دیناربووە لە کاتێکدا 67% ئەم داهاتە مەقاسە بووە و لە 5% بەچەک بووە و تەنیا لە 28% پارى نەختینە بووە.