عێراق هاوردەکردنی ترێ و هەنجیری قەدەغەکرد

ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق هاوردەکردنی ترێ و هەنجیری بۆ ماوەی یەک مانگ قەدەغەکردووە و لە هەرێمی کوردستانیش باج خراوەتەسەر هاوردەکردنی هەنجیر.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە ئامادەیی وەزیری پلاندانانی عێراق و ژمارەیەک وەزیری دیکە لەوانە وەزیری دارایی، وەزیری کشتوکاڵ و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆبووەتەوە و بڕیاریانداوە بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ترێ و هەنجیر ئەوەش لەپێناو پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆ.

ئەنجوومەنەکە بڕیاریشداوە، لەبەر زۆری خواست و پێداویستی هاوڵاتییان، هاوردەی خەیار دەستپێبکاتەوە.

هاوکات رزگار حەمەخدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی گوت لە هەرێمی کوردستان قەدەغەی بەرهەم نییە بەڵکو رێژەی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە، بەجۆرێک بۆ هاوردەکردنی هەر کیلۆیەک لە هەنجیر 750 دینار باجی لەسەرە.

گوتیشی، باج تەنیا لەسەر هەنجیر نییە بەڵکو هەنار و ترێ'ش باجی لەسەرە و لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە ئەو بەرهەمانە لە ناوخۆ پێدەگات کە کۆتایی مانگی تەممووزە تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم.