تووشبووانی شەکرە نابێت ئازاری شانیان پشتگوێبخەن
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. رەمەزان تەها مەحمود، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکاوی، باسی لە رەقبوونی شان کرد و هۆکار و چارەسەرەکانیشی خستەڕوو.
پزیشکەکە باسی لەوە کرد کە ئەو حاڵەتەی لە ناو خەڵکیدا بە رەقبوونی شان ناسراوە، لە بنەڕەتدا هەوکردنی پەردەی جومگەی شانە و زیاتر بەهۆی زەبری دەرەکییەوە دروستدەبێت.
بەتایبەتیش ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە و زەبر بەر شانیان دەکەوێت زیاتر دووچاری دەبنەوە، ئەم کەسانە کاتێک زەبر بەر شانیان دەکەوێت، تووشی ئازارێکی زۆری شان دەبن، بە جۆرێک شەوان ئازارەکە خەبەریان دەکاتەوە.
پسپۆڕەکە گوتیشی "چارەخواز بەهۆی ئەم ئازارەوە شانیان ناجوڵێنن، ئەمەش دەبێتەهۆی هەوکردنی پەردەی شانیان کە زیانەکانی زۆر لەو زەبرە زیاتر کە سەرەتا بەریان کەوتووە".
سەبارەت بە چارەسەرەکانی رەقبوونی شان، پسپۆڕەکە چەند رێگەیەکی جیاوازی خستەڕوو و گوتی "سەرەتا چەند دەرمانێکی ئازارشکێن پێشنیاز دەکەین و پێویستە لەگەڵ دەرمانەکاندا چارەخوازەکە چارەسەری سروشتیش وەربگرێت، ئەم دوو رێگەیە بە کاریگەرترین چارەسەری رەقبوونی شان دادەنرێن".
"لەو کەسانەی کە دەرمان و چارەسەری سروشتی گرفتەکەیان چارەسەرناکەن، دەتوانین دەرزییان بۆ بەکاربهێنین کە لە ناو جومگەکە دەدرێت، ئەگەر ئەم رێگەیەش کاریگەر نەبوو، کەسەکە پێویستە نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، و خۆشبەختانە ئێستا نەشتەرگەرییەکە لەڕێگەی ناوبینیی شانیشەوە دەکرێت".
28/07/2025